کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژاوای کانادا/ بەڕێوەچوونی وێبینارێک بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کارەساتی میکۆنۆس

11:24 - 1 رەزبەر 2724

ڕۆژی شەممە ٣١ی خەرمانان، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژاوای کانادا وێبینارێکی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کارەساتی میکۆنۆس بەڕێوە برد.

ئەو وێبینارە لە ڕوژی ٢١ی سێپتامبر بە بەشداریی هاوڕێ "گوڵاڵە شەرەفكەندی" چالاکی سیاسی و ئەندامانی حیزب لە ڕۆژاوای کانادا لە تۆڕی زووم بەڕێوە چوو.

پاش پێشكەشكردنی سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و خۆلەكێک بێدەنگی بۆ گیانی پاكی سەرجەم شەهیدانی كورد و كوردستان، بە تایبەت شەهیدانی میكۆنوس، هاوڕێ "سمایل ئیبراهیمی" بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزب پارچە شێعرێک و کورتە پەخشانێکی لەسەر ڕێبەری شەهید "دوکتور سادق شەرەفکەندی" و کارەساتی خەماویی میکۆنۆس، پێشکەش کرد.

پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئیران لەلایەن هاوڕێ  "کەیۆمەرس بەیگی" بەرپرسی كۆمیتەی حیزب لە ڕۆژاوای کانادا پێشكەش بە بەشداربووان كرا . 

لە پانێلی سەرەکیی ئەو وێبینارەدا، بەڕێز گوڵاڵە شەرەفكەندی باسێکی لەسەر ژیان و چونیەتیی تێروری دوكتور سادق شەرەفكەندی و هاوڕێیانی پێشکەش کرد.

بەڕێز شەرەفکەندی باسی لە داڕشتنی پلان بو تێروری دوكتور سادق کرد كە چۆن كوماری ئیسلامی بە ناردنی گرووپە تێرۆریستەكان بە ناوگەلی جۆراوجور وەک بازرگان، دیپلۆمات و كەڵکوەرگرتن لە كەسانی تێروریست لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی کاری تێرۆریستی ئەنجام دەدات.

هاوڕێ گوڵاڵە لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی دوکتور سادقی كرد كە دوای شەهیدكرانی ڕێبەری مەزن دوكتور قاسملوو چۆن توانی حیزبی دێموكرات لەو قوناخەدا ڕێبەری بكات و بە لێزانی و شارەزاییەكی تەواو حیزبی دێموكرات چ لە نێوخۆی كوردستان و چ لە دەرەوە وەک هەمیشە بەهێز نیشان بدات .

ناوبراو باسی چۆنیەتیی کارکردنی سیستەمی دادوەریی وڵاتی ئاڵمانی كرد كە چۆن یاسا لە سەرەوەی دەوڵەت كاری كرد، بە تایبەت لە كەیسی میكۆنۆس و بە بڕیاری بوێرانەی قازی كەیسەكە توانرا كاربەدەسانی باڵای ڕێژێم وەک خامنەیی، ڕەفسەنجانی و فەلاحییان بە بڕیاردەری ئەم تێرورە بناسێندرین.

لە بەشی کۆتایی ئەو وێبینارە، پرسیار و وڵام بوو و بەڕێز گوڵالە شەرەفکەندی وڵامی پرسیاری هاوڕێیانی دایەوە.