کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێبەشکردنی چەندین خوێندکار لە خوێندن بەهۆی پابەندنەبوونیان بە حیجابی زۆرەملێ

11:48 - 14 خەرمانان 2724

لە درێژەی گوشارەکان بۆ سەر کەسانی ناڕازی بە حیجابی زۆرەملێ، خوێندکارێکی زانکۆی ئەلزەهرا بەهۆی پابەندنەبوونی بە حیجابی زۆرەملێ بۆ ماوەیەکی کاتی لە خوێندن دوور خرایەوە.

موحەدسەسادات فاتمی، خوێندکاری کۆمپیوتەری زانکۆی ئەلزەهرا، بە بڕیاری لێژنەی پێداچوونەوەی دیسپلینیی ئەو زانکۆیە و بە هۆکاری وەکوو ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ بە بێبەشکردنی کاتی لە خوێندن سزا درا کە ئەو دوورخستنەوەیە سێ تێرمی خوێندن لەخۆ دەگرێ.

هەروەها ئەم خوێندکارە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس هەواڵی دەرکردنی کاتیی خۆی بڵاو کردەوە وڕایگەیاند: ئەم دۆسیەیە لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٢ بەهۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ لە ژینگەی دەرەوەی زانکۆ بۆی کراوەتەوە و ئەم سزایە لەلایەن کۆمیتەی کۆمیتەی ئێنزێباتیی زانکۆوە پشتڕاست کراوەتەوە. هەروەها لە ١٦ی سەرماوەزی ١٤٠٢ کە لە ئێران ڕۆژی خوێندکارە بەهۆی بڵاوکردنەوەی چاوپێکەوتنەکەم لەلایەن میدیا ناوخۆییەکانەوە لەلایەن کۆمیتەی ئێنزێباتیی زانکۆوە ڕووبەڕووی دۆسیەی دووەمم بوومەتەوە.

ناوبراو زیادی کردووە کە بەبێ ڕادەستکردنی سزاکە ئاگادار کراوەتەوە کە سزا پێشووەکەشی لەلایەن زانکۆوە پشتڕاست کراوەتەوە و بە گوشاری دەروونی، واژۆی پشتڕاستکردنەوەی سزاکەیان لێ وەرگرتووە.

هەر لەم سەرووبەندەدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەواڵی بێبەشبوون لە خوێندنی دوو خوێندکاری دیکە بڵاو کرایەوە کە ئەوانیش بە هۆی بەرچاونەگرتنی حیجابی زۆرەملێ ئەو سزایەیان بەسەردا سەپێندراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مەسعوود پزشکییان سەرۆککۆمای ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاند پێشنیاری داوە وەزیرەکان کە خوێندکاران و مامۆستا دەرکراوەکان بگەڕێنەوە بۆ زانکۆکان.

لە کاتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا زانکۆکان مەکۆی شۆڕش و ناڕەزایەتی بوون و ئەم گوشار و ئازاردانانە بۆ سەر خوێندکاران لە زانکۆکان دوای شۆڕش چەند قات زیاتربووە و کاربەدەستان بە زەقکردنەوەی پرسی حیجاب ڕق و قینی خۆیان بە خوێندکاران دەڕێژن و بە دەرکردنی بڕیاراتی دوور لە ئەساس تا بە ئێستا بە دەیان خوێندکاریان لە خوێندن دوور خستووەتەوە یان بە یەکجاری لە زانکۆکان دەریان کردوون