کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات لەبارەی گرتن و ڕادەستکردنی بێهزاد خوسرەوی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران

10:51 - 17 خەرمانان 2724

ڕاگەیەندراوی ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات لەبارەی گرتن و ڕادەستکردنی بێهزاد خوسرەوی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران

لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا بێهزاد خوسرەوی، خەڵکی سەقز، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، نیشتەجێ لە شاری سلێمانی لەلایەن دەزگای ئاسایشی حکوومەتی هەرێم لەم شارە دوو جار بانگ کراوە و جاری دووهەم دوای چەند ڕۆژ بەندکردن و ڕاگرتن، ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کراوە.

لە ڕاگەیەندراوی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە شاری سلێمانی هۆکاری گرتن و ڕادەستکردنی بێهزاد خوسرەوی بە کۆماری ئیسلامیی بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە کە ناوبراو مۆڵەتی نیشتەجێ بوون لە هەرێمی کوردستانی نەبووە و هیچ پێوەندییەکی تەشکیلاتیی بە لایەنێکی سیاسییەوە نەبووە.

پێچەوانەی ئەوەی لەو ڕاگەیەندراوەی دەزگای ئاسایشدا هاتوە، بێهزاد خوسرەوی ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە لەگەڵ دایک و خوشکی لە هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی دەژین و بەپێ هەموو بەڵگە بەردەستەکان، لە نشینگەی شاری سلێمانی ئیزنی مانەوە و نیشتەجێبوونیان وەرگرتووە و مانەوەیان لەو شارە یاسایی و بەپێی ڕێوشوێنەکانی حکوومەتی هەرێم بووە، تەنانەت وەک پەناخوازی سیاسی لە کۆمیساریای بەرزی پەنابەران، نوێنەرایەتیی UN لە هەرێمی کوردستان ناوی تۆمار کردوە. هەروەها ماوەی ٧ ساڵە خۆی و بنەماڵەکەی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون و لە هەموو ئەو ماوەیەشدا لە چوارچێوەی یاسا و ڕێوشوێنەکانی حکوومەتی هەرێم لە سلێمانی ژیاوە و هیچ لادان و سەرپێچییەک لە ناوبراو ڕووی نەداوە کە لە مەحکەمە و دادگایەکدا لەسەری سەلمابێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕادەستکردنی بێهزاد خوسرەوی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران مەحکووم دەکا و ڕادەگەنێت کە دۆسیەی گرتنی بێهزاد دەبوا بەپێی یاسا لە دەزگای دادی هەرێمی کوردستاندا بڕیاری لەسەر درابا، نەک ناوبراو کە ئەندامی حیزبێکی سیاسیی دژبەری کۆماری ئیسلامی و پەناخوازی سیاسی نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستانە، لەلایەن دەزگای ئاسایشی سلێمانییەوە ڕادەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرابا. بۆیە وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی لەو ڕووداوە داوای زانیاری و ڕوونکردنەوەی پتر لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکان و هەروەها بەدواداچوونی یاسایی بۆ ئەو بابەتە دەکەین.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی تەشکیلات

١٧ی خەرمانانی ١٤٠٣ (٧/٩/٢٠٢٤)