کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکوتی سیستماتیک لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژینادا

01:18 - 15 خەرمانان 2724

سمایل شەرەفی

بە مەبەستی چاوترسێنکردنی خەڵک و پێشگرتن لە هەر جووڵەیەکی ناڕەزایەتی و چالاکیی تایبەت بە ساڵوەگەڕی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینا، کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگای دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی خۆیەوە، گەڕێکی دیکە لە سەرکوتکردنی لەنێو کۆمەڵگەکانی ئێراندا دەست پێ کردۆتەوە.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویان کردووەتەوە لە ماوەی یەک بۆ دوو حەوتووی ڕابردوودا تەنیا لە شار و ناوچەکانی کوردستان، ڕەوتێکی نوێ لە دەستبەسەرکردنی لاوان بە بیانووی جۆراوجۆر لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە و بە شێوەی سیستماتێک خەریکی بەڕێوەچوونە. هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکردنی چالاکانی سیاسیی و مەدەنی لە کوردستان، لە زۆربەی شوێن و ناوچەکانی ئێران، گوشار بۆ سەر زیندانیانی سیاسی لە زیادبوون‌دایە و هەر لەو چەند ڕۆژەدا لە لایەن بێ‌دادگاییەکانی ڕێژیمەوە، حوکمی قورس و گران بەسەر چەند کەس لەوانەی بەشدارییان لە بزووتنەوەی ژینادا کردوە، داسەپاوە. گوشار خستنەسەر خوێندکاران و بێبەشکردن لە مافی خوێندن بە بیانووی جۆراوجۆری وەک لەبەرچاونەگرتنی حیجاب و بەشدارییان لە بزووتنەوەی ژینادا، بەشێکی دیکە لەو سەرکوتە سیستماتیکەیە کە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە سەروبەندی ساڵرۆژی ژینا‌دا گرتوویانەتە بەر و لەپەرەسەندن‌دایە.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بە تێکڕایی بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیارییەکانیان لەسەر چالاکانی کرێکاری لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا زیادی کردوە و چەندین کەس لە چالاکانی کرێکاری بە تاوانی ناڕەزایەتی‌دەربڕین بەرانبەر بە یاسای کار و دواکەوتنی حەقدەستەکانیان دەستبەسەر کراون و چالاکانی بەندکراوی کرێکاری لە زیندانەکان لەژێر گوشاردان و ڕۆژانە جیا لە پشت‌گوێخستنی داواکانیان، بێ‌ڕێزی و سوکایەتییان پێ دەکرێ.

بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی ناوەندەکانی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویان کردۆتەوە، تەنیا لە شاری مهاباد لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا پێنج کەس لە لاوانی ئەم شارە لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی رێژیمەوە دەستبەسەر کراون. بەشێک لەم دەستبەسەرکراوانە لە بنەماڵەی شەهیدانی بزووتنەوەی ژینان و بە بێ‌ئاگاداریی پێشوەختە، لە ڕێگای هەڵکوتانەسەر ماڵەکانیان قۆڵبەست کراون و بۆ شوینی نادیار ڕاگوێزراون.

هۆکاری دەستبەسەرکردنی لاوان و چالاکانی سیاسی جۆراوجۆر و بێ‌بنەمان؛ هاووڵاتییەکی خەڵکی ئاوایی قۆزڵوی ناوچەتی هەوشار بە ناوی ناسر مرادی دوای تێپەڕینی شەش مانگ لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەمساڵ، بە تاوانی بەشداری لە بەڕێوەبردنی ڕێورەسمی نەورۆزی و کردنەوەی ئاوری نەورۆز دەستبەسەر کراوە.

ڕامیار ئەبوبەکری، مێرمنداڵی تەمەن شازدە ساڵەی مهابادی کە برای یەکێک لە شەهیدانی بزووتنەوەی ژینا بەناوی زانیارە، چەند ڕۆژ پێش ئێستا بە بێ مۆڵەتی یاسایی هێرش کراوەوتە سەر ماڵیان و دوای لێدان و سوکایەتیکردن بە بابی، دەسبەرسەر کراوە و  تا ئێستا بنەماڵەکەی لە وەرگرتنی هەر جۆرە زانیارییەک سەبارەت بە چارەنوسی ڕامیار بێ‌بەش کراون.

مەنیژە خۆشنوود، هاووڵاتییەکی دیکەی دەستبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٥ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی، هێشتا دەسبەسەر و چارەنووسی ناڕوونە. بە ناڕوونی هێشتنەوەی چارەنووسی بەندکراوان بەتایبەت لەو سەروبەندەدا، یەكێکی دیکە لە ڕەفتارە پێشێلکاری و سەرکوتکارییەکانی رێژیمە کە، تەنیا ئامانجیشیان بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندنە.

دەستبەسەرکردنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژینادا بەتایبەت لە کوردستان بەرچاوتر لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردستان، چەند ڕۆژ پێش ئێستا هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا هەڵیانکوتایە سەر ماڵی لانی کەم ٨ چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی گێڵان لە پاڕێزگای کرماشان بە ناوەکانی؛ محەممەد پەروین، ماریا خانی، جەهانگیر ئازادی، لوتفوڵڵا پەرویز، حەمیدڕەزا ڕەحیمیان، سەلمان پەرهان، عەلی فەرەج خانی و مستەفا ڕۆستەمی و دوای بەکارهێنانی توندوتیژی و بی‌ڕێزی‌پێکردنیان دەستبەسەریان کردن.

هەر بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویان کردۆتەوە؛ لێپرسینەوە لە دۆسییەی تۆمەتبارکراوانی چەند مانگ و ساڵی ڕابردوو، هەڵدانەوەی زۆرێک لە حوکمە کۆنە بەسەرداسەپاوەکان، بانگکرتنی تۆمەتباران و بەڕێوەچوونی حوکمە داسەپاوەکان و بانگکردنی چالاکانی مەدەنی و سیاسی بۆ ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە ماوەی یەک دوو حەوتووی ڕابردوودا و لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژینادا -کە ڕۆژی ٢٥ی خەرمانانی ئەمساڵ دوو ساڵەی ئەم بزووتنەوە مێژووییەی کوردستان و ئێرانە- زیاتر لە جاران بووە و بەرچاوە.

هەر وەک ئاماژەی پێ درا ئەم سەرکوتە سیستماتیکە سەرلەنوێیەی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژینادا، ئامانجی تایبەتی لە دوایە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم رێگاوە هەم دەیهەوێ خەڵک چاوترسێن بکات و ئەو پەیامە بدات کە هەزینەی هەر جووڵەیەکی ناڕەزایەتی‌دەربڕین دەتوانێ چەندە قورس بێت و هەم نیشانە لە ترس لە ڕاپەڕینێکی دیکەی خەڵکە.

کوردستان لەم ترس و نیگەرانییەی ڕێژیمدا ئامانجە سەرەکییەکەیە، بۆیە زۆرترینی ئەم سەرکوتکاریانە لە شارو ناوچەکانی کوردستانە. کوردستانێک کە بە درێژایی تەمەنی پڕ لە سەرکوتی کۆماری ئیسلامی، سەمبولی بەگژداهاتن و لێبڕاوبوون لە سەر دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی خۆیە بووە و هەیە. وەک لە بزووتنەوەی ژیناش‌دا نیشانی‌دا دەتوانێ بۆ بزووتنەوەی سەرانسەری لە ئێران دژ بە دیکتاتۆری و هەوڵدان بۆ گەیشت بە ئازادی و بنیاتنامەوەی وڵاتێکی دێموکراتیک ببێتە "چاو و چرا".