ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٥ خەرمانانی ١٤٠٣، ڕێوڕەسمی یەکەمین ساڵیایی دامەزرانی "پارتیا وڵاتپاڕێزێن کوردستانێ"، بە بەشداریی شاندی پەیوەندییە ئێرانی و کوردستانییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری کۆپێنهاگ بەڕێوە چوو.
شاندی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی دانمارک پێکهاتبوو لە هاوڕێ ئەحمەد ڕەحمانی بەرپرسی بەشی پەیوەندییە ئێرانی و کوردستانییەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی دانمارک و دیار مەولایی کە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی پارتی ناوبراو بەشداری ئەم ڕێوڕەسمە بوون.
لە بڕگەیەی تایبەتیی ڕێوڕەسمی ساڵیادی دامەزرانی "پارتیا وڵاتپاڕێزێن کوردستانێ"دا پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دانمارک بەم بۆنەیەوە لەلایەن بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکان خوێندرایەوە.
لە بەشێک لە پەیامی کۆمیتەی حیزبدا هاتبوو : ئاڵوگۆڕە جیهانی و ناوچەییەکان بە شێوەیەکی خێرا بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی گرینگ دەخاتە سەر شانی هەموو پارت و هێزە خەباتکارەکانی کوردستان و لێیان دەخوازێ کە بە گیانێکی نەتەوەییەوە بەرەوڕووی هەر ئەگەرێک ببنەوە کە بیهەوێ ببێتە جێی مەترسی بۆ گەلەکەمان.
لەم پەیوەندییەدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە باوەڕێکی قووڵەوە بەو بەها و ئامانجە نەتەوەییانەی کە کۆمەڵەی ''ژێکاف''ی لەسەر دامەزراو و پاشان لەنێو حیزبی دێموکرات وەکوو پرێنسیبێک ئۆرگانیزە کرا، باوەڕمان وایە بۆ ڕزگاریی نیشتمان و نەتەوەکەمان لەژێر حوکمی داگیرکەرانی کوردستان پێویستە هێز و لایەنە سیاسییەکانی کورد پلاتفۆرمێکی هاوبەشی سیاسی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نەتەوەیی لە نێوانماندا هەبێت.
شایانی باسە کە نوێنەرایەتیی چەندین پارت و ڕێکخراوی کوردستانی بەشداری ئەم بۆنەیە بوون و پەیامەکانیان خوێندەوە.