کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ: ئازایەتی و خۆڕاگریی کچان و ژنان لە ئێران بەرامبەر زوڵم و چەوساندنەوە، ورەبەخشە

11:35 - 28 خەرمانان 2724

ناوەندی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بە ئاماژە بە هەڵمەتی "من یەک کەسم، یەکێک لە ژنەکانی ئەو شارە"، ستایشی ئازایەتی و هێز و خۆڕاگریی کچان و ژنانی ئێرانی کرد و ڕایگەیاند کە کردەوەکانیان لە دژی ستەم و چەوساندنەوە نموونەی خۆڕاگری و ئیلهامبەخش و ورەبەخشە.

ئەم هەڵمەتە هاوکات لەگەڵ دووهەمین ساڵڕۆژی قەتلی حکوومەتیی ژینا ئەمینی لەلایەن گەشتی ئێرشاد، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس دەستی پێکردووە و تا ئێستا بەردەوامە، و تێیدا ژنان و کچان وێنەکانی خۆیان بە حیجابی دڵخواز بە هاشتەگی ژینا(مەهسا) ئەمینی بڵاو دەکەنەوە.

ناوەندی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە پێوەندی لەگەڵ خەباتی کچان و ژنان لە دژی هەوڵی کۆماری ئیسلامی بۆ سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ، ئاماژەی بە لێدوانی بەهارە هیدایەت چالاکی سیاسی کرد کە لە ڕۆژنامەی "فیگارۆ"ی فەرانسە بڵاو بووەتەوە کە ڕایگەیاندووە: "ژنان و کچان لە ئێستادا ئامادەن بمرن بەڵام حیجابێک کە کۆماری ئیسلامی سەپاندوویەتی نەیکەن.".

دوای ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پاش قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی بە دەستی گەشتی ئێرشاد، ئامادەبوونی هێزی گەشتی ئێرشادی ڕێژیمی ئیسلامی بۆ سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ بەسەر ژنان لە شەقامەکاندا کەم بووەوە، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران سیاسەتی گوشار بۆ سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ لەژێر ناوی "گەڵاڵەی نوور"ی بە شێوەیەکی بەرفراوانتر لە ناو کۆمەڵگەی گشتیی ئێراندا جێبەجێ کرد.

لەم ماوەیەدا و لە ئەنجامی کارەکانی هێزەکانی ڕێژیم لەژێر ناوی "گەڵاڵەی نوور" بۆ سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ، چەندین ڕاپۆرت سەبارەت بە مامەڵەی توندوتیژانەیان لەگەڵ ژنان و کچان بڵاو کرانەوە کە لە نێویاندا، ئارمیتا گراوەند دوای لێدان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە لە مێترۆی تاران گیانی لەدەست دا.

جێگای ئاماژەیە سەرەڕای زیادبوونی گوشارەکان بۆ سەر ژنان، خۆڕاگریی مەدەنییان لە بەرامبەر حیجابی زۆرەملێ بەردەوامە و ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەیەکی زیاتری ژنان و کچان لە شەقامەکانی ئێران بە حیجابی دڵخوازی خۆیان دەگەڕێن. لەم بارەوە ئاسۆشێتدپرێس ڕۆژی شەممە بڵاوی کردەوە، کە ئێستا بینینی ژنان لە شەقامەکانی ئێراندا بە بێ حیجابی زۆرەملێ، بۆتە باو و شتێکی ئاساییە.