کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فەرانسە ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠٣ی هەتاوی، بەمەبەستی ڕیسواکردنی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە میکۆنۆس، هەروەها پەیمان نوێ کردنەوە و ڕێزگرتن لە یادی شەهیدان، دوکتور "سادق شەرەفکەندی، فەتاح عەبدولی، هومایوون ئەردەڵان و نووری دێهکوردی" ڕێوڕەسمێکی لە گۆڕستانی پێرلاشێز بەڕێوە برد.
ڕێوڕەسمەکە بە بەشداریی ئەندامان، لایەنگران، کەسایەتیی سیاسیی فەرانسە و نوێنەرانی حیزب و لایەنە کوردستانییەکان بەڕێوە چوو.
مەراسمەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگیی بۆ ڕێزگرتن لە یادی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان و دانانی تاجەگوڵینە لەلایەن هاوڕێ کاک ئەردەڵان عەبدووڵڵاهی بەرپرسی پەیوەندییە کوردستانییەکانی حیزب لە وڵاتی فەرانسە، لەسەر مەزاری شەهیدان دەستی پێ کرد.
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا کاک هەڵمەت ڕەحمەتپوور بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی فەرانسە چەند وتەیەکی پێشکەش بە بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە کرد .
بڕگەی کۆتایی ڕێوڕەسمەکە بە سەردانی گڵکۆی شەهیدانی ڤییەن، دوکتور"عەبدولڕەحمان قاسملوو" و "عەبدوڵڵا قادری ئازەر" و دانانی تاجی گوڵینەی ڕێز و وەفا لەسەر گڵکۆکەیان کۆتایی پێهات.