گوڵاڵە محەممەدی
ئەوەی لە ناوچەکەدا ڕوو دەدات، ئاکامی سیاسەتی شەڕئەنگێزانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. درووستکردن و پێکهێنانی ڕێکخرا و گرووپە توندڕەوەکان و پشتیوانی و یارمەتیدان و هاندانیان بۆ کاری توندڕەوانە لە ناوچەکە، بەرهەمی سیاسەتی قەیرانخوڵقێنیی کۆماری ئیسلامییە. ئەم ڕێژیمە جیا لە وێرانکردنی سەرخان و ژێرخانی چەند وڵات و نەتەوەیەکی ناوچەکە بە هۆی بنیاتنانی ئەم ڕەفتارە شەرئەنگێزانەی، نزیک بە پەنجا ساڵە، بەشێک لە سەروەت و سامانی گەلانی ئێرانی بۆ پشتیوانی و تەیارکردنی ئەم تاقم و گرووپانە بەفێرۆ داوە و وڵاتەکە و خەڵکەکەی تووشی هەژاری و دەیان قەیرانی جۆراوجۆر کردوە.
دوای ئەوەی دوێنی شەممە، ڕێکەوتی ٧ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی ئەرتەشی ئیسرائیل هەواڵی کوژرانی سەید حەسەن نەسروڵلا، ڕێبەری حیزبوڵلای لوبنان و چەندین کەس لە هاوڕێیانی دیکەی لە باشووری لوبنان بە هۆی بوردمانەکانییەوە ڕاگەیاند و دواتریش خودی حیزبوڵڵا هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە، عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم لە تاران لە پەیامێکدا دیسان – هەڵبەت نەرمتر لە جاران – هەڕەشەی تۆڵەسەەندنەوەی لە ئیسرائیل کرد. ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا نزیک بە چل هەزار کەس لە غەززە بە هۆی سیاسەتەکانی تارانەوە گیانیان لێ ئەستێندراوە و بە دەیان هەزار کەسی دیکەش ماڵ و حاڵیان لێ وێڕان بووە.
لەکەس شاراوە نیە کە دژکردەوە و هێرشەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل کە لە وڵامدانەوە بە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر هاووڵاتیانی ئیسرائیلی لە ٧ی ئۆکتۆبری ساڵی پار هاتنە ئاراوە و تا ئێستاش درێژەیان هەیە - بەتایبەت لەو بەشەدا کە خەڵکی سڤیل و بێدیفاع دەبنە قوربانی - پاساوهەڵگر نیە. بەڵام ئەوەی لەم نێوەدا تاوانباری سەرەکی و ڕۆڵی هەرە ئەساسی لە پەرەئەستاندنی ئەم شەر و وێڕانی و کوشتارەدا هەیە و کار لەسەر درێژکردنەوەیشی دەکات، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
کۆماری ئیسلامی کە هەر ئێستا و لە ٤٥ ساڵی ڕابردوە، سەرقاڵی دامەزراندن و پشتیوانیی ماڵی و لۆژستیکی گرووپی جیاجیای ئیدئۆلۆگ و میلیشیایی لە وڵاتانی فەلەستین، لوبنان، یەمەن، سوریە و عێراقە، بەهیچ شێوەیەک بە پێچەوانەی ئەوەی ئیدیعای دەکات "پشتیوانی لە گەلانی زوڵملێکراو" نیە. بەڵکوو هەمیشە هەوڵیداوە بە بەلاڕێدابردنی بەرەنگاری و خەباتی ڕاستەقینەی گەلان و هاندانیان بۆ توندڕەوی، وەک کارتێک لە پێناو بەهێزکردنی پێگەی شوومی خۆی لە ناوچەکە و بۆ مەرامی سیاسیی و ئەمنیەتی بەکاریان بێنێ کە بەداخەوە تا ڕادەیەکی بەرچاویش لەم پیلانەیدا سەرکەوتنی وەدەست هێناوە.
لە ڕووداوە هێڕشبەرانەکەی حەماس بۆ سەر هاووڵاتیانی ئیسڕائیلی کە بوو بە سەرەتا و بیانوویەک بۆ هەموو ئەو شەڕ و خوێنڕشتنانەی لە یەکساڵی ڕابردوودا هاتنە ئاراوە، کۆماری ئیسلامی نەیتوانی بیشارێتەوە کە لە پشت ڕوووداوەکە نەبووە. عەلی خامنەیی لە یەکەم دەرکەوتنیدا بە شاگەشکەبوون بە ڕووداوەکە پێیداهەڵگووت و شان و پیلی ئەو کەسانەی ماچ کرد کە ئەو پەلامارەیان ئەنجام داوە. لە ڕەوتی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا، کۆماری ئیسلامی بە ئاشکرا بە پێچەوانەی ئیدیعای دیپلۆماتەکانی کە گوایا کار لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخەکە دەکەن، بە هەموو شێوەیەک نەوتیان بە ئاگرەکەدا دەکرد. تا گەیشتە ئەو شوێنەی کە ئیسرائیل ڕاستەوخۆ هێندێک پێگەی ڕێژیمی تارانی لە سووریە و عێراق کردە ئامانج و چەند کەس لە پلەدارانی سپای پاسدارانی تێدا کوژران.
هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ ئیسرائیل و لەبەرنبەدا بەکوشتدانی ئیسماعیل هەنییە، ڕێبەری ڕێکخراوی حەماس لە تاران دۆخەکەی ئاڵۆزتر کرد و ئەمجارەیان شەڕەکە بە دنەدانی حیزبوڵڵا لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کە چەند جارێک بە درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، گۆزرایەوە بۆ لوبنان.
لە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ناوچەکانی باشووری لوبنان و کردنەئامانجی پێگە سەربازییەکانی حیزبوڵلا، کوژرانی حەسەن نەوسروڵڵا و چەند کەس لە هاوڕێیانی کە ڕابردوو و پێشینەیەکی دوورودرێژیان لەگەڵ کاربەدەستانی هەرە باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران هەبوو، یەکێک لە گرینگترین لێکەوتەکانی ئەم شەڕە بوو.
بێگوومان نەمانی ئیسماعیل هەنییە و حەسەن نەسروڵلا و زۆرێک لە ڕێبەرانی دیکەی حەماس و حیزبوڵڵا کە لە لایەن ئەرتەشی ئیسرائیلەوە کرانە ئامانج، شوێنەوار و کاریگەریی لەسەر ئەم هێزانە و ڕووداوەکانی دواتر دادەنێ. نەمانی ئەم دوو کەسە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران مانای تایبەتی خۆی هەیە کە ڕەوتی ڕووداوەکانی داهاتوو و جۆری هەڵسووکەوتی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بەو قەیران و تەنگەژانەی تێی کەوتووە و بۆ خۆدەربازکردن لە تێداچوون، لە چوارچێوەی "نەرمش قهرمانانە"ی خامنەییدا زۆر شت ڕوون دەکاتەوە.
دەسپێکی ئەم شەڕ و ئاژاوانەی یەکساڵی ڕابردوو لە کاتێکدابوو کە بەشێکی زۆر لە وڵاتانی عەرەبی لە ناوچەکە بە هاوکاریی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و لە چوارچێوەی پەیمانی ئیبراهیمدا سەرقاڵی گەڕاندنەوەی ئارامی و ئاسایش بۆ ناوچەکەبوون. لەو پێوەندییەدا پرسی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین یەکێک لەو بابەتانە بوو کە خەریک بوو ڕەوتێکی تەواو ئاشتیخوازانەی ئەزموون دەکرد. ڕەوتێک لە ئاساییبوونەوەی پێوەندیی نێوان وڵاتانە ئیسلامی و عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل کە بێگومان لە قازانجی پرسی میژوویی فەلەستینییەکان دەبوو.
بەڵام کۆماری ئیسلامی کە زیاتر لە دوو ساڵ بوو هەموو هەوڵێکی دیپلۆماتیکی خۆی خستبووەکار کە کۆسپ و تەگەرە بخاتە بەردەم ئەم ڕێکەوتنە و بەتەواوەتی هەستی بە لەپەراوێزکەوتن کردبوو، وەک خۆیان بە ئاشکرا ئیدیعایان دەکرد و قەتیشیان نەشاردەوە، ڕەوتی ئاساییبوونەوەی پێوەندیی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامییان لەگەڵ ئیسرائیل بە خوڵقاندنی کارەساتی ٧ی ئۆکتۆبر تێکدا کە ئاکامەکەی بوو بەو دۆخەی کە ئێستا ناوچەکە تێیکەوتووە و بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی رویتێرز، خامنەیش کونەمشکی لێ بۆتە قەیسەری و خۆی حەشار داوە.