کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی هاوڕێ پەروێز موزەفەری لە وڵاتی دانمارک بەرز ڕاگیرا

12:36 - 11 خەرمانان 2724

ڕۆژی شەممە ١٠ی خەرمانانی ١٤٠٣، بە ئامادە بوونی ئەندامان و دۆستانی حیزب، بنەماڵەی کاک پەروێز موزەفەری  و دوابەدوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن، لە ڕێوڕەسمێکدا کە لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک ڕێکخرابوو، یادی کاک پەرویز موزەفەری لە شاری ئالبۆرگ بەرز ڕاگیرا.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگەیاندنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان لەلایەن کاک عیسا مەحموودییەوە دەستی پێ کرد.

دوای بە خێرهاتنی ئامادەبووان  لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە وڵاتی دانمارک، هاوڕێ جەمشید خوسرەوی، بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە دانمارک چەند وتەیەکی سەبارەت بە ڕۆڵ، کەسایەتی و کار و چالاکیی کاک پەرویز موزەفەری پێشکەش کرد.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک لەلایەن کاک عەبدوڵڵا مەحموودیان، ئەندامی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە دانمارک پێشکەش کرا.

دواتر هاوڕی محەممەدڕەسوول کەریمی، بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حیزب لە دەرەوی وڵات، بە کورتی باسی تێکۆشان و بڕگە جیاوازەکانی خەباتی کاک پەرویز موزەفەری، هەر لە سەرەتای پەیوەستبوونی بە ڕێزەکانی حیزبەوە تا ژیانی ناچاری لە تاراوگە کرد.

لە درێژی ڕێوڕەسمەکەدا کورتە فیلمێک کە لەلایەن بەشی ڕاگەیاندنی کۆمیتە گشتیی حیزب لەسەر ژیان و خەباتی ناوبراو ئامادە کرابوو پێشکەش  کرا.

لە بڕگەی کۆتاییدا، سپاسنامەی بنەماڵەی کاک پەرویز موزەفەری، لەلایەن خاتوو مەنزوورە هاوژینی ناوبراوەوە پێشکەش کرا و هەریەک لە خاتوو لانە موزەفەری کچی ناوبراو و خاتوو پەروانە موزەفەری برازای ناوبراو بە جیا سپاسی بەشدارانی ڕێوڕەسمەکەیان کرد.