کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فینلاند/ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک بەبۆنەی دووهەمین ساڵوگەڕی بزوتنەوەی ''ژن، ژیان، ئازادی''

11:56 - 27 خەرمانان 2724

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی خەرمانان، لە دووهەمین ساڵڕۆژی شەهیدکرانی ژینا و دەسپێکی بزوتنەوەی ''ژن، ژیان، ئازادی'' کوردستانییانی نیشتەجێی وڵاتی فینلاند خۆپیشاندانێکیان لە شاری هێلسینکی بەڕێوە برد.

سەرەتا لە ڕێپێوانێکی هێمنانەدا و بە هەڵدانی پلاکارد و بە وتنەوەی دروشمی تایبەت بە بزووتنەوەی ژینا، بەرەو باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی وەڕێ کەوتن.

لەم خۆپیشاندانەدا کە دەیان کەس لە کوردستانیyانی نیشتەجێی وڵاتی فینلاند تێیدا بەشدار بوون، پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن وەستا ڕەحمان خالیدنژادوە خوێندرایەوە.

لە پەیامەکەدا هاتبوو: ئەوڕۆ لێرە لە بەردەم باڵوێزخانەی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری هێلسینکی کۆ بووینەوە، بۆ ئەوەی هەم یادی شەهیدە سەربەرزەکانمان بەرز ڕاگرین و بەڵێنی درێژەدانی ڕێگا و ڕێبازی پڕ لە سەروەریان لەگەڵ نوێ کەینەوە و هەم بە چالاکییەکانمان داگیرکەرانی کوردستان بەگشتی و کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕیسوا و محکووم بکەین و ڕوخساری دژی گەلی و دژە ئینسانییان بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی زیاتر بناسێنین.

دواتر هەر لەم پێوەندییەدا کۆمەڵێک ڕێکخراو و کەسایەتی بە مەبەستی پشتیوانیی بزووتنەوەی ژینا و مەحکوومکردنی ئەم جینایەتانەی ڕێژیم پەیامیان خوێندەوە.

پەیامی فێدراسیۆنی کوردانی فینلاند لەلایەن هیوا شوانی و پەیامی ڕێکخراوە کولتووری و مەدەنییەکان لەلایەن شەهێن زادئەحمەد، هەروەها چەند وتەیەک بە زمانی فینلاندی لەسەر شۆڕشی ژینا لەلایەن وڵات نەهری پێشکەش کرا.

جێگای ئاماژەیە بەشداربووان بە وتنەوەی دروشم و سروودی نیشتمانی گڕوتینێکی زیاتریان بە خۆپیشاندانەکە بەخشی.