کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سزای لەسێدارەدرانی حاتەم ئوزدەمیر لە دیوانی باڵای ڕێژیمدا پشتڕاست کرایەوە

11:56 - 29 خەرمانان 2724

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سزای لەسێدارەدانی بەندکراوی سیاسیی خەڵکی تورکیە لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمدا پشتڕاست کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، دیوانی باڵای ڕێژیمی ئێران حوکمی لەسێدارەدانی بەندکراوی سیاسیی خەڵکی تورکیە بەناوی حاتەم ئوزدەمیر کە بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "نەجەف زادە" بە تۆمەتی "موحاربە" بە لەسێدارەدران سزا درابوو، پشتڕاست کردەوە.

حاتەم ئوزدەمیر، کوڕی عەبدولڕەحمان لە ڕۆژی ١٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٠دا لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری خۆی بە تۆمەتی "بەغی" بە لەسێدارەدران سزا درا.

دانیشتنی کۆتایی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی حاتەم ئوزدەمیر، کۆتاییەکانی هاوینی ١٤٠٠ لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی خۆی بەڕێوە چووبوو.

حاتەم ئوزدەمیر، نیوەشەوی ١١ی پوشپەڕی ١٣٩٨ پاش دەرگیریی چەکدارانەی نێوان هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان  و هێزەکانی قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران لە ناوچە سنوورییەکانی چاڵدێران دەسبەسەر کرابوو.

ناوبراو لەم دەرگیرییەدا بەهۆی بەرکەوتنی گولـلەی خومپارە بووراوەتەوە و پاش دەسبەسەرکران بۆ گرتنگەی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای ورمێ ڕاگوێزراوەتەوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ١٣٩٨ پاش دوو مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو.