ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و نوێنەرانی حیزبی خەڵکی بەلووچستان، لە مەیدانی ترافالگاری سەنتەری شاری لەندەن، بە ڕێخکستنی گردبوونەوەیەکی جەماوەری، یادی ٣٢ ساڵەی شەهیدانی میکۆنۆس و شەهیدانی مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات، هاوکات دووهەمین ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ''ژن، ژیان، ئازادی'' بەرز ڕاگیرا.
سەرەتای گردبوونەوە و خۆپیشاندانەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.
لە یەکەم بڕگەی گردبوونەوەکەدا کاوە مودەڕسی، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە بریتانیا، ڕاگەیەندراوی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی بە بۆنەی دووهەمین ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژینا بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
پاشان دوکتورهێمن سەیدی، شرۆڤەکاری سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مامۆستای زانکۆ بە زمانی فارسی لە پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی ژینا، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.
دواتر هەردوو سروودی "با بچینە سەر گۆڕی شەهیدان" و "ئەی شەهیدان" بە کۆرس لەلایەن لاوانی دێموکرات و بە هاوکاریی هونەرمەندی ژەنیار، ڕەحیم ڕەزایی ڕازێنەرەوەی بڕگەیەکی دیکەی خۆپیشاندانەکە بوو.
لە بڕگەیەکی گردبوونەوەکەدا مادێح ئەحمەدی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات لەبارەی هەر سێ بۆنەکەوە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.
پاشان ڕەحیم بەندوویی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی خەڵکی بەلووچستان، پەیامی ئەو حیزبەی بەبۆنەی یادی شەهیدانی میکۆنۆس و دووهەمین ساڵوەرگەڕی بزووتنەوەی ژینا خوێندەوە.
لە بڕگەی کۆتایی گردبوونەوەکەدا پەیامی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ، بەبۆنەوەی دووهەمین ساڵیادی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن جەمشید ئەمیرییەوە خوێندرایەوە.
نێوئاخنی ڕێوڕەسمەکە بە شێعر، پەخشان، وتنەوەی دروشمی شۆڕشگێڕانە ڕازابووە کە لەلایەن پێشکەشکاری گردبوونەوەکە شاعیر و نووسەر "شەریف فەلاح"وە پێشکەش دەکران.