کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مووشەکبارانی ١٧ی خەرمانان و پێگەی بەرزی حیزبی دێموکرات

01:07 - 17 خەرمانان 2724

هەردی سەلیمی

پێشنیوەڕۆی ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای بەئامانگرتنی کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات، بنکە و بارەگاکانی حیزبی دایە بەر هێرشی مووشەکی. لە ئاکامی ئەم هێرشە تێرۆریستییەدا ١٦ کەس لە ئەندامانی ڕێبەری و کادر و پێشمەرگەکانی ئەم حیزبە بە ناوەکانی؛ کەریم مەهدەوی ناسراو بە "کەریم سەقزی"، ڕەحمان پیرۆتی، ئیبراهیم ئیبراهیمی ناسراو بە "برایم زێوەیی"، نەسرین حەدداد، سوهەیلا قادری، هاشم عەزیزی، محەممەد حەسەن‌پوور، عوسمان عوسمانی، قادر عیززەتی ناسراو بە "قالەڕیشە"، کەریم ڕەسووڵ‌زادە ناسراو بە "مام شێرکۆ"، فاڕووق حەسەن‌خەیات، هاوڕێ کارساز، موختار قادرپوور، پێشەوا عەزیزپوور، جەماڵ ئەکبەری و مەنسوور ئەکبەرپوور شەهید بوون و، نزیکەی چل کەسی دیکە لە تێکۆشەرانی دێموکرات کە ژن و منداڵیشیان لەنێودا بوو، بریندار بوون.

ئەمە یەکەم جار بوو لە مێژوودا کە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆن لەلایەن دەوڵەتێکەوە بکەوێتە بەر هێرشی مووشەکی، جگە لە بۆمباران و تێرۆر و هێرشی نیزامیی چەندلایەنە بۆ سەر حیزبی دێموکرات لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، پێشتریش و لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٥دا ئەم ڕێژیمە چەکی شیمیایی بەدژی ئەم حیزبە بەکار هێنابوو، بەڵام ئەوەی کە لەو کاتەدا کۆبوونەوەی کومیتەی ناوەندیی ئەم حیزبە بە مووشەکی بالستیک کرایە ئامانج، خۆی دەرخەری چەند خاڵی گرینگی شیاوی ئاماژەپێدانە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە پاشخانێکی دەوڵەمەند و سەرفرازانە لە ژیانی سیاسیی چەندین ساڵەی خۆی بەدرێژەی ئەم نزیک بە نیوسەدەیە هەمیشە چەقڵی چاوی کۆماری ئیسلامی بووە و یەکێک لە لەسەرپێترین لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئەو ڕێژیمە بووە کە هەرگیز دەستی لە خەباتی چەندڕەهەندیی خۆی بەدژی ئەو ڕێژیمە هەڵنەگرتووە و لە پانتاییی نفووزی خۆی‌دا خاوەنی پێگەیەکی حاشاهەڵنەگرە و جیا لە ئێعتبارێکی پڕ لە شانازی لەنێو کۆڕ و کۆمەڵە ئێرانییەکان‌دا لە سەر ئاستی جیهانیش‌دا لە کۆڕ کۆڕبەندە نێونەتەوەییەکانیش‌دا خاوەن پێگەیە و گوێی لێ دەگیردرێ.

بۆ ئەوەی پتر بۆمان ڕوون بێتەوە کە ئەوەی کۆماری ئیسلامی بۆچی لە نفووز و پێگەی حیزبی دێموکرات دەترسێ، کۆمەڵێک تایبەتمەندی هەن کە لێرەدا ئاماژە بە چەند خاڵێکیان دەکەین؛

یەکەم: حیزبی دێموکراتی کورستان هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە هەتا ئێستا تەشخیس و لێکدانەوەی سیاسیی دروستی هەبووە، بەو واتایە کە ڕێی خەباتی لێ هەڵە نەبووە، چون پرسی یەکەم بۆ حیزبی دێموکرات پرسی نەتەوەیی بووە و لەڕێی چارەسەری ئەو پرس و کێشەیەدا هەنگاوی ناوە، بۆیە ئێستاش هەر لە ڕۆژەڤ‌دایە و لێبڕاوانە و سەرەڕای بڕینی گەڵێک هەوراز و نشێو درێژەی بە خەبات و تێکۆشان داوە.

دووەم: چ لە ڕووی ساختار و چوارچێوەوە و چ لە ڕووی ڕێباز و بەرنامەوە بەردەوام خۆی نوێ کردۆتەوە و سیگناڵەکانی کۆمەڵگەی خۆی وەرگرتووە و هاوشان لەگەڵ خوێندنەوەی گۆڕانکارییەکان، ڕۆحی سەردەمیانەی لە خۆی‌دا ئۆرگانیزە کردوە.

سێیەم: بە هۆی پێوەندیی ڕۆژانە لەگەڵ کۆمەڵگە لە رێگای تەشکیلات و میدیا و گرتنەپێشی سیاسەتی دروست و واقعنبینانە هەرگیز لە کۆمەڵگەی کوردستان دانەبڕاوە و پێوەندییەکی ئۆرگانیکی و نەپساوەی لەگەڵ جەماوەرانی کوردستان‌دا هەبووە کە ئەمە بۆ حیزبێک کە ڕێبەرییەکەی نێوخۆی وڵات‌دا نیە، خاڵێکی بەهێز و ئەرێنییە.

چوارەم: تایبەتمەندییەکی تر کە دەتوانێ پێوەندیی هەبێ بە تایبەتمەندیی پێشترەوە، ئەوەیە کە بەردەوام هێز و خوێنی نوێی تێ‌گەڕاوە و لە هەموو تەمەنەکان‌دا ئەندام و لایەنگری هەیە و خاوەنی چەندین وەچەیە. کچان و کوڕانی کوردستان لە هەموو چین و توێژ و ناوچەکانی نیشتمان ڕوویان تێ‌کردوە و سەنگەری خەبات و تێکۆشانی ئەم حیزبەیان ئاوەدان کردۆتەوە.

پێنجەم: بەردەوامیی و لێبراوبوونی حیزبی دێموکرات لە خەبات و درێژەدانی ڕێگای گەیشتن بە ویست و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دیکەی ئەم حیزبەیە. ئەم حیزبە بەدرێژایی تەمەنی خۆی لە مەیدان‌دا بووە و دژوارترین رۆژانی ژیانی سیاسیی بزووتنەوەیەکی مافخوازی تاقی کردۆتەوە. لەم ڕێگایەدا تێکۆشەرانی حیزب گیانفیدایی و گیانبازیی زۆریان کردوە و تێچووی قەرەبوونەکراوەیان پێشکەش بە بارەگای ئازادی کردوە، لە هەزاران شەهیدی کادر و پێشمەرگەوە بگرە تا لەسێدارەدان و تێرۆری ڕێبەرانی.

شەشەم: خەڵکی بوونی حیزبی دێموکرات، بەومانایە کە ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەیەکی گشتگیری نەتەوایەتیی کردوە و تەنیا تایبەت بە چین و توێژێکی تایبەت نەبووە،یەکێکی تر لە تایبەتمەندییە گرینگەکانی بووە. ئەم تایبەتمەندییە حیزبی دێموکراتی لە ڕەوتێکی ئیدئۆلۆژیکی چوارچێوە بەرتەسکەدا نەهێشتۆتەوە و وەک حیزبێکی بەرینی جەماوەری خاوەنی هێز و توانای تایبەت بە خۆیەتی.

حەوتەم: ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەموو هەلومەجێک‌دا، لە گۆڕەپانی سەرەکیی خەبات‌دا ماوەتەوە و دۆخە دژوار و پڕتێچووەکانیش ڕێبەرایەتیی ئەم حیزبەیان ناچار بە دوورەپەرێزی و مەیدانچۆڵکردن و خۆدورخستنەوە لە دژوارییەکان نەکردوە و شان بەشانی سەرجەم تێكۆشەرانی حیزب، بەشداریی مەیدانیی خەباتیان کردوە.

هەشتەم: حیزبی دێموکرات وەک لە نێو دڵی کۆمەڵگەی کوردستانەوە هەڵقوڵی و پێیگرت، هەمیشە و لە هەموو قۆناغەکانی خەبات‌دا، خەڵکی کوردستانی بە پشت و پشتیوانی سەرەکیی خۆی زانیوە و قەت بێ‌بەری و بێ‌منەت لە خەڵک نەبووە.

 ئەمانە و زۆر تایبەتمەندیی تریش دەرخەری ئەو هەستیارییەی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بەم حیزبەن، چونکی لە ڕاستی‌دا کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر بە باشی لە ڕۆڵ و پێگەی حیزبی دێموکرات لە نێو کۆمەڵگەی کوردستان تێگەیشتووە. بۆیە هیچ سەیر نییە کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران کە تا ئێستا بزووتنەوەی کوردستانیان لە گشتییەتی خۆی‌دا بۆ سەرکوت نەکراوە، ماکەی ئەو کێشانەی وا لە کوردستان‌دا لەگەڵی بەرەوڕوون بە حیزبی دێموکرات دەزانن و هێرشی هەمەجۆرەی دەکەنە سەر، چون ئەو دەسەڵاتە بەباشی لە تایبەتمەندییەکان و لە پێگە و نفووزی حیزبی دێموکرات ئاگادار و شارەزایە.

 لەم ڕووەوە بوو کە لە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی‌دا هێرشی کردە سەر پلینۆمی کومیتە ناوەندیی ئەم حیزبە و پێی‌وابوو بەو هەنگاوە دەتوانێ حیزبی دێموکرات لەنێو بەرێ و ترسێک بنیشێنێتە دڵی خەڵکی کوردستان، بەڵام وڵامی چوار ڕۆژ دواتری خەڵکی کوردستان لە ٢١ی خەرمانان، لەسەر داوای حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کە بە دروشمی "من کەرامەتی نەتەوەییم دەپارێزم و لە ماڵ نایێمە دەرەوە" داوا لە خەڵک کرابوو مانگرتن بەڕێوە بەرن؛ مانگرتنێکی سەرکەوتوو بەڕێوە چوو کە هەتا ئەوکات لە مێژووی کۆماری ئیسلامی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا لە یەکڕیزی و یەکدەستی‌دا بێ‌وێنە بوو.

ڕاستە حیزبی دێموکرات لە ڕووی نیزامییەوە توانای وڵام‌دانەوەی ئەو هێرشەی نەبوو و زەبرێکی کاریگەریشی لێ‌کەوت، بەڵام لە ڕووی سیاسی و جەماوەرییەوە نیشان درا کام لا دەتوانێ خاوەنی پێگە بێ و خەڵک بەرەو لای خۆی ڕاکێشێت. کاردانەوەکان بەو هێرشە دڕندانەیە بەتەنیا ڕۆژهەڵاتی کوردستانی نەگرتەوە، بەڵکوو هەم لە باشووری کوردستان و هەمیش لە وڵاتانی ئورووپایی شەپۆلێک لە هاوسۆزیی بەرینی بۆ حیزب بەدواوە بوو و ئیدانە و ڕسوایییەکی پتر لە پێشووتر بۆ کۆماری ئیسلامی.

کۆماری ئیسلامی لە درێژەی هەوڵە بێ‌ئاکامەکانی‌دا چەند جاری تریش هێرشی مووشەکیی کردەوە سەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە هێرشی مووشەکیی و درۆنیی ئەم ڕێژیمە لە ٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی و ڕاست مانگێک دوای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینا بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزب، بەرچاوترینیان بوو. ئامانجی ئەم هێرشانانە هەم ئەوە بوو حیزب لە تێکۆشانی خۆی ڕابگرێ و هەمیش ئیرادەی خەڵکی کوردستان بە هێرش‌کردنە سەر حیزبی ڕێبەر و پێشەنگیان تێک‌بشکێنێ، هەروەها سەروەریی خاکی باشووری کوردستانیش ژێرپێ بنێ؛ بەڵام لەو پێوەندییەش‌دا دەرکەوت کە وەک هەمیشە خراپیان لێک داوەتەوە و ئەم دەستوەشاندن و پەلاماردانانە هێندەی دیکە حیزبی دێموکراتی لەلای خەڵکی کوردستان خۆشەویست‌تر کرد و لەم مەیدانەش‌دا ئەوەی تووشی شکست و ریسوایی بوو، کۆماری ئیسلامی سپای پاسداران بوو.

 یاد و ناوی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان و هەموو شەهیدانی کوردستان بەرز و بەڕێز بێت و ئامانجەکانیان بێتە دی.