ڕۆژی یەکشەممە ١ی ڕەزبەر، سێمینارێکی تایبەت بە ساڵوەگەڕی شەهیدانی میکۆنۆس لەلایەن بەڕێز باباعەلی مێهرپەروەر کەسایەتیی سیاسی و تێکۆشەری دێرینی حیزب بە بەشداریی بەرچاوی ئەندامان، لایەنگران و ئەحزابی کوردستانی و ئێرانی لە وڵاتی سویس بەڕێوە چوو.
سێمینارەکە بە سروودی نیشتمانیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.
پاشان پەیامی کۆمیتەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن کاک ڕەحیم ڕەحمانزادەوە خوێندرایەوە. پەیامی حیزبی خەڵکی بەلووچستان کۆمیتەی سویس بۆ ساڵوەگەڕی شەهیدانی میکۆنۆس لەلایەن بەڕێز حەیدەر بەلووچەوە خوێندرایەوە.
بەڕێز باباعەلی مێهرپەروەر سێمینارەکەی بە باسێکی گشتی لەسەر ژیان و کەسایەتیی شەهیدانی میکۆنۆس و پاشان کەسایەتیی شەهیدی سەرکردە دوکتور سادق شەرەفکەندی دەست پێ کرد. تێرۆری ڕێبەرانی ئۆپۆزسیۆن لە ئورووپا و ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن دیپلۆمات تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو لە ڤییەنی پێتەختی وڵاتی ئۆتریش و ساتوسەودای سیاسی و ئابووریی وڵاتانی ئورووپایی و لاوازیی هەڵوێستیان لەمەڕ ئەم بابەتە بە هۆکارێکی سەرەکی دانا و لە قسەکانیدا ئاماژەی پێ کرد. هەلومەرجی ئەوکاتی ئێران، ناوچەکە و جیهان پێویستیی وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ حەلی ئاشتییانەی پرسی کورد لە ئێران بە هۆکاری دانیشتن و وتووێژ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران زانی.
سێمینارەکە بە پرس و بابەتی پەیوەندیدار بە شەهیدانی میکۆنۆس لەلایەن بەشداربووانی کۆبوونەوەکە و وڵامدانەوەی پرسیارەکان لەلایەن کۆڕگێڕەوە کۆتایی پێهات.