کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: تیرۆرکردنی د. شەرفکەندی کردەوەیەکی وەحشیانەی ڕێژیمی ئێران بەرانبەر بە دێمۆکراسیی ئاڵمان بوو

13:56 - 30 خەرمانان 2724

خالید عەزیزی: تیرۆرکردنی د. شەرفکەندی کردەوەیەکی وەحشیانەی ڕێژیمی ئێران بەرانبەر بە دێمۆکراسیی ئاڵمان بوو

(وتاری ڤیدیۆیی وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە ڕێوڕەسمی ٣٢ ساڵەی تێرۆری مێکونووس کە لە شارەوانیی شارلوتێنبێرگی بێڕلین بەڕێوە چوو)*

 

بەرپرسە بەرێزەکانی شارەوانیی شارلۆتێنبێرگ!

ئامادەبووانی بەڕێز!

دانانی مۆنیۆمێنتی د. شەرەفکەندی بە هیممەتی ئێوە کارێکی گەورە و بەنرخ بوو کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە چاوی ڕێز و پێزانینەوە دەروانێتە ئەم کارە. لە ئێستاشدا کە ٣٢ ساڵ بە سەر تیرۆرکرانی د. شەرفکەندی، سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاوڕێیانی لە ڕیستۆرانتی مێکۆنووسی بێرلین تێدەپەرێت، دەمەوێت سەبارەت بە ئازایەتی و شێلگیریی دەزگای دادی ئاڵمان کە بەبێ ترس و لەبەرچاوگرتن و گوێدان بە گوشار و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەربەخۆیی خۆی پاراست، سپاس و پێزانی حیزبی دێموکرات و کورد لە ئێرانتان پێشکێش بکەم.

دەوڵەت و نیزامی دادوەریی ئاڵمان بە دەسبەسەرکردنی بەشێک لە تێرۆریستەکان و بە ئاکام‌گەیاندنی دادگای بێڕلین بەرگریی لە بەها مرۆڤایەتی و بایەخە دێموکراتیکەکانی وڵاتی ئاڵمان کرد و ئەمە دەسکەوتێکی زۆر گرینگ بۆ دادپەروەری بوو کە دادگای بێڕلین بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانی وەکوو بڕیاردەرانی کردوە تیرۆریستییەکەی میکۆنووس ناساند. ئێوە بەو کارە بوێرانەیەتان جێگە و پێگەیەکی پڕ لە شانازیتان بۆ خۆتان تۆمار کرد و حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستانی ئێران هەرگیز ئەمە لە بیر ناکەن و هەتاهەتایە ڕێز لەم بریارەتان دەگرن. بێگومان ئەگەر ٣ ساڵ پێش ڕوودانی تێرۆری میکۆنووس، حکوومەت و نیزامی دادوەریی وڵاتی ئۆتریش سەبارەت بە تێرۆری د. قاسملوو بە دەستی دیپلۆمات تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوشێوەی حکومەت و نیزامی دادوەریی وڵاتی ئاڵمان هەڵسوکەوتیان کردبا و بڕیاریان دابا، بە ئەگەری زۆرەوە کارەساتی تێرۆری میکۆنووس لە ١٩٩٢ ڕووی نەدابا.

ئامادەبووانی بەڕێز!

 کۆبوونەوەی ئەمرۆمان هاوکاتە لەگەڵ دووهەم ساڵیادی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی کە بە درووشمی ژن، ژیان، ئازادی دەستی پێ کرد و بوو بە گەورەترین ئالەنگاری بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕەوایی ئەم ڕێژیمە سیاسییەی بەتەواوی بردە ژێر پرسیار. ئەم بزووتنەوەیە بە کوشتنی بەئانقەستی ژینا ئەمینی، کچە کوردێک لە تارانی پێتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی پێ کرد. تاوانی ژینا تەنیا ئەوە بوو کە چەند تاڵ لە قژی سەری بەدیارەوە بوو، ئەوە بوو کە دوای کوژرانی ژینا خەڵکی کوردستان و دواتر خەڵکی بەشەکانی تری ئێرانیش بۆ مەحکوومکردنی ئەو تاوان و جینایەتە و هەروەها بۆ داواکردنی مافە زەوتکراوەکانیان ڕژانە سەر شەقامەکان و بەوە بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتیی بەرین وەڕێ کەوت کە نیزیک ٦ مانگی خایاند.

٣٢ ساڵ دوای ڕووداوی تێرۆریستیی میکۆنووس، نەتەوەی کورد لە ئێران لە پێناو پەرەپێدان بە خەبات بۆ ئازادی و دێموکراسی لە ئێراندا نرخ و تێچوویەکی زۆریان داوە. بە هەزاران کەس لە نەتەوەی ئێمە کوژراون و لە سێدارە دراون، بە سەدان کەسمان تێرۆر کراون و بە درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەرمان، بەڵام حیزبەکەی د. شەرەفکەندی کە ئێوە بۆ رێزگرتن لەو کۆ بوونەتەوە، هەرگیز هێرشە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە کردەوەی تیرۆریستی بەرپەرچ نەداوەتەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە حەفتاونۆ ساڵ بەسەر دامەزرانی تێدەپەرێت، هەرگیز باوەڕی خۆی بە بنەما جیهانگیرەکانی مافی مرۆڤ لە دەست نەداوە و هەموو کات لە چوارچێوەی بەها و بایەخەکانی مافی مرۆڤ و لەپێناو وەدیهاتنی ئەو مافانە بۆ خەڵکی کوردستان و ئێران تێکۆشاوە و خەباتی کردوە.

بەشداربووانی هێژا!

ئامانجی ئێمە هەوڵدانە بۆ جێگیرکردنی دێموکراسی لە ئێران و وەدیهێنانی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی ئێرانی دێموکراتیدا. هەوڵ و تێکۆشانی د. شەرەفکەندییش هەر لەپێناو هێنانەسەرکاری حکوومەتێکی دێموکراتیک لە ئێران بوو کە لە بەرانبەر خەڵک و کۆمەڵگە و هەروەها ئەمنییەتی جیهانیدا هەست بە بەرپرسایەتی بکات. بەڵام تیرۆرکردنی د. شەرفکەندی لە بێرلین کردەوەیەکی وەحشیانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەرامبەر بە دێمۆکراسیی ئاڵمان بوو.

دانانی مۆنۆمێنتی د. سادق شەرەفکەندی لە شارلۆتێنبێرگ ڕێزگرتنە لە بزووتنەوی نەتەوەیی گەلی کورد لە ئێراندا و ئێمە سەبارەت بەو هەوڵە بەبایەخەتان سپاستان دەکەین.

زۆر سپاس.

***

* ڕۆژی ٢٣ی خەرمانان لە شارەوانیی شارلوتێنبۆرگی بەرلین سیمێنارێک بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی مێکونووس لە ٣٢ ساڵەی شەهیدبوونیاندا بەڕێوە چوو.

لەم سیمینارەدا دێتلێف واگنێر، جێگری شارەوانیی هەرێمی شارلوتێنبۆرگ وتاری کردنەوەی کۆڕیادەکەی پێشکێش کرد و دواتر وتاری ڤیدیۆیی خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە زمانی ئینگلیزی پێکشێشی بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە کرا.

وتاری سوڵتان گوڵاوی، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ئاڵمان، ئۆلیویر ئێسکرۆفێنگێر، ئەندامی شارەوانیی شارلوتێنبۆرگ، كریستۆف مۆهڵن بێرگ، لە حیزبی چەپێ ئاڵمان؛ مێحمێت تەنریوێردی، جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی کورد لە ئاڵمان و خاتوو سەبا فەرزان، نوێنەری حیزبی لیبراڵ لە هەرێمی شارلۆتێنبۆرگ وتاریان پێشکێش کرد. هەروەها د.کەماڵ زیدوە بە نوێنەرایەتی کۆمەڵگەی دیفاع لەو نەتەوە و ئایینانەی لە ژێر هەڕەشەی لە نێوچوون‌دان، لە باس و وتارێکدا جینایەت و سیاسەتە دژەمرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕیسوا کرد بەڕێز لە هەڕێمی بێرلین پەیامێکی پشکێشی ئامادەبووان کرد .