بە مەبەستی ئاگاداربوون لە پرس و بابەتی پەیوەندیدار بە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها هەڵوێست و ڕوانگەکانی حیزب لەسەر کۆمەڵێک پرس و بابەتی سیاسی، ڕۆژی یەکشەممە ١ی ڕەزبەری ١٤٠٣، کۆمیتەی نۆروێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سێمینارێکی تەشکیلاتیی بۆ بەڕێز کاک خالید عەزیزی، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەری و وتەبێژی حیزب پێک هێنا.
لەو سێمینارەدا کە ئەندامانی هەیئەتی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی دەرەوەی وڵات و کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب تێیدا بەشدار بوون، وتەبێژی حیزب، کاک خالید عەزیزی لە قسەکانیدا وێڕای ئاوڕدانەوە لە چەند پرس و بابەتێکی تەشکیلاتی و ئاڵوگۆڕ و پێشهاتە سیاسییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بەگشتی، هەڵوێست و ڕوانگەکانی حیزبی هێنایە بەر باس و داوای لە ئەندامانی حیزب کرد کە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی پرسی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزب وەک هەمیشە هەڵسوکەوت بنوێنن.
بەڕێز عەزیزی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کە تایبەت بوو بە یادی ٣٢ ساڵەی تێرۆری میکۆنۆس، باسی لە ڕۆڵ و کاریگەریی ڕێبەری شەهید دوکتور سادق شەرەفکەندی لەسەر بەڕێوەبەردنی حیزب کرد و هەروەها ئاماژەی بە ئەرکی ئەندامانی حیزب کە کار و تێکۆشانی حیزبدا کرد و وتی؛ با بە هەموومانەوە تێبکۆشین قوتابیی بەئەمەگی ئەو ڕێبازە بین کە ڕێبەرانی شەهیدمان لەپێناویدا تێکۆشان و تەنانەت بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گیانی پیرۆزیان فیدا کرد.
وتەبێژی حیزبەکەمان لە باسەکەیدا وێڕای ئاماژە کردن بە کۆمەڵێک پرسی تەشکیلاتیی گرینگ و ئەرکی ئەندامان لە پێوەندی لەگەڵ بابەتە هەستیارە تەشکیلاتیەکاندا ڕایگەیاند کە ئەندامانی حیزب دەبێ هەم لە نێوخۆی حیزب و هەم لە ئاست کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکان، کولتووری دێموکراتیکی حیزب لەبەرچاو بگرن و بەسەرنجدان بەو ئەسڵە کە حیزبی دێموکرات حیزبێکی جەماوەرییە و هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگە خۆی تێدا دەبیننەوە، ئەرکی ئەندامانی حیزبە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیکاندا بە شێوەیەک هەڵسوکەوت بکەن کە سنوورە تەشکیلاتییەکان و پرنسیپەکانی حیزبی زیاتر لە جاران لەبەرچاو بگرن.
لە بەشێکی دیکەی ئەم سێمینارەدا کە بۆ ڕەخنە، پرسیار، پێشنیار و تێبینیی ئەندامانی حیزب دیاری کرابوو، هاوڕێیانی بەشدار، چالاکانە بەشدارییان لە باسەکاندا کرد و لە کۆتاییدا وتەبێژی حیزب بە گرینگییەوە سەرنجی خستە سەر قسەی هاوڕێیانی بەشدار.