کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆنفرانسی ساڵانەی حیزبی کرێکارانی بریتانیا

12:07 - 5 رەزبەر 2724

ڕۆژی شەممە، ٧ی ڕەزبەر( ٢١ی سێپتامبر) کۆنفرانسی ساڵانەی حیزبی کرێکاران لە وڵاتی بریتانیا بە بەشداریی نوێنەرایەتیی وڵاتان و حیزب و ڕێکخراوە جیاوازەکان لە شاری لیڤێرپوولی ئەو وڵاتە دەستی پێکرد.

هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی کاک ڕزگار ئالانی نوێنەری حیزب لە بریتانیا، کاک مەولوود سوارە و کاک مادح ئەحمەدی ئەندامانی ڕێبەری حیزب و کاک کاوە مۆدەڕێسی، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە بریتانیا و کاک کەماڵ مەحییەدینی، جێگری پێوەندییەکانی حیزب لە بریتانیا لەسەر بانگھێشتی فەرمیی حیزبی کرێکارانی بریتانیا بەشداریی بەشی نێودەوڵەتیی کۆنفرانسەکە بوون.

لە ڕۆژی یەکەمی کاری بەشی نێودەوڵەتیی کۆنفرانسەکەدا هەیئەتی حیزب بەشدارییان لە چەند کۆڕ و کۆبوونەوەی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی ئاسایشی ناوچەکە کرد. هەروەها لە میانەی کۆبوونەوەکاندا چاوپێکەوتنیان لەگەڵ "هامیش فاڵکۆنێر"، وەزیری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، "فریاڵ کلارک" و ژمارەیەک پارلەمانتار و وەزیران و نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوەکانی دیکە کرد.

لە ڕۆژی دووهەمی کاری بەشی نێودەوڵەتیی کۆنفرانسەکەدا، هەیئەتی حیزب بەشدارییان لە کۆبوونەوەیەکی فراوانی کۆنفرانسی حیزبی کرێکاران کرد کە تێیدا "رەیچڵ ریڤز"، وەزیری دارایی حکوومەتی بریتانیا وتارێکی لەسەر سیاسەت و بەرنامەکانی حیزبی کرێکاران پێشکەش کرد.

دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ، بەشی نێودەوڵەتیی کۆبوونەوەیەکیان بۆ حیزبە دەستەخۆشکەکانی حیزبی کرێکارانی بریتانیا پێک هێنا و ئەزموونی کاریی خۆیان لەسەر سیاسەتی دەرەوە و چۆنیەتیی سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو خستە ڕوو و هەروەها دەرفەتییان بە ئامادەبووانی کۆڕەکەدا کە پرسیار و سەرنجەکانی خۆیان بخەنەڕوو.

لەم بەشەدا، مادح ئەحمەدی، ئەندامی هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چەند پرسیاری لەسەر سیاسەتی حیزبی کرێکاران بەرانبەر بە پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها گرنگیی ناساندنی سپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ئاراستەی بەرپرسانی حیزبی کرێکاران کرد و وتی: گۆڕینی سەرکۆمار لە ئێران، بە مانای گۆڕینی سیاسەتی ئێران لە ناوچەکە نییە و دەبێ وڵاتان و بەتایبەتی بریتانیا پرسی بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران پشتگوێ نەخەن.

 

لە کۆبوونەوەیەکی دیکەدا لەسەر داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چەند پرسێکی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خرایە بەرباس. لەم کۆبوونەوەیەدا ڕزگار ئالانی، نوێنەری حیزب لە بریتانیا پرسیاری ئاراستەی کۆڕگێڕان کرد و پرسی گۆڕینی ڕێژیمی لە ئێران باس کرد.

دوایین کۆڕی ڕۆژی دووەمی بەشی نێودەوڵەتیی کۆنفرانسەکە تەرخان کرابوو بۆ دیداری نوێنەری وڵاتان، حیزبە سیاسییەکان و کۆمپانیاکان کە لە کۆبوونەوەکەدا هەر یەکە لە "کەیەر ستارمەر"، سەرۆکی حیزبی کرێکاران و "رەیچڵ ریڤز"، وەزیری دارایی وتاریان پێشکەش کرد.

لە ڕۆژی کۆتایی کۆنفرانسەکەدا پانێلی گرووپی سیاسەتی دەرەوەی لەیبەر پارتی لەسەر ڕۆژهەڵاتی نێوەراست بەڕێوەچوو. لەم پانێلەدا ڕزگار ئالانی نوينەری حیزب لە بریتانیا لەمیانەی پرسیارو وڵامدا لەسەر پەیوەندییەکانی حیزبی کرێکاران و هەروەها وڵاتانی ڕۆژاوا باسی لەوە کرد کە پێویستە حکوومەتی بریتانیا  پێداچوونەوە بە پەیوەندی و سیاسەت  بەنیسبت ئێراندا بکەنەوە.

بەشێکی دیکەی چالاکییەکانی هەیئەتی نوێنەرایەتیی حیزب لە ئێوارەی ڕۆژی کۆتایی کۆنفرانسەکەدا بەشداری لە وتەکانی کەیەر ستارمەر سەرۆك وەزیرانی بریتانیا بوو.

هەروەها دوو میوانداریەتی کە لەلایەن نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها ڕێکخراوی "کورد بۆ حیزبی کرێکارانی بریتانیا" بۆ کوردانی دیاسپۆڕا بە بەشداریی شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ئۆفیسی دیاسپۆرای کوردستان ڕێکخرابوو، هەیئەتی حیزب بانگهێشت کرابوو کە لەم دوو بۆنەیەشدا بەشداری چالاکانە کرا.

کۆنفرانسی ئەمساڵی حیزبی کرێکاران لەکاتیکدا بەڕێوەچوو کە ئەو حیزبە دوای چواردە ساڵ توانی لە هەڵبژاردنەکانی مانگی جوولای ڕابردوو لە بریتانیا سەرکەوتن بەدەست بھێنێت و حکوومەت بەدەستەوە بگرێت.