لە درێژەی هێرشە تێکدەرانە و شەڕفرۆشییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکەدا، هێرشێکی دڕۆنی بۆ سەر ژێرخانە هەستیارەکانی وڵاتی کوەیت بووە هۆی کوژرانی دوو پسپۆڕی ئیتالیایی و برینداربوونی دوو کەسی دیکە و شەپۆلێک لە مەحکوومکردن و هۆشداریی توندی نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا هێنا.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئیتالیا، ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی سەرماوەزی ١٤٠٥، بە هۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی دڕۆنە تێکشکێندراوەکانی ڕێژیمی ئێران بە سەر یەکێک لە دامەزراوە هەستیارەکانی کوەیتدا، دوو تەکنیککاری مەدەنیی ئیتالیایی سەر بە کۆمپانیای پیشەسازیی بەرگریی "ڕاینمێتاڵ" (Rheinmetall) کوژران و هاووڵاتییەکی کوەیتی و هاووڵاتییەکی پاکستانیش بریندار بوون.
ئەم دوو پسپۆڕە لە چوارچێوەی تیمێکی پاراستنی ژێرخانەکان و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی "سکاینێکس" لە کەنداودا جێگیر کرابوون.
لە یەکەم کاردانەوەدا، وەزارەتی دەرەوەی کوەیت لە بەیاننامەیەکدا بە توندی هێرشە دڕۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی مەحکووم کرد و بە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی خاکەکەی، هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئەمنییەت و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارنامەی ٢٨١٧ی شۆرای ئەمنییەت لە قەڵەم دا.
کوەیت هەروەها جەختی لە مافی خۆی بۆ بەرگریی ڕەوا بەپێی ماددەی ٥١ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردەوە.
هاوکات، ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئورووپا، لە کاردانەوە بە کوژرانی ئەو دوو هاووڵاتییە ئیتالیاییە داوای زیادکردنی گوشارەکانی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران کرد تاکوو کۆتایی بەو هێرشە قەبووڵنەکراوانە بۆ سەر دراوسێکانی و هاوپەیمانەکانی ئورووپا لە کەنداودا بهێنێت.
هەر لەم پەیوەندییەدا، ئانتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتالیا، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بە شێوەی فەرمی ناڕەزایەتیی خۆی دەگەیەنێتە باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی و جەختی کردەوە کە هیچ پاساوێک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی عەرەبیی دراوسێی ئێران نییە.