کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦ی ڕەزبەر لە جەنگەی بزووتنەوەی ژینادا

01:10 - 5 رەزبەر 2724

٦ی ڕەزبەر لە جەنگەی بزووتنەوەی ژینادا

سمایل شەرەفی

کوردستان و زۆرێک لە شار و ناوچەکانی ئێران چەند ڕۆژێک بوو لە شێوازێکی نوێ و مودێرن و مەدەنیدا ئەزموونی بزووتنەوەیەکی جەماوەری و گشتگیریان دژبە دیکتاتۆرییەتی کۆماری ئیسلامی دەکرد. چەخماخەکە لە کوردستانەوە لێ درابوو، ناوی ژینا، ئەو کچە بێ‌تاوانەی کوردستان کە لە تاران و بەدەستی هیزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم کوژرابوو لە سەرر بزووتنەوەکە نرابوو: بزووتنەوەی ژینا. کوردستان پێشەنگایەتیی بزووتنەوەیەکی ئەمڕۆیی و مودێرنی دەکرد، کوردستان کەوتبووە سەر زار و زمانان و کورد ڕەمزی ئەم بزووتنەوەیە بوو. لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێرانەوە خەڵک پشتیوانییان لە کوردستان دەکرد و دەیانگوت؛ "ئەگەر تاران ببێتە کوردستان، ئێران دەبێتە گولستان". درووشمی سەرەکیی بزووتنەوەکە "ژن، ژیان، ئازدی" بوو کە لە شەقاماکانی کوردستانەوە پەلی هاویشتە شوێنەکانی دیکەی ئێران و دوای چەند ڕۆژ گشت وڵاتان و کوڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکانی گرتەوە.

کورد و کوردستان چەقی ئەم بزووتنەوە جەماوەرییە بوون؛ بەپێچەوانەی سیاسەت و ئیستراتیژیی و عەقڵییەتی ڕێژیمی دژیگەلیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە زیاتر لە چوار دەیە بوو کاری لەسەر خەوشدارکردنی ڕوخسار و نێوەرۆکی  پرسی کورد و بزووتنەوە مافخوازانەکانی دەکرد، خەڵکی ئێران بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، بە ئەرێنی لە کورد و کوردستانی دەڕوانی، کە ئەمیان بۆ کۆماری ئیسلامی قابیلی قبووڵ نەبوو.

لەلایەکی دیکەوە حیزبەکانی کوردستان یەکگرتووانە و هاودەنگ و هاوهەڵوێست لە چوارچێوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێراندا، هاندەر و پشتیوانی شۆڕشگێڕانی سەر شەقامەکانی کوردستان بوون. بزووتنەوەی ژینا بە شێوەیەکی تەواو شارستانیانە دەچووە پێش و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بەربەرینتر دەبۆوە و پشتیوانیی زیاتری لێ دەکرا.

کۆماری ئیسلامیی ئێران کە پێگەی بەرزی کوردستان و حیزبەکانی لە بزووتنەوەی ژینادا، شێت و هاری کردبوون، پەنای بردەوە بەر ژوورە ڕەشە ئەمنیەتییەکانی و هەمدیسان بە ڕێکاریی هەمیشەیی ئەزموونکراو کە خەوشدارکردنی بزووتنەوەی کوردستانە، پیلانی بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتیی خەڵکی شار و ناوچەکانی دیکەی ئێران لەسەر کوردستان داڕشت. ڕێژیم بە کۆدڕەمزی "تجزیە طلبی" هێرشی تەبلیغیی دژبە بزووتنەوەی ژینا دەست پێ کرد و بەردەوام دەیگوتەوە کە "ئەم ئاژاوەیە بە پیلانی ئیستکباری جیهانی و هاندانی حیزبە جیاییخوازەکانی کوردستان" سەری‌هەڵداوە! ئەم سیاسەتانەی کۆماری ئیسلامی بۆ خەڵک ئاشنا بوون و خەڵکی ئێران نەتەنیا گوێیان نەدانێ، بەڵکوو زیاتر لە ڕۆژانی سەرەتایی بزووتنەوەکە پشتیوانیی خۆیان لە کوردستان دەربڕی.

حیزبەکانی کوردستان هەموو هەوڵێکیان ئەوە بوو بزووتنەوەکە بە ڕەوتێکی مەدەنیانەی بە دوور لە توندوتیژیدا هەنگاو بنێت و هیچ بیانوویەک نەدرێتە دەست هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم. لەم پێوەندییەدا کاک مستەفا هیجری بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە پەیامێکی تایبەت‌دا داوای لە خەڵکی کوردستان کرد خۆ لەهەر توندوتیژییەک بپارێزن و بەبێ ئەوەی بیانوو بدەنە دەست دەزگای سەرکوتی ڕێژیم، بە شێوەیەکی شارستانیانە درێژە بە ناڕەزایەتییەکانیان بدەن. بەڵام کۆماری ئیسلامی کە چاوی بەرایی دیتنی پێگەی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی لەم بزووتنەوەیەدا نەدەدا، پلان و پیلانی ئەوە بوو ڕێرەوی بزووتنەوەکە بە ئاقارێکی دیکەدا ببات و بیکاتە بیانوو بۆ سەرکوت و پەلاماردانی بزووتنەوەکە. ئەوە بوو کاتژمێر ١٠ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی ٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی و لە کاتێکدا ١٢ ڕۆژ بەسەر دەسپێکی بزووتنەوەی ژینادا تێ‌دەپەڕی، هێرشێکی هەمەلایەنەی مووشەکیی کردە سەر بنکە و بارەگانی حیزبەکان لە باشووری کوردستان. لە ئاکامی ئەم هێرشە تێرۆریستییەی کۆماری ئیسلامیدا کە کەمپە مەدەنییەکان و قوتابخانەی منداڵانیشی گرتەوە، وێڕای شەهید و برینداربوونی دەیان پێشمەرگە و تێکۆشەر سیاسی، قوتابخانە بەسەر منداڵاندا وێڕان بوون و ژنی دووگیان بە کۆرپەڵەوە گیانیان لێ ئەستێندرا.

ڕێژیمی کۆماری لە ڕێگای ئەم هێرشە جینایەتکارانەی خۆیەوە بۆ سەر حیزبەکان و بەتایبەت بۆسەر حیزبی دێموکرات کە لە مانگی دواتردا چەند جاری دیکەشی بەدوادا هات، ئەگەر لەلایەک دەیهەوێست بیروڕای گشتیی خەڵکی ئێران لەسەر بزووتنەوەکە بەلارێدا ببات و بە جۆرێکی دیکەی پێناسە بکات، لەلایەکی دیکەوە ڕاست ئامانجی ئەوە بوو مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خۆی کە نێوخۆی وڵات و شەقامەکانی ئێران و کوردستان بوون، بگۆڕێ بۆ جۆرێکی دیکە لە ڕووبەڕووبوونەوە کە لەودا باشتر دەستی بۆ سەرکوت و بەڵارێدابردنی بزووتنەوەکە ئاوەڵا بێت. بەڵام بە خۆشییەوە هەم خەڵکی کوردستان لە نێوخۆی وڵات و لەسەر شەقامەکان و هەم حیزبە سیاسییەکانی کوردستان بە ژیری و وریایی و وشیاریی سیاسیی خۆیان، ئەم پیلانەی ڕێژیمیان پووچەڵ کردەوە و نەچوونە مەیدانێکەوە کە دوژمن بۆی دیاری کردبوون.

ئامانجێکی دیکەی ڕێژیم لە هێرشی مووشەکیی بۆسەر حیزبەکان ئەوە بوو کە لە ڕۆڵ و کاریگەریی ئەوان لە سەربزووتنەوەکە و هەڵوێستی خەڵک لەسەر شەقامەکان کەم بکاتەوە. ڕێژیم وای دانابوو حیزبەکان لە ئاکامی ئەم هێرشانەدا بە جۆرێک تووشی دابڕان لە خەڵک و بەخۆوەخەریکبوون دەبن. بەڵام وەک دیتمان لەگەڵ ئەوەی ئەم هێرشانە وێرانی و شەهید و برینداربوونی دەیان کەسی تێکۆشەر و لێکەوتەی دیکەی بەدوودا هات، بەڵام هاوکات هێرشانە گیانێکی دیکەی بە بزووتنەوەکە بەخشی و ڕۆڵ و پێگەی حیزبی دێموکراتی ڕوونتر لەسەر شەقامەکانی کوردستان پێشان دایەوە. دوای هێرشی مووشەکیی سپای باسداران لە ٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی خەڵک لە شاقامەکانی کوردستان درووشمەکانی؛ "قاسملوو قاسملوو، ڕیگات درێژەی هەیە"، "ئەی ڕێژیمی دیکتاتۆر، مووشەک نامانترسێنی" و "کۆیە بەتەنیا نییە" و "قەڵا بەتەنیا نییە، کوردستان پشتیوانییە"یان گوتەوە.

لە ساڵڕۆژی دووهەمین هێرشی مووشەکیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر حیزبەکانی کوردستان، واتە ٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی یاد و بیرەوەریی شەهیدانی ٦ی ڕەزەر و گشت شەهیدانی کورد و کوردستان بەرز و بەڕێز بێت. ڕیسوایی و سەرشۆڕییش بۆ تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران.