کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپاسنامەی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی بەڕێوەچوونی مانگرتنی خەڵکی کوردستان

11:42 - 26 خەرمانان 2724

‎سپاسنامەی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی بەڕێوەچوونی مانگرتنی خەڵکی کوردستان

خەڵکی تێکۆشەر و بەهەڵوێستی کوردستان!

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی خەرمانان ئێوەی خاوەن هەڵوێست بە بەڕێوەبردنی مانگرتن لە بەشێکی بەرچاو لە شارەکانی کوردستان جارێکی دیکە زیندووبوونی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیتان بە هەموو لایەک سەلماندوە  و پێشانتان دا کوردستان قەڵایەکی لەگیران‌نەهاتوویە و بۆ گەیشتن بە مافەکانی کۆڵنەدەرانە لە خەباتی خۆی بەردەوام دەبێ. بەم بۆنەوە ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات پڕبەدڵ سپاسی خۆڕاگری و بەردەوامیتان لە گۆڕەپانەکەدا دەکا و ماندوونەبوونیتان پێ دەڵێ.

خەڵکی خۆڕاگری کوردستان!

بەڕێوەبردنی مانگرتنەکەتان لەم ڕۆژەدا لە حاڵێکدا بوو کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەموو هێزی خۆیەوە و  بەتەواوی کوردستانی میلیتاریزە کردبوو و هەموو هەوڵێکیان دا تاکوو پێش بە بەربڵاوبوون و پەرەئەستاندنی مانگرتنەکە بگرن. ناوەندە سیخوڕییەکانی ئیتلاعات و سپای پاسداران لە چەند حەوتوو لەوەپێشەوە بە دەسبەسەرکردنی چالاکانی مەدەنی و بنەماڵەی شەهیدان لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە شکست بە تێکۆشانی ئێوە لەم ڕۆژەدا بێنن، تەنانەت لەم ڕۆژەدا ڕێگایان بە بنەماڵەی ژینا ئەمینی نەدا لە ماڵی خۆیان بێنە دەرەوە و بچنە سەر گۆڕی کچە شەهیدەکەیان. بەڵام سەرەڕای هەموو توندوتیژی و گوشارێک دیسان ئیرادەی یەکگرتوانەی ئێوە خەڵکی کوردستان بەسەر هەموو زەبروزەنگێکی کۆماری ئیسلامیدا سەرکەوت.

لە دووهەمین ساڵڕۆژی بزووتنەوەی ژینادا هەڵوێستی ئازایانە و لە مەیداندابوونی ئێوە دەرخەری ئەو راستیە بوو، کە ئەم بزووتنەوەیە هەروا زیندوویە و تا سەرکەوتنی یەکجارەکی بەسەر دیکتاتۆرانی زاڵ بەسەر کوردستان و ئێراندا درێژە بە خەباتی خۆی دەدا.

جارێکی دیکە سپاستان دەکەین و سڵاو دەنێرین بۆ ئیرادە و باوەڕی بەهێزتان.

‎سڵاو لە شەهیدانی سەر بەرزی نیشتمان و زیندانییانی سیاسی و بنەماڵە سەربەرزەکانیان.

‎سەرکەوتن بۆ بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستان.

‎ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

‎٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٣