ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەزبەر، هەیئەتی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی نۆرویژ، وێڕای بەشێک لە ئەندامانی حیزب بە بۆنەی دووهەمین ساڵیادی "هەینیی خوێناویی شاری زاهێدان"، بەشدارییان لە خۆپێشاندانێک لە ئۆسڵۆ کرد.
بەڕێز خوسرەو قادری بەرپرسی تەشکیلاتی کۆمیتەی گشتیی حیزب بەو بۆنەیەوە پەیامی کۆمیتەی گشتیی بە زمانی فارسی پێشکەش کرد.
ناوبراو لە پەیامەکەدا وێڕای مەحکومکردنی جینایەتی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئاماژەی بەوە کرد کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەمیشە لەسەر ئەو باوەڕە بووە کە بەبێ هەماهەنگی و خەباتی هاوبەشی نەتەوەکانی ئێران، سەرکەوتن بە سەر سیستمی دیکتاتۆری و دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەییەکان ئاسان نابێت. هەر بەو هۆیەشەوە حیزبی دێمواکراتی کوردستانی ئێران هەموو کات هەوڵی بۆ هاودەنگی و یەکڕیزیی نەتەوەکان و پشتیوانی لە یەکگرتوویی و هاوئاهەنگی لە نێوان هێز و لایەنە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی داوە.
دوو ساڵ لەمەوبەر لە ٨ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠١دا، هێزە ئەمنییەکان دوای نوێژی هەینی لە مزگەوتی مەکی لە شاری زاهێدان هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەرانی بلووچ.
هاوڵاتییانی شاری زاهێدان بۆ پشتیوانی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و هەروەها ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بە دەستدرێژی بەرپرسێکی باڵای پۆلیسی ئەو ناوچەیە بۆ سەر کچێکی کەم تەمەن بە نیازی ڕێکخستنی گردبوونەوەیەک بوون.
جێگای ئاماژەیە کە لەو هێرشە نامرۆڤانەیەدا زیاتر لە ١٠٠ کەس کوژران و شەهید کران و چەندین کەسیش بەو هۆیەوە بریندار بوون کە ژمارەیەک لەوانە کەسانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ بوون.