ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەرمانان، بە بەشداریی نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سێمینارێک لە دوو پانێلی جیاوازدا بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی میکۆنۆس و دووهەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینا لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە شاری کۆپێنهاگ بەڕێوە چوو.
سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی رەقیب" و ڕاگەیاندنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ناو و یادی شەهیدانی کورد و کوردستان لەلایەن هاوڕێ وریا مەللاکـەوە دەستی پێ کرد .
دواتر پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دانمارک لەلایەن هاوڕێ حاتەم جەهانگیری، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ناوچەی شیلەندی دانمارکەوە پێشکەش کرا.
پانێلی یەکەمی سێمینارەکە لەژێر ناوی" دەسەڵاتە ناوەندییەکانی ئێران و ٢٠٠ ساڵ تێرۆری بێ بڕانەوە، لە باپیر ئاغاوە تا د. سەعید شەرەفکەندی" لەلایەن کاک سەدیق بابایی، نووسەر و تێکۆشەری دێرینی بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستانەوە بەڕێوە چوو.
ناوبراو لە کۆی باسەکانیدا باسی لە مێژووی تێرۆری داگیرکەران لە دژی گەلی کورد کرد و بە هێنانەوەی چەندین نموونە، باسی لەوە کرد کە دوژمنانی گەلی کورد جیا لە کوشتنی ڕێبەران و تێکۆشەرانی کورد لە تێرۆر وەکوو ڕێکار یان کەرەسەیەکیش بۆ تێکدانی یەکیەتیی نەتەوەیی لە کوردستاندا کەڵکیان وەرگرتووە.
پانێلی دووهەمی سێمینار لەژێر ناوی" بزاڤی ژینا، لووتکەی ڕزگاریی نیشتمانی" لەلایەن کاک عیرفان ڕەهنموون، نووسەر و چالاکی سیاسییەوە بەڕێوە چوو.
ناوبراو لە باسەکەیدا بە هێنانی کۆمەڵێک ئامار و زانیاری لەسەر سەرهەڵدانی" ژن، ژیان، ئازادی" لە کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێراندا، قوولایی ستراتێژی و ویستی ئازادیخوازیی ئەم بزووتنەوەیەی لە نێوان نەتەوە بندەستەکانی ئیران و فاشێزمی داگیرکەردا بۆ بەشداران ڕوون کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە فاشیزمی داگیرکەر هەموو هەوڵی ئەوە بووە خاوەندارەتی لە دروشم و ستراتێژیی ئەم بزووتنەوەیە بکات، بە مەبەستی پەراوێزخستنی ناوچەی سەرهەڵدانی شۆڕش و نەتەوە بندەستەکانی دیکە.
پەیامی کۆمەڵێک لایەنی سیاسی بۆ سێمینارەکە هاتبوون کە لە نێوئاخنی سێمینارەکەدا ئاماژە بە ناوەکانیان کرا و هاوکات کۆمەڵێک داتا و زانیاریی سەرنجڕاکێش لەسەر شۆڕشی"ژینا" لە لایەن کاک وریا مەللاک، پێشکەشکاری سێمینارەکەوە پێشکەش بە بەشداران کرا.
بڕگەی کۆتایی سێمینارەکە تەرخانکرابوو بۆ سەرنج، تێبینی و پرسیاری بەشداربووان کە لەلایەن بەڕێوەبەرانی هەر یەک لە پانیلەکانەوە وڵام درانەوە.