کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمیناری یادکردنەوەی شەهیدانی میکۆنۆس لە شارەوانیی شارلوتێنبۆرگی بەرلین

00:38 - 28 خەرمانان 2724

ڕۆژی ٢٣ی خەرمانانی ١٤٠٣، بۆ یاد و ڕێزلێنان لە شەهیدانی میکۆنۆس و هاوکات یادکردنەوەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، کۆمیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سێمینارێكی بە بەشداریی چەندین لایەنی سیاسی و مەدەنیی کوردی و ئێرانی و ئاڵمانی پێک هێنا.

سەرەتای سێمینارەکە بە سروودی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێ کرد.

دواتر لەلایەن پێشکەشکارەوە ئامانجی سێمینارەکە و کورتەیەک لەسەر تێرۆری د.شەرەفکەندی و هاوڕێیانی بە دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەشداران هاتە بەرباس.

هەر لە درێژەی سێمینارەکەدا بەڕێز جێگری شارەوانیی هەرێمی شارلوتێنبۆرگ بەڕێز دێتلێف واگنێر وەک سەرپەرشتیاری كۆڕەكە، وتاری دەستپێک بەبۆنەی ساڵڕۆژی شەهیدانی میکۆنۆس پێشکەش کرا. بەڕێزیان كە سەرپەرشتیی سێمینارەکەی بە ئەستۆ گرتبوو باسی لەوەکرد کە: من زۆر خۆشحاڵم کە پێشنیاری گرتنی ئەو سێمینارەم لەلایەن کۆمیتەی حیزبەوە پێکراو و بە دڵەوە پێشنیارەکەم قەبووڵ کرد، چونکە پێم وایە ئێمە هیچکات نابێ ئەو ڕووداوە تاڵە لەبیر بکەین و وەکوو مرۆڤێکی دێموکرات و ئازادیخواز ئەو جنایەتە وەبیر خەڵکی ئاڵمان بێنینەوە و بە نەسلی تازەپێگەیشتووی وڵاتەكەمان ڕابگەیێنین كە لە شەوی ١٧ی مانگی سێپتامبری ١٩٩٢ لە شاری بێرلین چ تاوانێک ڕووی داوە.

درێژەی بەرنامەكە بەو شێوەیە بەڕێوەچوو:

ـ وتارێکی ڤیدیۆیی کاک خالید عەزیزی وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە زمانی ئینگلیزی پێکشەشی بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە کرا .

ـ بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ئاڵمان کاک سوڵتان گوڵاوی لەلایەن کۆمیتەوە وتارێکی پێشکەش کرد و لە سەرەتای وتارەکەدا سپاس و ڕێزی کۆمیتەی پێشکەش بە شارەوانی شارلوتێنبورگ و بەڕێز واگنێر جێگری شارەوانی و هەموو ئەندامانی مەجلیسی ئەو هەرێمە کرد كە دەرفەتیان بۆ کۆمیتەی ئاڵمانی حیزب پێکهێنا کە لە ساڵۆنی شارەوانی ڕێوڕەسمی شەهیدانی ۲۶ی خەرمانان بەڕێوە بچێ.

ـ بەڕێز ئۆلیڤەر شڕۆفینیگەر (Oliver Schruoffeneger) ئەندامێکی ‌تری شارەوانیی شارلوتێنبۆرگ کە بەشداری سێمینارەکە بوو وتارێکی پێشکەش کرد. بەڕێزیان باسیان لەوە کرد کە ئەو ڕووداوە تاڵەی میکۆنۆس هیچکات لەبیر ناکرێت و بووە بە بەشێک لە مێژووی ئاڵمان کە ئێمە بە بەردەوامی دەبێ کاری لەسەر بکەین.

ـ بەڕێز مەهمەت تانریڤێردی (Mehmet Tanriverdi) جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی کورد لە ئاڵمان وتارێکی پێشکەش کرد و سپاسی کۆمیتەی ئاڵمانی حیزبی کرد بۆ بانگهێشت کردنیان و دواتر بەوردی باسی لەسەر چۆنییەتیی تێرۆری هاوڕێیانی حیزبی لە بێرلین کرد و چەند داواکارییەکی ڕوو بە حکوومەتی ئاڵمان بەرز کردەوە کە بریتی بوون:

۱. بە تێرۆریستی ناساندنی سپای پاسداران لە ئاڵمان و ئورووپا.

۲. قەدەغەکردن و داخستنی ئەو بنکە و بارەگایانەی کە کاری توندڕەوی و جاسووسی بۆ کۆماری ئیسلامی دەکەن.

۳. دەرکردنی هەموو ئەو کەسانەی کە پێوەندییان بە تێرۆر و تێرۆریزم هەیە، بە تایبەت تێرۆریزمی دەوڵەتی ئێران.

لە کۆتایی قسەکانیدا پشتیوانی ئەنجومەنەکەیان بۆ خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەباتی نەتەوەی كورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووپات کردەوە.

ـ بەڕێز خاتوو سەبا فەرزان (Saba Farzan) نوێنەری حیزبی لیبراڵ لە هەرێمی شارلۆتێنبۆرگ وتارێکی پێشکەش کرد. بەڕێزیان لە وتارەکەیدا هاتە سەر سیاسەتە دژەمرۆڤییەکانی کۆماری ئیسلامی، وەکوو سەرکوتی نەتەوەکان و دەستدرێژی بۆ سەر ماف و ئازادییەکانی ژنان بەتایبەت لە سەردەمی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی.

ـ د.کەماڵ زیدۆە بە نوێنەرایەتیی کۆمەڵگەی دیفاع لەو نەتەوانە و ئایینانەی کە لەژێر هەڕەشەی لە نێوچووندان (GfbV) لە وتارەکەیدا ئامانجی کۆماری ئیسلامیی لە تێرۆری د.شەرەفکەندی و هاوڕێیانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە مەبەستی کۆماری ئیسلامی لەم تیرۆرە لە ئەساسدا تێكشکاندنی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی كورد لە ئێران و حیزبی دێموكرات بوو كە بەخۆشییەوە دوای تێپەربوونی ٣٢ ساڵ بەسەر ئەو جنایەتە، ڕێژیمی ئێران نەیتۆانی ئامانجەکەی بپێکێ چونكە شاهیدی ئەوەین كە هەم حیزبی دێموكرات بەهێز لەمیدانی خەباتدایە و شۆڕشی ژینا زیندووبوونی خەباتی نەتەوەی كوردی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانی نیشان دا.

دوكتور كەمال : بەباوەڕی ئێمە كۆماری ئێسلامی ئێران هیچ ئاڵوگۆڕێكی ئەرێنی بەسەر سیاستی خۆیدا نەهێناوە و بەردەوام درێژەی بە سیاسەتی كوشتن و بڕین داوە و لە ماوەی تەنیا ساڵێک واتە لە مانگی ئاگۆستی پارەوە تا ئێستا ٢٥٢ كوردی لە سێدارە داوە.

ـ نۆێنەری حیزبی چەپی ئێران پەیامێکی بەو بۆنەوە پێشكەشی بەشداربووان كرد

ـ بەڕێز كریستۆف مۆهڵن بێرگ بە نۆێنەراتی حیزبی چەپێ ئاڵمان لە هەرێمی بێرلین پەیامێکی پشکەشی ئامادەبووان کرد.

حیزبی چەپ لە پەیامەكەیان كە زۆر دۆستانە و هاندەرانە ڕوو بە حیزبی دێموكرات نوسرابوو، پشتیوانیی خۆیان بۆ جووڵانەوەی ڕزگاریخۆازیی گەلی كورد بەگشتی دووپات كردەوە.

ـ خاتوو شیلان كوردپوور چالاكوانی مەدەنی لە ئاڵمان پەیامێكی پێشكەش كرد . وتەكانی خاتوو شیلان لەسەر ڕووداوی شەهیدبوونی دوكتور قاسملوو كە ئەوكات منداڵێكی چوار ساڵان بوو و بەشداری خۆپێشاندانەكان بوو بۆ ئیدانەكردنی تیرۆری شەهید دوكتور قاسملوو و بیرەوەرییەكانی تا ڕووداوی میكۆنۆس، بەشێک لە بەشداربووانی سێمینارەكەی تووشی ماتەمین و گریان كرد.

لە کۆتاییدا داوا کرا لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە یاسا و دێمۆکراسیان تێدا سەروەرە ، هەموو ئەو کاربەدەستانەی ڕێژیمی کوماری ئیسلامی کە دەستیان لە تێرۆری دژبەرانی ڕێژیم لە دەرەوەی وڵات هەبوو و ئێستای دانیشتووی ئەو وڵاتانەن سزا بدرێن و دەربکرێن کە یەک لەوان سەید حوسێن مووسەویانە کە لە سەردەمی تێرۆری میکۆنۆسدا باڵیۆزی ڕێژیم لە ئاڵمان بووە و ئێستا لە وڵاتی ئامریکا دەژی و لە زانکۆی پرینستۆنی ئەو وڵاتە لەسەر کارە .

لە کۆتایدا ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزبی  بە چوونە سەر مێنومێنتی شەهیدان لتاجە گووڵینەیان دانا و عەهد و بەڵێنیان بە ڕێبازی شەهیدان دووپات کردەوە و دوای خۆێندنەوەی پیامی حیزبی لەسەر ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینا و پەیامی کاک حاجی جوندی کادر و پێشمەرگەی حیزبی لەسەر بابەتی یەکگرتوویی کۆتایی بە کاری خۆی هێنا.