کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٣ حاڵەتی ژنکوژی لە ئێران لە ماوەی یەک مانگدا

10:39 - 15 خەرمانان 2724

ڕێکخراوی هەنگاو لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە ئێران ڕایگەیاند کە لە ماوەی مانگی سێپتامبری ٢٠٢٤دا لانیکەم ١٠ چالاکی ژن دەسبەسەر کراون، ١١ چالاکوانی ژن سزای زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە و لانیکەم ٢٣ حاڵەتی کوشتنی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران تۆمار کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو کە ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەرمانان بڵاو کراوەتەوە، لە مانگی ڕابردوودا لانیکەم ١٠ چالاکی ژن لە شارە جیاجیاکانی ئێران دەسبەسەر کراون کە بەرابەر بە ١١ لەسەدی کۆی گشتیی ئەو هاووڵاتییانەیە کە لەم مانگەدا دەسبەسەر کراون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لەم ماوەیەدا لانیکەم ١١ چالاکوانی ژن لە شارە جیاجیاکانی ئێران بە کۆی گشتی ٤٠ ساڵ و ٥ مانگ و ٢٢ ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە و پێنج کەس لەو ژنانەش لە دۆسییەیەکی هاوبەشدا لە پارێزگای گیلان سزای زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە.

بەپێی ئەو ئامارە، لە ماوەی مانگی سێپتامبردا لانیکەم ٢٣ ژن لە شارەکانی ئێران کوژراون، ١٣ ژن بە دەستی مێردەکانیان، ٢ ژن بە دەستی باوکیان، ٢ ژن لەلایەن کوڕەکانیانەوە، و ٦ ژن لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە.

لە کۆی گشتیی ٢٣ حاڵەتی ژنکوژی، حاڵەتێک بەمەبەستی نامووسی، ١٧ حاڵەت بە هۆکاری ناکۆکی بنەماڵەیی، ٢ ژن بە مەبەستی دزی، یەک ژن بە مەبەستی دەستدرێژی و ٢ ژنیش بە هۆکاری نادیار کوژراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا ١٢٢ حاڵەتی کوشتنی ژنان لە ئێران تۆمار کراوە و بەشێکی زۆری ئەو کوشتنانەش لەلایەن ئەندامانی نزیکی بنەماڵەی ئەو ژنانەوە ئەنجام دراون.