ئیوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٣، بەشی پێوەندییەکانی حیزب لە وڵاتی نۆروێژ بە ئامادەبوونی ئیدریس ئابدە، لەگەڵ ئاندریاس ئونەلاند ئەندام پارلەمانی پارتی سۆسیالیستی چەپ و ڕزگار هۆرێنی بەشی پێوەندییەکانی ئەم حیزبە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیر و ڕا سەبارەت بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نەخشی حیزبی دێموکرات لەم باودۆخانەدا گفتوگۆیان کرد.
لەم دیدارەدا کە لەسەر بانگهێشتی پارتی سوسیالیستی چەپ بەڕێوە چوو.
نوێنەری حیزب بە وردی دۆخی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کاریگەریی ستراتێژی و تاکتیکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لەم دۆخەدا هێنایە بەرباس. نۆینەری حیزب بە ئاماژە کردن بە ڕۆڵی مێژوویی حیزبی دێموکرات لە شۆڕشی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە وردی ئاماژەی بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات لە شۆڕشی مودیرنی خەڵکی ڕۆژهەڵات کرد.
بەشی پەیوەندییەکانی حیزب بە ئاماژە بە شۆڕشی ژینا، ڕۆڵی حیزبی لەمەڕ سازماندەهی و بەرەوپێشبردنی خۆپیشاندانەکان و چەندین مانگرتنی گشتی بە گرینگ دانا و ئاماژەی کرد کە حیزبی دێموکراتی کۆردستانی ئێران هەم لە ئێستا و هەم لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پارتێکی شوێندارە و وڵاتانی ڕۆژاوا دەبێ لە هەڵسەنگاندنەکان و سیاسەتەکانیان لە ئەزموون و توانای حیزب بۆ دامەزراندنی پەیوەندی دوولایەنە کەڵک وەرگرن.
پاشان ئاندریاس ئونەلاند لە ئاخەوتنی خۆیدا جەختی لەسەر سووربوونی پارتی سۆسیالیستی چەپ لەسەر دۆستایەتیی دێرینەی لەگەڵ گەلی کورد کردەوە و ئاماژەی کرد کە گرووپی دۆستانی کورد لە پارلەمانی نۆروێژ کە پێکهاتووە لە سیاسەتمەدار و ئەندام پارلەمانی ئەم وڵاتە، بەوردی پشتیوانی لە دۆزی سیاسیی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەن و هەوڵ دەدەن بەگوێرەی پێویست کەڵک لە زانیاری و تواناکانی پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات یەک لەوان حیزبی دێموکرات وەرگرن، هاوکات هەوڵ دەدەن کە ویست و داخوازییەکانی کوردی ڕۆژهەڵات لە ناو دامودەزگاکانی نۆروێژدا بەرز بکەنەوە و داوا لە ڕێکخراو و ئیدارە دەوڵەتییەکانی نۆروێژ بکەن کە لە دانوساندنەکانیاندا بەتایبەت لەگەڵ ڕێژێمی ئێران کێشەی کورد بە شێوەیەکی ئاشکرا بەگۆی دەستەڵاتدارانی ئێران بگەیەنن. ناوبراو بەڵێنی دا کە لە داهاتووشدا پارتی سۆسیالیستی چەپ بە شێوەیەکی بەردەوام پشتیوانی دۆزی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ.