کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی یادی شەهیدانی میکۆنۆس و دوو ساڵەی بزووتنەوەی ژینا

10:47 - 3 رەزبەر 2724

ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەزبەر، بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامان و لاینگرانی حیزی دێموکرات و هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانی و ئوتریشییەکان لە ناوەندی شاری ڤییەن یادی دوو ساڵەی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی و دەسپێكی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و شەهیدانی میکۆنۆس بەرز ڕاگیرا.

بەرنامە لە یەکێک لە مەیدانەکانی ناوەڕاستی شاری ڤییەن بەڕێوە چوو.

لە سەرەتادا وێڕای بەخێرهاتنی بەشداربووان و سپاس و پێزانین بۆ ئەو پشتیوانییە، مەبەست لە گرتنی بەرنامەکە باس کرا.

پاشان بەرنامە بە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد و دوابەدوای ئەو پەیامی کۆمیتەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن دانا حەسەنپوورەوە بە زمانی ئاڵمانی بۆ بەشداران خوێندرایەوە.

پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمیتەی ئوتریش هەڵگری چەند خاڵێک بوو، کە مەبەستی گرتنی ئەو بەرنامەیە و ڕاپەڕینی ژینا و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دژ بە نەتەوەی کورد و گەلانی دیکەی ئێرانی بۆ بەشداران ڕوون کردەوە.

بۆ ئەم بەرنامەیە تێكڕای حیزبە سیاسییە کوردستانی و ئوتریشییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە سەر ئاستی ئوتریش بانگهێشت کرابوون.

بەشێکی زۆر لە حیزبە سیاسییە کوردستانی و ئوتریشییەکان بە دەم بانگەوازەکەوە هاتبوون و ئەندام پارلمانتەرەکان زۆر چالاکانە بەشدارییان کرد و لەوێ وتەیان پێشکەش کرد، کە نێوەڕۆکی زۆربەی ئەو پەیامانە، ڕوو بە نەتەوەی کورد و گەلانی دیکەی ناو جوغرافیای ئێران بوون.

لە زۆربەی وتەکاندا، پشتیوانی ڕاستەوخۆ بۆ نەتەوەی کورد و داوا ڕەواکانی بەدی دەکرا و بەشیكی هەرە زۆری ئەو پارلمانتارانە خۆیان وەک دۆستی نەتەوەی کورد پێناسە دەکرد و هەمووی ئەو جنایەتانەی، کە تا ئێستا بە دژی نەتەوەی کورد کراون و بە تایبەتی لەلایەن کۆماری سێداری ئێرانەوە، لەوانە شەهیدکردنی ڕێبەرانەی ئەو حیزبە لە ڤییەن و بێرلین لەلایەن تێرۆریستەکانی ئەو ڕێژیمەوە، بەشێک بوون لە وتەی ئەو کەسانەی کە بابەت و ئاخاوتنیان بۆ ئەم بەرنامەیە هەبوو.

لە وتەکاندا بە تێکڕایی کۆماری ئیسلامی وەک دەسەڵاتێکی نەگونجاو لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێران و پێشێلکاری مافی مرۆڤ و لەوەش زیاتر خوڵقێنەری جنایەتی دژەمرۆڤی بە تایبەتی لە دژی ناڕازییانی سەر شەقام و زیندانییانی سیاسی و لە سەرووی هەموویانەوە دژی ژنان وەک ڕێژیمێکی نەخوازراو مەحکوم کرا. بەشێكی دیکەی وتەکانی وتاربێژانی ئەم بەرنامەیە داوای داخستنی ناوەندەکانی ئیسلامی ئەو ڕێژیمە بوو، کە دەبێ لە شاری ڤییەن دابخرێن و هەروەها سپای پاسدارانی ئێرانیش بخرێتە ناو لیستی گرووپە تێرۆریستەکانی یەکیەتیی ئورووپاوە.

ئەو کەسانەی کە لەم بەرنامەیەدا بەشدار بوون بریتی بوون لە:

ـ پێتڕا بەیەر، ئەندام پارلەمان لە حیزبی سۆسیال دیمۆکرات و بەرپرسی بەشی پەیوەندیهە نێونەتەوەییەکانی ئەو حیزبە و ئەندامی هەیئەتی کاروباری ئورووپا.

ـ دوکتۆر گودروون کۆگلەر، ئەندام پارلەمان لە حیزبی دیمۆکرات مەسیح و وتەبێژی ئەو حیزبە بۆ مافی مرۆڤ.

ـ دوکتۆر هارالد ترۆخ ئەندام پارلمان لە حیزبی سۆسیال دێموکرات و وتەبێژی بەشی مافی مرۆڤ و پشتیوانی کەمینە نەتەوەکان

ـ  لوکاس هامەر ئەندام پارلەمان لە حیزبی سەوزی ئوتریش و وتەبێژی ئەو حیزبە لە بواری ژینگە پارێزی و وزەدا.

ـ کای یان کراینەر ئەندام پارلەمان لە حیزبی سۆسیال دێموکرات و وتەبێژی ئەو حیزبە بۆ کاروباری ئابووری و دارایی.

ـ نیکۆلاوس کونرات ئەندام پارلەمانی شاری ڤییەن و دۆستی کورد لە حیزبی سەوز

ـ  پێتەر فلۆریانیشوتز ئەندام پارلمانی شاری ڤییەن لە حیزبی سۆسیال دێموکرات

ـ چەپەر حاجۆ ئەندامی بەڕێوەبەری مەنتقەی ٣ی ڤییەن و بەڕێوبەری ئاکادێمیای پەروەردەی ڤییەن.

ـ میشایل فانیزادە بەرپرسی پرۆژەکانی پەیمانگای ڤییەن بۆ ئاخاوتن و هاوکاریی نێونەتەوەیی

ـ کلاودیا کریگل شتاینەر ئەندامی بەڕێوەبەری مەنتقەی ٥ی ڤییەن لە حیزبی کۆمۆنیستی ئوتریش

ـ سیبیلێ شتراوبینگەر بەڕێوەبەری پەیمانگای ڤییەن بۆ ئاخاوتن و هاوکاریی نێونەتەوەیی

هەروەها بەشێکی زۆری حیزبە کوردییەکان بەشداری ئەم بەرنامەیە بوون، لەوانە:

 پارتی دیمۆکراتی کوردستان

پارتی دیمۆکراتی کوردستانی سووریە

پارتی دێموکراتی پێشڤەرڕۆی کوردستانی سووریە

پارتی یەکیەتی دێموکراتی کوردی سووریە

پارتی یەکیەتی کوردی سووریە.

نوێنەرایەتی حکوومەتی خۆجێیی هەرێمی کوردستانی سووریە.

 کە لەلایەن حوسێن خاڵ خاڵ وەک بەڕێوەبەری بەرنامە وێڕای باسێکی کورت بە کوردی لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا ناویان خوێندرایەوە و ئەوانەی پەیامیان هەبوو بریتی بوون لە:

پارتی دیمۆکراتی پێشڤەڕۆی کوردستانی سووریە

نوێنەرایەتی حکوومەتی خۆجێیی هەرێمی کوردستانی سووریە