کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی ماڵی کرێکار: مووچەی خانەنشینان تەنانەت بەشی خەرجییەکانی یەک حەفتەش ناکات

10:40 - 6 سەرماوەز 2726

سیاسەتە ئابوورییە شکستخواردووەکانی ڕێژیمی ئێران، گرانیی بێسنووری کاڵا و دەرمان و بەڵێنە بێکردارەکانی بەرپرسان بۆ زیادکردنی حەقدەستەکان، ژیانی کرێکاران و خانەنشینانی لە ئێران و کوردستاندا خستووەتە نێو قەیرانێکی قووڵی بژێوی و تەندروستییەوە.

محەممەدموحسن مووسەویوەند، بەرپرسی جێبەجێکاری "ماڵی کرێکار"ی لوڕستان دانی بەوەدا ناوە کە بەڵێنی پێداچوونەوە بە حەقدەستی کرێکاران لە نیوەی دووەمی ساڵدا تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە و بەرپرسان دۆخی شەڕ و پاساوی جۆراوجۆر دەکەنە بیانوو بۆ خۆدزینەوە لە زیادکردنی مووچەکان.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەرپرسانی باڵای حکوومەت بە هەڵە زیادکردنی حەقدەستی کرێکاران بە هۆکاری هەڵاوسان دەزانن، لەکاتێکدا خودی حکوومەت بە گرانکردنی باج، کارەبا، ئاو، گاز و تێچووی ڕێگاوبانەکان بووەتە هۆکاری سەرەکیی هەڵاوسان و نرخەکان بە شێوەی چرکە بە چرکە بڕستیان لە خەڵک بڕیوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە دۆخی نالەباری خانەنشینان، ئەو بەرپرسە کرێکارییە ڕایگەیاندووە کە رێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی پێبەندی یاسا نییە و تەنانەت خزمەتگوزارییە دەرمانییەکانیش بۆ خانەنشینان بێبەرانبەر نین.

بە وتەی ناوبراو، ئەو مووچەی ئێستا خانەنشینان وەریدەگرن بەشی سەرەتای مانگیش ناکات و تەنیا دەتوانێت خەرجییەکانی حەوت ڕۆژ دابین بکات، ئەمەش وای کردووە زۆربەی خانەنشینان بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان بە ناچاری ڕوو لە کاری دووەم بکەن.