کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی خاتوونێکی نیشتمانپەروەر لە وڵاتی سوید

12:10 - 27 خەرمانان 2724

ڕۆژی هەینی ۲۳ی گەلاوێژ، خاتوو "نەسرین ئیراندووست" پاش ماوەیەک بەربەرەکانێ لەگەل نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

 خاتوو نەسرین هاوژینی تێکۆشەرێکی  دێرینی حیزب کاک "فەیسەڵ ئیراندووست" بوو. ناوبراو ساڵی ۱۳۳۹ی هەتاوی  لە گوندی کۆساوا لە باشووری کوردستان لەنێو بنەماڵەیەکی شۆڕشگێر و دیاری ناوچەکەدا لە دایک بوو.  

پاش بومبارانی هەڵەبجە لە ساڵی ١٣٥٣ی هەتاوی، پەڕیوەی ڕۆژهەڵات دەبن و لە ئۆردوگاکانی "نەوسوود" و "هیروێ" و "سەریاس"  و دواتر لە شاری پاوە و کرماشان دەگیرسێنەوە.

ساڵی ۱۳۵٦ لەگەل کاک فەیسەڵ ئیراندوست ژیانی هاوبەش پێک دەهێنێت و لە ناڕەزایەتییەکانی دژی دەسەڵاتی پاشایەتیدا تێکەڵ بە بەرەی شۆڕش دەبن.

ساڵی ۱۳۵۷ بەهۆی فەرمانی جیهادی خومەینی لە گوندی عەنەب سەر بە شاری هەڵەبجە دەگیرسێنەوە.

کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی دەگەڕێنەوە ناوچەی مەڕەخێڵ، کە ئەودەم ناوچەیەکی ئازادکراو بوو و لەژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا بوو، بەڵام هاوکات گەمارۆی ئابووری و نیزامیی هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری ئێران و عێراقی لەسەر بوو. خاتوو نەسرین و چەند بنەماڵەیەکی تر بۆ ژیانێکی سەربەرزانەی بەدوور لە داگیرکەران لە ئوردوگای عەنەبەوە بۆ ئەم ناوچە پڕ لە مەترسییە دەگەڕێنەوە.

 ڕێژیم لە هاوینی ۱۳٦۱ هێرشێکی بەربڵاوی کردە سەر ناوچەئازادکراوەکان. پاش مانەوەیان بۆ ماوەی شەش مانگ لەژێر ڕەهێڵەی تۆپخانەکانی ئێران و عێراقدا و گوستنەوەیان بۆ کرماشان، خاتوو نەسرین ماوەی حەوت ساڵ بەدوور لە هاوژینەکەی لەژێر چاوەدێری توندی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیدا سەربەرزانە ژیا.

ناوبراو لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی لە هەلێکدا دیسان خۆی گەیاندەوە خەباتکارانی شاخ و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بوو بە پشتیوانێکی بە ئەمەگی هاوژینەکەی۰

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.