کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و کوردستان

21:46 - 17 خەرمانان 2724

پەرەسەندنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و کوردستان

 

بێهزاد قادری

لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە لە تەمەنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و دەسەڵاتداریی ئەم ڕێژیمە بەسەر ئێران و داگیرکاریی ئەم ڕێژیمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەردەوام و بە شێوازی جۆراوجۆر، مافەکانی مرۆڤ لەلایەن ئەم ڕێژیمەوە پێشێل کراوە. هەرچەند باس لەوە دەکرێت کە دەسەڵات دوو باڵە (بناژۆخواز و ڕێفۆرمخواز)، بەڵام بەگشتی جەوهەرییەتی ئەم دەسەڵاتە هەر یەک شتە و ئەوەی باوەڕی وایە لەنێوان ئەم دوو باڵەدا جیاوازییەک هەیە، بەتەواوەتی لە هەڵەدایە.

بۆ نموونە لە ئێستادا "مەسعوود پزیشکیان" وەک سەرۆککۆماری ئەم ڕێژیمە دانراوە (بۆیە دەڵێم دانراوە، چونکە شتێک بە ناو هەڵبژاردن لە ئێران بوونی نییە و هەمووی شانۆی دەسەڵاتە) و ڕیفۆرمخوازەکان پشتیوانییان لێ کرد و پزیشکیان بۆ خۆیشی هەوڵی دا کە خۆی وەک ڕیفۆرمخواز پیشان بدات، بەڵام بەپێچەوانەی بانگەشەکانیان، پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران نەتەنیا کەمی نەکردووە، بگرە زۆرتریش بووە کە لە درێژەی بابەتەکەدا ئاماژە بە چەند نموونەیەک دەکەین.

زیاتر لە مانگێکە مەسعوود پزیشکیان کراوە بە سەرۆککۆماری ڕێژیم  و بۆ خۆیشی هەر لە سەرەتاوە وتی کە: "هەندێک کەس پێیان وایە من دەبێ کارێک بکەم، من ناتوانم کارێک بکەم... من بەڵێنییەکی تایبەتم نەداوە..."، ئەمە بۆ خۆی سەلمێنەری ئەوەیە کە سەرۆککۆمار لە ڕاستیدا بێ دەسەڵاتە و ناوەندی سەرەکیی بڕیاردان لە ئێران "بەیتی ڕەهبەری"یە. هەروەها سەلمێنەری ئەوەیە کە بە چوون و هاتنی سەرۆککۆمارەکان (چ بناژۆخواز و چ ڕیفۆرمخواز)، هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕدرێت.

لەسێدارەدانی لانیکەم ٩٤ بەندکراو لە ئێران لە ماوەی یەک مانگدا

بەپێی ڕاپۆرتێک کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو" بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا (ئاگۆست)، لانیکەم سزای سێدارەی ٩٤ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران جێبەجێ کراوە. هەروەها ئەو ئامارە بە بەراورد لەگەڵ مانگی "جولای" کە ٥٥ بەندکراو لەسێدارە درابوون، ٣٩ حاڵەت، واتە ٧١ لەسەد زیادی کردووە (واتە بەپێچوانەی بانگەشەی ڕیفۆرمخوازەکان، لەسێدارەدان زیادی کردووە). هەروەها ٢١ لەسەدی بەندکراوانی لەسێدارەدراو لەو مانگەدا هاووڵاتییانی کورد بوون.

لە ماوەی مانگی ئاگۆستدا، لانیکەم ٢٨ هاووڵاتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ٨ کەسیان لوڕن، لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون کە یەکێکیان "ڕەزا ڕەسایی"، بەندکراوی سیاسیی کوردی یارسان بوو کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا دەستبەسەر کرابوو و ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژ لە بەندیخانەی دیزڵاوای ڕێژیم لە کرماشان لەسێدارە درا.

کوژران و برینداربوونی ۱۵ کۆڵبەر لە ماوەی یەک مانگدا

هەر بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، لە ماوەی مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٤دا، لانیکەم ١٥ کۆڵبەر لە سنوورە دەستکردەکانی کوردستان کوژراون یان بریندار کراون کە ٨٦.٥ لەسەدی سەرجەم ئەو حاڵەتانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بوونەتە قوربانی.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ٤ کۆڵبەر کوژراون و ١١ کۆڵبەریش بریندار کراون. "ئەسعەد ئەفرەنجە" خەڵکی مەریوان، "ناسر عوسمانی" خەڵکی ڕەبەت، "عەلی ڕەسووڵی" خەڵکی مەهاباد و "ئەسعەد ئەسپەندار" خەڵکی سەردەشت ئەو چوار کۆڵبەرەن کە لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران یان بەربوونەوە لە چیاکان گیانیان لەدەست داوە. هەروەها زیاترین ژمارەی کۆڵبەرانی قوربانی بە ١٣ حاڵەتەوە لە سنوورەکانی پارێزگای سنە تۆمار کراون.

پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە کۆڵبەری نە کارێکی ئاساییە و نە لە بنەڕەتدا کاری مرۆڤە، بەڵکوو بەرهەمی داگیرکاریی دەسەڵاتی تارانە لە کوردستان.

گوشار بۆ سەر مامۆستایانی ئایینیی کورد

ئێمە هەمیشە شاهیدی گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتی و نیزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خەڵکی کوردستان، خەباتکارانی مەدەنی و ژینگەیی و هەروەها مامۆستایانی ئایینیی نیشتمانپەروەر بوویین. بۆ نموونە لەم دواییانەدا مامۆستا "سابیر خودامورادی"، پێشنوێژی گەڕەکی قەوەخی شاری سەقز، لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینیی هەمەدان، ١٥ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٤ی خەرمانان، مامۆستا "عەلی بەهرامی"، بەرنوێژی گوندی "نێ" سەر بە شاری مەریوان لە سنووری باشماخی شاری مەریوان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەستبەسەر کرا و دوای نزیکەی ٧ کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کرا، بەڵام مۆبایلەکەی ناوبراویان لێ زەوت کرد.

گوشار بۆ سەر خەباتکارانی مەدەنی و ژینگەییی کورد

هەروا کە ئاماژەم پێ دا گوشارەکان بۆ سەر خەڵک و بەتایبەتی خەباتکارانی مەدەنی و ژینگەیی نەتەنیا کەم نەبووەتەوە، بگرە زۆرتریش بووە. بۆ نموونە هەر لە ئێستادا چارەنووسی هەشت خەباتکاری ژینگەییی خەڵکی "گیەڵان" ناڕوونە و سپای تیرۆریستی پاسداران دەیەوێت دۆسیەی ساختەیان بۆ دروست بکات.

ئەو هەشت کەسە بە ناوەکانی "ماریا خانی، موحسین ئیسفەندیاری، ئارەش ئولفەتی، جەهانگیر ئازادی، لوتفوڵڵا پەرویز، حەمیدڕەزا ڕەحیمیان، سەلمان پەرهان و محەممەد پەرویز" لە خەباتکارانی مەدەنی و ژینگەپارێزیی خەڵکی گیەڵانن کە کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای تیرۆریستی پاسدارانەوە دەستبەسەر کران.

کۆتایی

پێشێلکراییە مافی مرۆیییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کوردستان لەم یەک مانگەدا، تەنیا لەم چەند خاڵەدا بەرتەسک ناکرێتەوە. بۆ نموونە هەر لە ماوەی ئەم یەک مانگەدا بە دەیان هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر کراون، سزای بەندکران و قامچییان بەسەردا سەپێندراوە و بۆ دەیان هاووڵاتیی دیکەش دۆسیەی ساختە دروست کراوە. هەروەها بە دەیان هاووڵاتیی کوردیش ئێستا لە بەندیخانەکانی ڕێژیم بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەدان. دەبێ باشیش بزانین کە ئەم ڕێژیمە هەتا لە دەسەڵاتدا بێت، ئەم ڕەوتە بەردەوام دەبێت.