ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانان، بەبۆنەی ٣٢ـەمین ساڵیادی تێرۆری شەهیدان دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لە میکۆنۆس، وێبینارێکی گشتی لە ئوسترالیا بەڕێوە چوو.
وێبینارێکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی حیزب و گەل دەستی پێ کرد.
پاشان لەلایەن بەڕێزان کاک باوە ڕەزایی و کاک زاهید کەریمی ئەندامانی حیزب لە ئوسترالیا دوو بابەت پێشکەش کرا .
کاک باوە ڕەزایی باسەکەی بە کورتەیەک لە ژیاننامەی دوکتور شەرەفکەندی و چۆنییەتیی ئاشنابوونی لەگەڵ کاک دوکتور قاسملوو و هاتنە نێو ڕیزەکانی حیزب دەست پێ کرد.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە کارایی شەخسییەتی کاک دوکتور سادق لەنێو حیزب بۆ دێموکراتیزەکردنی هەرچی زیاتری نێو تەشکیلات و هەروەها سەقامگیرکردنی عەداڵەت و ئینساف کرد و وەک ڕێبەرێکی زانا، بەڵام خاکەڕا و هاوڕێی پێشمەرگەکان باسی لێوە کرد.
پاشان کاک زاهید کەریمی ئەندامی لەمێژینەی حیزب کە دەورانێک لەگەڵ دوکتور سادق هاوکار بووە لە بابەتەکەی خۆیدا چەندین بیرەوەریی سەردەمی شۆڕش و پێشمەرگایەتیی لەگەڵ نەمر دوکتور سادق گێڕایەوە و ئاماژەی بە چەندین خسڵەتی بەرز و هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی ناوبراو کرد.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی بابەتەکەیدا ئاماژەی بە دڵسۆزی و هاوخەباتیی دوکتور سادق بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان و هاوکاریی حیزبەکانی باشوور لە کاتی بەربەرەکانێ لەگەڵ حکوومەتی بەعس کرد.