کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێوەستبوونی سێ بەندیخانەی دیکەی ئێران بە کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان

10:22 - 14 خەرمانان 2724

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە ٣٢ـەمین حەفتەی بەڕێوەچوونیدا باسی لە پێوەستبوونی سێ بەندیخانەی شارەکانی ئەسەدئاباد، بەم و ئیسفەهان کردووە.

٣٢ـیەمەین حەفتەی ئەم کەمپەینە لە بەرەبەری دوویەمین ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژینادا لە زۆربەی بەندیخانەکانی کوردستان و ئێران بەڕێوە چووە و بەندکراوان بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە لەسێدارەدانی زیاتر، مانیان لە خواردن گرتووە.

کەمپەینەکە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک وێڕای ئاماژەدان بە بەردەوامیی سێدارە و ئەشکەنجە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە باسی لە نوێترین تاوانی ڕێژیم لە حەفتەی ڕابردوودا کردووە کە دوو کەس بە ناوەکانی سەید محەممەد میرمووسەوی لە گرتنگەیەکی شاری لاهیجان و کومەیل ئەبولحەسەنی لە بەندیخانەی شاری تۆنێکابۆن لەلایەن مەئموورانی هێزی ئینتزامی و ئەمنیی بەندیخانەوە لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژراون.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا بە ئاماژەدان بە لەسێدارەدانی بەندکراوێک لە شوێنێکی گشتی و لە بەر چاوی خەڵکدا ڕایگەیاندووە، دەزگای دادوەریی دیکتاتۆری ئایینیی حاکم لە هەوڵێکی نامرۆڤانەدا و بە هەڵسوکەوتێکی سەدە نێوەڕاستی تاوانێکی دیکەی خولقاند کە کاردانەوەی کۆمەڵگەی مافی مرۆیی و خەڵکی ئێرانی بەدواوە دەبێت.

سێشەممەکانی ناڕەزایەتیدەربڕین بە لەسێدارەدانەکانی کۆماری ئیسلامی ڕێکەوتی ٩ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن بەندکراوانی سیاسییەوە دەستی پێ کرد و جار لەگەڵ جار ژمارەیەکی دیکەی لە بەندیخانەکانی ئێرانی لەگەڵ خۆی هاودەنگ کرد.