ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی خەرمانان، خۆپیشاندانێک لەلایەن ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەھیدانی مووشەکبارانی بنکەکانی حیزب و شۆڕشی ژینا لە سەنتەری شاری گلاسگۆ لە سکۆتلەند بەڕێوە چوو کە سەرەتای ڕێۆڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەڕەقیب دەستی پێ کرد.
دواتر خاتوو بەھارە حوسەینزادە پەیامی ئەندامانی حیزبی بە زمانی ئینگلیسی خوێندەوە.
خاتوو بەھارە لە ناوەڕۆکی پەیامەکەیدا وێڕای باسکردن لەسەر خاتوو ژینا و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ئاماژەی بە تێرۆر و کوشتنی ڕێبەرانی سیاسیی کورد و ھەروەھا چالاکانی ژینگەیی و کولتووری کوردستان کرد کە بە شێوەیەکی سیستماتێک لەلایەن دەسەڵاتە یەک بەدوای یەکەکانی ئێرانەوە تێرۆر و شەھید کراون.
ناوبراو باسی لە سمکۆی شکاک، قازی محەممەد، دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی و ھەزاران چالاکی سیاسی و کولتوریی ڕۆژھەڵاتی کوردستان کرد و لە کۆتاییدا داوای لە ناوەندە نێونەتەوەییەکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ کرد کە گرینگی بە ژیانی کوردان بدەن.
لەم خۆپیشاندانەدا خاتوو لویزا چالاکی مەدەنی و دۆستی کوردان لە گلاسگۆ پەیامێکی خۆێندەوە.
خۆپیشاندانەکە بە وتنەوەی سروودی شۆڕشگێڕی و دروشمگەلێک بە زمانەکانی کوردی و ئینگلیسی و فارسی کۆتایی پێ هات.