کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوەدێری مافی مرۆڤ: دوای دوو ساڵ لە کوشتنی ژینا ئەمینی، ڕێژیمی ئێران بەردەوامە لە سەرکوتکردنی دڕندانەی ژنان

12:29 - 28 خەرمانان 2724

 کۆمەڵێک لە ڕێکخراو و گرووپەکانی مافی مرۆڤ لەوانە ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ، ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی خەرمانان لە ڕاگەیندراوێکی هاوبەشدا جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، دوو ساڵ دوای قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی لەلایەن گەشتی ئێرشادەوە کە بووە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی سەرتاسەری، هێشتا لە سەرکوتکردنی دڕندانەی ژنان لەو وڵاتە بەردەوامە.

هەروەها لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە دەسەڵاتدارانی حکوومەتەکان هێشتا لێپرسینەوەیان لەگەڵ ئەو کەسانەی کە بەرپرسن لە ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی و کوشتنی نایاسایی نەکردووە، و هەروەها جەخت کراوەتەوە کە ڕێژیمی ئێران پێویستە دەستبەجێ و بێ شەرت و مەرج هەموو ژنە داکۆکیکارانەی مافی مرۆڤ کە زیندانیکراون ئازاد بکات و کۆتایی بە توندوتیژی و هەڵاواردنی سیستماتیک بەرامبەر ژنان بهێنێت.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا باس لە کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران کراوە کە بە هێنانەوەی گەشتی ئێرشاد و گەڵاڵەیەک لەژێر ناوی "گەڵاڵەی نوور"، و ئەنجامدانی ڕێوشوێنی وەکوو سزایی دەسبەسەرداگرتنی ماشینی ژنان بەبێ حیجاب، و سەرکوتکردنی ژنان لە شوێنە گشتییەکاندا چڕتر کردووەتەوە. هەروەها سەبارەت بە پەسەندکردنی کۆتایی "پڕۆژەیاسای پاراستنی فەرهەنگ و عیفاف و حیجاب" هۆشداری دراوە و پەسەندکردنی ئەم یاسایە دەبێتە هۆی ڕەواییدان بە سەرکوتکردنی ئەو ژن و کچانەی کە سەرپێچی لە پۆشینی حیجابی زۆرەملێ دەکەن و دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرچاوی کەلێنی ڕەگەزی.

‌ لە بەشێکی دیکەدا واژۆکەران ئاماژەیان بە دەرکردنی سزای قورس بۆ ژنانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ کرد و ڕایانگەیاندووە ئەو سزایانە بە ئامانجی تۆقاندن و بێدەنگکردنی ژنان دەرکراون. بەڵام ژنان بەردەوام بوون لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ یاساکانی ئەو ڕێژیمە و چالاکوانان زیندانیان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە ناو زیندانەکانی سەرتاسەری ئێرانەوە بەردەوامن لە سەرپێچیکردنی ئەو یاسا نەدادپەروەرانە.

هەروەها گرووپەکانی مافی مرۆڤ، ئاماژەیان بە توندکردنەوەی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان، بەتایبەتی لە شارەکانی کوردستان وەکوو شاری سەقز، زێدی ژینا ئەمینی، لە سەرەتای مانگی ڕابردووە و کۆنترۆڵکردنی توندی ڕێگاکانی دەوروبەری گۆڕستانی ئایچی، شوێنی ناشتنی ژینا ئەمینی، و بانگکردنی زۆرێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی و مافی مرۆڤ لە لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە کرد.