کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامبوونی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان بۆ یادکردنەوەی قوربانییانی ناڕەزایەتییەکانی ١٤٠١

11:04 - 28 خەرمانان 2724

لە ٣٤ـەمین حەفتەی بەڕێوەچوونی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان، زیندانییانی ناڕازی بە سزای لەسێدارەدان لە ٢١ زیندانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە هاوکات لەگەڵ دووهەمین ساڵیادی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ١٤٠١، جارێکی دیکە لە دژی لەسێدارەدانەکان و بە یادی دەیان هاووڵاتیی ناڕازی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بەمەبەستی ترساندنی خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە سێدارە دران، مان لە خواردن دەگرن.

ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی خەرمانان، زیندانییانی ناڕازی بە سزای لەسێدارەدان، هاوکات لەگەڵ دووهەمین ساڵڕۆژی کوژرانی ژینا ئەمینی بە دەستی هێزەکانی گەشتی ئێرشادی ڕێژیم و ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ١٤٠١ لە ٢١ زیندانی ئێران مانیان لە خواردن گرت.

چالاکانی ئەم کەمپەینە، سەرەڕای مانگرتن لە خواردن لە دژی سزای نامرۆڤانە، یادی هەموو قوربانییانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ١٤٠١یان کردەوە، بە تایبەت لەسێدارەدراوانی ئەم ڕاپەڕینە و هاوسۆزیی خۆیان لەگەڵ هەموو بنەماڵە مافخوازەکان دەربڕی.

لەم بەیاننامەیەدا زیندانییانی مانگرتوو جەختیشیان لەوە کردووەتەوە کە ڕێژیمی ئێران لە دوای هاتنەسەرکاری سەرۆککۆماری نوێ زیاتر لە ١٧٠ کەسی لە سێدارە داوە و سەبارەت بە دۆخی ئەو کەسانەی لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ١٤٠١دا دەسبەسەر کراون، بەتایبەتی ئەوانەی ڕووبەڕووی مەترسیی دەرکردن و جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان بوونەتەوە هۆشدارییەکی جیددی دا.

هەروەها لەم بەیاننامەیەدا داوا لە دامەزراوە گشتییەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆیی، سیاسی، سێنفی و چالاکانی سیاسی و کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا ئازادەکان کراوە پرسی "نا بۆ لەسێدارەدان" بخەنە لوتکەی چالاکییەکانیان و بەرگری لە مافی ژیانی هاووڵاتییان بۆ گەیشتن بە ئێرانێکی ئازاد و ئاوەدان بەبێ سەرکوت و لەسێدارەدان بکەن.