کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیشانگەی ''وێناندنی بەرخۆدان: کچانی خۆر، خەباتگێڕانی ژنی ڕۆژهەڵات" لە بریتانیا کرایەوە

10:51 - 7 رەزبەر 2724

ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ڕەزبەر، فاکەڵتیی زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانی پەیمانگەی زانست و لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئێگزەتەر بە هەوڵ و تێکۆشانی دوکتۆر ئالان حەسەنییانی، پیشانگەی فۆتۆگرافیی هونەرمەندی وێنەگری ناسراوی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەیوان فاتحی کرایەوە.

ئەم پیشانگەیە بە هەوڵ و کارئاسانیی هەردوو پرۆفیسۆر هێلن بەری و کریستینا فیلیپس و دکتۆر جەیمس داونز، لە زانکۆی ئێگزەتەر ڕێک خرابوو.

وەفدی کۆمیتەی بریتانیای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهاتوو لە بەرپرس و بەڕێوەبەرانی ڕاگەیاندن و ئەندامان و دۆستانی حیزب لەم پیشانگە هونەرییەدا بەشدار بوون کە تێیدا جەخت لەسەر کار و بەشداریی ژنان و کچانی کورد لە خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کرابووەوە.

پێشانگەکە بە وتەکانی پرۆفیسۆر هێلن بەری دەستی پێ کرد.

 دواتر دکتۆر ئالان حەسەنییانی پەیامی خۆی وەک ڕێکخەری پێشانگەکە و هۆنەرمەند کاک کەیوان فاتحی پێشکەش کرد.

لە بەشێکی دیکەی پیشانگەکەدا کورتە دیکیۆمێنتارییەک پیشانی ئامادەبووان درا کە تێیدا ژنان و کچانی نێو ڕیزەکانی شۆڕشی ڕەوای ڕۆژهەڵاتی کوردستان باسیان لە ستەم و نادادپەروەریی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، هەروەها گرنگی و کاریگەریی شۆڕشی ژینا دەکرد کە کەوتە بەر سەرنجی بەشداربووانی پیشانگەکە.

پێویست بە ئاماژەیە کەیوان فاتحی، هونەرمەندی وێنەگری دەستڕەنگین لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە ڕوانگە و دیدگایەکی نوێوە دەستی داوەتە چەندین پرۆژەی نوێ کە تێیدا لە زوومی کامیراکەیەوە گۆشەیەک لە خەباتی گرنگ و کاریگەری ژنان و کچانی ناو ڕیزەکانی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خراوەتە ڕوو و کارە هونەرییەکارەکانی لە چەندان میدیا و گەلەریی ناسراوی جیهانی پیشان دراون و کەوتوونەتە بەر سەرنج.