کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣٥ـەمین سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە ژێر سێبەری بوونە قوربانیی ٥٢ کرێکار بەهۆی گەندەڵیی ڕێژیمەوە

10:57 - 4 رەزبەر 2724

ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەزبەر ٣٥ـەمین سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لەلایەن بەندکراوانی هێندێک لە بەندیخانەکانی ئێرانەوە بەڕێوە چوو.

هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئەم هەڵمەتە مەدەنییە لە ٣٥ـەمین حەفتەی خۆیدا، کەمپەینەکە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک و وێڕای ئاماژەدان بە بوونە قوربانیی ژمارەیک لە کرێکارانی کانگای تەبەس و دەربڕینی هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییان ڕایگەیاندووە، ٥٢ کرێکار گیانی خۆیان بۆ دابینکردنی سەرەتاییترین تێچووەکانی ژیان لەدەست داوە کە ئاکامی گەندەڵی و لێنەهاتوویی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرە کە وێڕای تاڵان و دزینی دەسڕەنجی خەڵک، هیچکات وڵامدەری ئەو کارەساتانە نەبوو کە خولقاندوویەتی.

بەیاننامەکە لە بەشێکی دیکەدا بە ئاماژە بەوەی کە زیاتر لە یەک میلیۆن منداڵ و مێرمنداڵ بەهۆی هەژارییەوە لە خوێندن بەجێ ماون هێناویەتی "لە بەندیخانەکاندا ژمارەیەکی زۆر بەندکراو لە پێوەندی لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکاندا بوونیان هەیە کە بەهۆی هەژاری و دەستکورتیی بنەماڵەکانیانەوە لە منداڵی و مێرمنداڵیدا دەستیان لە خوێندن هەڵگرتووە و تووشی خەساری کۆمەڵایەتی بوونە و حکوومەتی ویلایەتی فەقیه بە پەرەدانی هەژاری دۆخی ژیانیانی ئەستەم کردووە و لە ئێستادا بە لەسێدارەدانیان لە ڕێگەی حوکمێکی نامرۆڤانەوە، خاڵی کۆتایی لە سەر ژیانی کورتیان دادەنێت".

کەمپەینەکە زیادی کردووە، ئەم حوکمانە کە بە پێشێلکردنی هەموو بنەما مافی مرۆڤییەکان دەردەکرێت تەنیا بۆ ترساندن و تۆقاندنی کۆمەڵگا و پێشگرتن بە دەسپێکی شەپۆلێکی نوێ لە ناڕەزایەتییەکانە.

بەیاننامەکە لە پێوندیی لەگەڵ سەردانی مەسعوود پزشکییان بۆ ئەمریکا و بەشداریکردنی لە دانیشتنی ساڵانەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا داوای لە نوێنەری هەموو وڵاتانی جیهان لەم ڕێکخراوە و هەروەها هەموو دامەزراوە مافی مرۆڤییەکان کردووە کە لێپرسینەوە لە سەرۆککۆماری حکوومەتی سێدارە لە پێوەندیی لەگەڵ کوشتن و لەسێدارەدانی بەندکراوان بکەن.

ئەم کەمپەینە لە کۆتاییدا وێڕای هۆشداریدان سەبارەت بە جێبەجێکردنی حوکمەکان و دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ ٤ بەندکراوی دیکە لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا، داوای لە خەڵک و هەموو چالاکانی نێوخۆ و نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ کردووە کە بە پشتیوانیکردنیان لە کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان، بەرگری لە مافی ژیانی بەندکراوان بکەن.