کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەوین مستەفازادە: بە دێکۆمێنتکردنی جینایەتەکانی ڕێژیم بەشێکە لە پڕۆسەی داکۆکیکردن لە مافی کورد بە دژی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی

21:39 - 17 خەرمانان 2724

ئەوین مستەفازادە: بە دێکۆمێنتکردنی جینایەتەکانی ڕێژیم بەشێکە لە پڕۆسەی داکۆکیکردن لە مافی کورد بە دژی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی

 

وتووێژ: شەهرام سوبحانی

ئاماژە: کورد بە درێژایی مێژوو هەموو شێوە مردنێکی ئەزموون کردوە کە کۆمەڵکوژی و جینۆسایدیش یەکێک لەو شێوە مردنانە بووە کە داگیرکەرانی کوردستان بۆ سەپاندنی هێژمون و دەسەڵاتی خۆیان لە کوردستان دەرحەق بە نەتەوەی کورد کردوویانە، کۆمەڵکوژییەکان و جینایەتەکان لە کوردستان زۆرن، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە لە دیمانەیەدا جێگای باسە و سرنجە باسێک لە سەر کۆمەڵکوژییەکەی قاڕنێیە کە لە ڕێکەوتی ١١ی خەرمانانی ساڵی ١٣٥٨هەتاوی لەلایەن ڕێژیمی خۆسەپێنی کۆماری ئیسلامییە دژ بە خەڵکی بێ تاوان و مافخوازی کوردستان کرا. لەم بەشەدا داوامان لە زۆر بەڕێز خاتوو ئەوین مستەفا زادە، چالاکی مافی مرۆڤ و وتەبێژی ڕێکخراوی "کوردپا" کردوە تا لەم بارەوە زانیاری زیاترمان پێ بدا.

خاتوو ئەوین هەروەک دەزانین کە ١١خەرمانان هاوکاتە لەگەڵ کۆمەڵکوژییەکەی قاڕنێ، پێم خۆشە لێرەڕا باسێکی پۆخت لەو کۆمەڵکوژییە بکەن؟

کۆمەڵکوژی گوندی قاڕنێ یەکێکە لە تاوانە هەر قێزەونەکانی دەستی کۆماری ئیسلامی ئێران کە دوابەدوای فتوای جیهادی خومەینی بۆ سەر کوردستان ڕوویدا. دوای ئەوەی کە خومەینی لە ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨فەرمانی جیهادی بۆ لە ناوبردنی هێزە سیاسییە کوردستانییەکان دەرکرد، لە ۱١ خەرمانانی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی بە بیانووی بوونی هێزی پێشمەرگە گەمارۆی گوندی "قاڕنێ" دەدرێت و لە ئەنجامی هێرشێکی نیزامی بە چەک و چەقۆ و تەنیا لە ماوەی سێ کاتژمێردا ۶۸ کەس لە خەڵکی مەدەنی(پیاو و ژن و منداڵ) دەکوژرێن و بەشێکیان سەر دەبڕدرێن، لەوانە مەلای مزگەوتی گوند (مەلا مەحموود مەستورزادە) کە بە قورئانەوە بەرەو پیری سەربازەکان دەچێ و داوایان لێ‌دەکات دەست لە خەڵکی گوند بپارێزن و دڵنیایان دەکاتەوە کە گوندەکەیان خاڵییە لە پێشمەرگە، بەڵام سەربازەکان هەر لەوێ مەلا مەحموود دەکوژن و سەری دەبڕن.  کۆمەڵکوژی گوندی قاڕنێ لەکاتی خۆیدا دەنگدانەوەیەکی زۆری لە کوردستان و ئێران لێکەوتەوە، بەڵام چونکە کوشتار و کۆمەڵکوژییەکە بەشێک بوو لە سیاسەت و فیتوای جیهادیی خومەینی، هیچ دەرئەنجامێکی ئەوتۆ لەو بەڵێن و قسانە بەدی نەکراوە، کەس لەسەری سزا نەدرا. بەڵکوو کۆمەڵکوژی و تاوانی زیاتریشی لە گوندەکانی دیکەی کوردستان، بەدواداهات. هەربۆیە پێویستە بۆ خوێندنەوە و گێڕانەوەیەکی بە دێکۆمێنت، ئاوڕ لە پێش زەمینە و سیاسەت و فیتوای جیهادی خومەینی بۆ سەر کوردستان و ئەو شەڕ و ناکۆکییەی نێوان تورک و کورد کە بەشێکی زۆری دەستی حکوومەتی تێدا بوو، بدرێتەوە. ٢٥ی خەزەڵەوەری١٣٥٨ی هەتاوی ڕۆژنامەی ئیتلاعات لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کرد کە کۆتایی لێکۆڵینەوەکان ئەوە نیشان دەدەن کە گروپی خۆجێی "جوانمردان" لە دامەزرێنەرانی ژاندارمری، ٤٥ کەسی بێ‌تاوانی قاڕنێیان کوشتووە و دواتر بۆ بیابان گۆاستراونەتەوە بۆ ئەوەی نیشان بدرێت لە شەڕدا کوژراون. هەروەها لەو ڕۆژنامەدا باس لەوە کراوە، بەداخەوە لەگەڵ ئەوەی بکەرەکانی ئەو کوشتارە ناسراون، بەڵام بە هۆی پشتیوانی ظهیرنژاد(فەرماندەی لەشکری ٦٤ ورمێ) لە گەندەڵەکانی ناوچە، ئەگەری دەستبەسەرکران و سزادانی ئەو کەسانە بوونی نییە". ڕۆژنامەی "کەیهان"یش باسی لە دروستبوونی لێژنەیەک پێکهاتوو لە نوێنەری سەرۆک وەزیر و پارێزگار و ئیمامی جومعەی نەغەدە کرد کە سەردانی گوندی قاڕنێنیان کردوە بۆ ڕادەستکردنەوەی ڕاپۆرت بە سەرۆک وەزیران و پارێزگار. لەگەڵ هەموو ئەو دەنگدانەوانە و هەروەها کۆمەڵێک بەڵێنی بەرپرسانی ئەوکات بۆ سزادانی بکەرەکان، بەڵام تاکوو ئێستا هیچ کەس لەو پەیوەندییەدا سزا نەدراوە و بەرپرسانی پەیوەندییدار هۆکارەکانیان بۆ نەبوونی هەماهەنگی پێویست و ئاگادار نەبوونی دەوڵەتی کاتی ئەوە کات لەو جینایەتە گەڕاندەنەوە و دادخوازی بنەماڵەکان لە تاران و پارێزگای ورمێش بێ ئاکام مایەوە. تەنانەت بنەماڵەکان بۆ وەرگرتنی دیە و ناونووسی لە بونیادی شەهید خرانە ژێر گوشارەوە، بەڵام قەبووڵیان نەکرد.

ئایا هەتا ئێستا بزووتنەوەی سیاسی کورد توانیوە کۆمەڵکوژییەکەی قاڕنێ بکاته کەسێکی بەهێز بۆ داکۆکی لەسەر مافی کورد و بە دژی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە دنیای دەرەوە کەڵکی لێ وەربگرێت؟

کارکردنی لەسەر کەیسی جنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر کوردستان بەتایبەتی لە ئاستی نێودەوڵەتی ئەرکێکی قورسە و پێویستە بەپێی میکانیزمی ڕێکخراوەکانی سەر بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەت کۆمیتەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کاری بۆ بکرێت و هەموو فاکتەرە و لایەنەکانی بە دێکۆمێنت کردنی تاوانێک لەبەرچاو بگیرێت. سەبارەت بە کۆمەڵکوژی قاڕنێ، هەم کۆمەڵێک بەڵگە و بابەتی ڕۆژنامەی ئەوکات بوونیان هەیە و هەم بەشێوەیەکی پەرتەوازە کۆمەڵێک گێڕانەوە و نووسراوە لە زاری شایەتحاڵان بوونی هەیە کە بناغەیەکی باشن بۆ کارکردن لەسەر ئەو کەیسە بەپێی مکانیزمە نێودوڵەتییەکان. چونکە ئەوەی کە هەیە کۆماری ئیسلامی تاکوو ئێستا و بە تێپەڕینی زیاتر لە ٤٤ ساڵ بەرامبەر ئەو جینایەتە وەڵامدەر نەبووە و نایهەوێ کاری لەسەر بکات. بەڵام ئەوەی کە گرینگە پێداگری و بەدواداچوون لەسەر کەیسی تاوانەکان و بەڵگەمەندکرانیان بۆ داهاتوویە، چونکە هەرچەندە کات بەسەر تاوانەکان تێپەڕێت و شایەتحاڵان لە ژیان دانەمێنن، بە دێکۆمێنت کردنیان قورستر دەبێت. ئێمە دەبێ لە کەیسی تاوانەکانی حکوومەتێک بەرامبەر خەڵک و نەتەوەیەک ئەوەمان لەبیر بێت کە نابێت بڵێن چونکە ئێستا لە ئاستی نێودەوڵەتی دانی پێ‌دانانرێت، کەوایە پێویست ناکات بە دێکۆمێنت و بەدواداچوونی بۆ بکەین؛ بەڵکوو هەر خودی پڕۆسەی بەدواداچوون و بە دێکۆمێنتکردنی بەپێی میکانیزمە نێودەوڵەتییەکان بەشێکە لە پڕۆسەی داکۆکیکردن لە مافی کورد بە دژی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.

ئێمە وەک نەتەوەی کورد چۆن دەتوانین ڕووداوە دڵتەزێنەکانی هاوچەشنی ۲٨ی گەلاوێژ و کۆمەڵکوژییەکەی قاڕنێ و قەڵاتان و ... هتد. بکەینە هەوێنی بەردەوامیمان دژی داگیرکەرانی کوردستان؟

بەداخەوە بۆ نەتەوە بێبەشکراوەکانی وەکوو کورد هەمیشە هەلەکان و ئاشنابوون بە زانستی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەیی بۆ کارکردن لەسەر تاوانەکان قورسترە و درەنگتر دەنگی دەبیسترێت؛ بەتایبەتی کاتێک حکوومەتێکی وەکوو کۆماری ئیسلامی نە تەنیا سەرکوتت دەکا، بەڵکوو دان بە هیچ شتێک دانانێت و هەموو هەوڵێکیش دەدات کە دەنگت نەبیسرێت. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ڕێگاهایەک بوونی هەیە کە کورد دەنگی خۆی بەرز بکاتەوە و باس لە تاوان و جینایەتەکان بەرامبەر خۆی بکات.

هەربۆیە پێویستە لە هەموو میکانیزم و ڕێگا نێودەوڵتییەکان کەڵک وەرگرین و لە هەر هەلومەرجێکی وەکوو ئێستا کە دێتە پێش، باشترین کار بکەین بۆ بە ڕەسمی ناسینی مافەکانمان و ئەو سەرکوتەی لەلایەن حکوومەتەوە بەرامبەرمان دەکرێت. لە ئێستادا و دوای شۆڕشی "ژینا" وڵاتانی ڕۆژئاوایی ئاوڕێکی جیددیان لە نەتەوە ژێردەستەکانی وەکوو کورد و بەلووچ داوەتەوە، تەنانەت "جاوید رە‌حمان" ڕێپۆرتی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بە کاروباری ئێران باسی لەوە کرد کە دەبێت جینایەتەکانی دەیەی ٦٠ کاری جیددیان لەسەر بکرێت. هەروەها "کۆمیتەی ڕاستی دۆز" دانی بەوە داناوە کە نەتەوەی کورد و بەلووچ لەسەر بنەمای مێژووییەک لە چەوسانەوە و سەرکوت، لەکاتی شۆڕشی ژینادا بەشێوەیەکی سەرەڕۆیانە سەرکوت کراون.

هەربۆیە دەبێ لەبیرمان بێت کە بەشێکی جیددی لە خەبات و بەردەوامی خەباتی کوردستان ئەوەیە کە پرسی ڕەوایی خەباتی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتی بە ڕەسمی بناسرێت و دانی پێدابنێن. خودی ئەمەش زۆرێک لە دەرگاکان بە ڕووی کورد دەکاتەوە بۆ ئەوەی لە ئاستی نێودەوڵەتی خەبات بۆ پرسی ڕەوایی کوردستان و مافەکانی کورد بەرەوپێش ببات.

بەڵگەمەندکردنی ئەو کارەساتانە لە کوردستان دەتوانێ چ ئەرکێک بخاتە سەرشانی وڵاتان و ڕێکخراوە مرۆڤییەکان؟

سەرەتا پێم باشە بۆ چوونە ناو ئەو بابەتە باس لە گرینگی بەڵگەمەندکردنی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لەماوەی شۆڕشی ژینا لەلایەن "کۆمیتەی ڕاستی دۆزی" ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەم. بەهۆی ئەوەی کە ئەو کۆمیتەیە بەپێی بڕیاری ڕێکخراوە نەتەوە یەکگرتووەکان دروست بووە و دەستی بەکار کردوە، کەوایە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لە ئاستی نێودەوڵەتی بە ڕەسمی دەناسرێن و لە داهاتوودا بۆ بەڕێوەچوونی هەر جۆرە دادگایەکی عادڵانە دەتوانین بۆی بگێڕینەوە. لەهەمان کاتدا ئەو هەوڵانە دەبنە هۆی ئەوەی لەلایەن بەرپرسانی سیاسی وڵاتان پرسی کورد و نەتەوەکان و سیاسەتی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی بەپێی میکانیزمی خۆیان ڕوون و ئاشکرا بێت و نەتوانن حاشای لێوە بکەن و کۆماری ئیسلامیش کە پارە و لابییەکی زۆری لە ئاستی نێودەوڵەتی خەرج دەکات، چەواشەکارییەکانی بۆ نەچیتە سەر. بەگشتی دەتوانم بڵێم بەڵگەمەندکردنی ئەو کارەساتانە لەلایەن ڕێژیمەوە بەسەر کوردستان دادێت، ئەگەر بەپێی ئۆسوول و مکانیزمە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام بدرێت، وەکوو پڕەنسیپێکی نێودەوڵەتی شوێنی خۆی دەگرێت و ئەگەریش بە بەردەوامی کاری تێیدا بکرێت، وڵاتان و ڕێکخراوە مرۆڤییەکان والێدەکات لە ڕوانین و بەرنامە و سیاسەتەکانی خۆیان‌دا بیگونجێنن و کاری بۆ بکەن. هەروەها چونکە بەشێکی زۆری ئەو وڵاتانە لانیکەم خۆیان وانیشان دەدەن پابەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤن، بە پێویستی دەبینن کە ئەو پڕەنسیپانە لە کردار و هەڵوێستەکانیان ڕەنگ بداتەوە، ئەمەش خۆی درەفەتی گرنگیدان بە پرسی کورد لە دەرەوەی وڵات و کرانەوەی دەرگاکانی کارکردنی زیاتر بۆ کورد لەو بوارەوە لێ‌دەکەوێتەوە.

ئەوەی کە ئێمە کوردی وەکوو ئەسڵێک پێویستە لەبیرمان بێت، ئەوەیە کە بە ڕەسمی ناسینی پرسی کورد و کوردستان، بەو جۆرەی کە مەسەلەی ئێمە بۆتە بابەت و دەتوانین دەستی لەسەر دابنێین؛ خۆی بەشێکی زۆری ڕێگای خەباتی ئێمەی لە ئاستی نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤی پێواوە. هەربۆیە ئێمە دەبێ لەو بوارەدا دوور بڕوانین و ئەو مێژوو و کارەساتانەی بەرسەرماندا سەپاوە بە دێکۆمێنتی بکەین، تاکوو هەم ڕەوایی خەباتی خۆمان نیشان بدەین و هەمیش لە داهاتوودا کەس حاشا لە تاوانەکانی دژی کورد نەکات و لە سیاسەتەکانی حکوومەتی داهاتوو خەسارەکان قەرەبوو بکرێنەوە.

ماوەیەک لەمەوپێش "جاوید ڕەحمان" داوای لە کۆمەڵگەی جیهانی کرد کە لەهەمبەر جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی ڕێوشوێنی تایبەت بگرنەبەر، ئایا ئەم هەوڵانە دەتوانێ ئاکامێکی بۆ دۆزی سیاسی کورد بە دوادا بێ؟

بەوە جۆرەی کە لە سەرەتاوە ئاماژەم پێکرد، ئێمە لەو بوارەدا ڕێگایەکی دووروودرێژمان لە پێشە و پێویستە لە هەموو هەلومەرج و دەرفەتەکانیش باشترین کەڵک وەرگرین بۆ بەڕەسمی ناسینی پرس و مافەکانی خۆمان و مەحکووم کردنی پێشێلکارییەکان. سەبارەت بە داواکاری جاوید ڕەحمان، بەهۆی ئەوەی کە لە پۆستێکی دانپێدانراوی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە و لەسەر جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی تەنانەت لە دەیەی٦٠یش ڕاپۆرتی پێشکەش کردوە و هەروەها باسی لە گرینگی لێکوڵینەوە لە ئاستی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو جینایەتانە کردوە؛ کەوایە سەرەتایەکی باشە بۆ کارکردن لەسەر زۆرێک لەو بابەتانەی کاریان لەسەر نەکراوە. هەربۆیە پێویستە ڕێپۆرتی تازە لەسەر ڕاسپاردەی ڕێپۆرتی پێشوو ئەرکدار بکەین کە بە میکانیزمی نێودەوڵەتی کار لەسەر ئەو کارەساتانە بکرێت کە تا ئێستا کاری جیددی لەسەر نەکراوە. ئەوەی ئێمە کورد دەبێ لەبەرچاومان بێت ئەوەیە کە دەڵێن کۆماری ئیسلامی بە شێوازێکی سیستماتیک و بەرنامە بۆ داڕێژراو، و لە ڕەوەندێکی مێژوویی کوردی سەرکوت کردوە و نیشان بدەین ڕووبەڕووی هەڵاواردنی نیژادی-مەزهەبی بووینەتەوە. بۆیە گەڕانەوە بۆ مێژوو نە تەنیا کارەساتەکانمان بەڵگەمەند دەکات، بەڵکوو سیاسەتی سەرکوتی سیستماتیکی حکوومەت بەرامبەر کورد زیاتر دەردەخات و وا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات ئاوڕێ جیددی لێ بدەنەوە. هەموو ئەو هەوڵانەش بۆ بە ڕەسمی ناسینی دۆزی سیاسی کورد و دانپێدانان بە مافی کوردی دەتوانێت لێ بکەوێتە.

خاتوو ئەوین سپاس بۆ بەشداریتان لەم دیمانەیەدا و ماندووش نەبن

سپاس بۆ بەڕێزتان ئێوەش ماندوو نەبن.