کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوونە کۆمای لاوێکی خەڵکی سنە دوابەدوای هێرشی کەسانی توندئاژۆ

16:03 - 9 رەزبەر 2724

ڕۆژی شەممە ٧ی ڕەزبەر، هاووڵاتیی کورد بە ناوی "فەرشید زارعی" خەڵکی سنە لە سێڕێیانی نمەکیی ئەم شارە، کرایە ئامانجی هێرشی کەسانی سەلەفیی توندئاژۆ و بە چەقۆ و قەمە و بە هۆی توندی و زۆریی برینەکانییەوە چووە کۆماوە.

کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە وتی؛ ژمارەیەکی زۆر لە "کەسانی توندئاژۆی سەلەفیی نزیک لە رێژیم" بە بیانووگەلی جۆراوجۆر لەوانە "کفرکردن" ئەم لاوە کوردەیان کردووەتە ئامانجی لێدانی چەقۆ و قەمە و لە ئاکامدا ئەم کوڕە چووەتە کۆماوە.

فەرشید زارعی ئێستا لە دۆخێکی نالەباردایە و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سنەیە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ؛ کەسانی "توندئاژۆی سەلەفی" بە بیانووگەلی جۆراوجۆر و زۆرتر بە مەبەستی ترساندنی خەڵک، ئەم کارانە دەکەن. لەلایەکی ترەوە بە سەرنجدان بە پێشینەی کردەوەکانی "توندئاژۆ سەلەفییەکان" و ئەوەی کە ئەم کەسانە تاکوو ئێستا لەلایەن هیچ ناوەندێکی رێژیمەوە  لێپرسینەوەیان لێ نەکراوە، " دەردەکەوێ کە "نزیک" لە ڕێژیمن و لە "زۆنی ئەمنی رێژیم"دان.

ئەمە چەندەمین جارە کە کەسانی سەر بە گرووپە "توندئاژۆ سەلەفییەکان" لە شارەکانی مەریوان، سنە و سەقز، هاووڵاتییانی مەدەنی دەکەنە ئامانجی هێرشەکانی خۆیان و بە چەقۆ لێیان دەدەن.

١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٢؛ هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "نەهرۆ ڕۆستەم نژاد"، تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی سەقز، لە یەکێک لە پارکەکانی سەقز، کەوتە بەر هێرشی چەند کەس لە کەسانی "توندئاژۆی سەلەفی بە بیری داعشی" و بە هۆی لێدانی چەقۆ لەلایەن ئەم کەسانەوە  بە سەختی بریندار بوو.

٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢، هاووڵاتیی تەمەن ٣٥ ساڵی کورد بە ناوی "فارووق ڕەشیدی" خەڵکی سەقز لەلایەن کەسانی سەلەفیی توندئاژۆوە کوژرا.

بانەمەڕی ١٤٠٠؛ گرووپێک لە سەلەفییە تووندئاژۆکان بە هاواری "اللە اکبر" بە بیانووی کفرکردن بە شمشێر و قەمە هێرشیان کردە سەر لاوانی گەڕەکی دارسەیران لە مەریوان و یەکێک لە دانیشتووانی ئەم گەڕەکەیان بەسەختی بریندار کرد.

٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠٠؛ گرووپە توندئاژۆ سەلەفییەکان لە ڕێگای "مەلقەڕەنی"ی شاری سەقز چەند لاویان بە بیانووی خواردنەوەی ئەلکول کردووەتە ئامانج و بەسەختی برینداریان کردوون.

٢ی جۆزەردانی ١٤٠٠؛ ژمارەیەک لە سەلەفییە توندئاژۆ مەزهەبییەکان لە کاتێکدا کە سواری ماتۆڕ بوون و دروشمی "اللە اکبر"یان وتووەتەوە لە شاری سنە هێرشیان کردە سەر دانیشتووانی گەڕەکی "حاجیاوا"ی ئەم شارە و کەسێکیان بریندار کرد.