کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی کارناسانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لەهەمبەر بەرزبوونەوەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران

11:06 - 13 خەرمانان 2724

کارناسانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان وێڕای هۆشداریدان لە بەرزبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران لە مانگی سێپتامبردا داوایان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد دەستبەجێ لەسێدارەدانی هەموو ئەو کەسانەی کە حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە ڕابگرێت.

نووسینگەی کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ڕۆژی دووشەممە ١٢ی خەرمانان بڵاوی کردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لەلایەن شارەزایانی ئەم دامەزراوەیە کۆ کراونەتەوە و دەستیان کەوتووە، ژمارەی لەسێدارەدانەکان، کە لە مانگی ژوئییەدا  کەس ٤٥ بووە، لە مانگی سێپتامبردا دوو هێندە زیادی کردووە و لانیکەم گەیشتووەتە ٩٣ کەس.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران ٤٠٠ کەسی تێپەڕاندووە و لانیکەم ١٥ کەس لەو کەسانەی کە لە سێدارە دراون ژنن.

کارناسانی بواری مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەشێکی بەیاننامەکەیاندا دەڵێن: "ئێمە زۆر نیگەرانین لە زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی ئێعدامەکان. لە مانگی سێپتامبردا تەنیا ژمارەیەکی کەم لە لەسێدارەدان لەلایەن دامەزراوەکان ڕاگەیەندراوە و ئەمەش تیشک دەخاتە سەر گرینگی و پێویستیی ڕوونکاری لە بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان لەم بوارەدا .

نزیکەی نیوەی لەسێدارەدانەکانی مانگی سێپتامبر لانیکەم ٤١ حاڵەتییان پەیوەندییان بە تاوانەکانی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە هەبووە. هاوکات کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک یەکێک لە واژۆکەرانی پەیمانی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، تەنیا بۆ تاوانی زۆر قورسی وەک کوشتنی بەئەنقەست، بە دەرکردن و جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدام بەڕێوە ببات.