کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای دادی ئێران حەوت بەندکراوی دیکەی لەسێدارە دا

11:23 - 18 خەرمانان 2724

لە ڕۆژی چوارشەممە ٧ی خەرمانانەوە تا ڕۆژی یەکشەممە ١١ی خەرمانان، دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران ٧ بەندکراوی لە بەندیخانەکانی خۆیدا لە سێدارە داوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە نۆروێژە، ئەو ٧ کەسە بە تۆمەتگەلی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و کوشتنی بەئەنقەست بە قیساس و لە سێدارەدان سزا درابوون و لەم ماوەیەدا سزاکەیان جێبەجێ کرا.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا ناسناوی ئەو ٧ کەسە ئاشکرا کراوە کە زۆربەیان هاووڵاتیی شارە ناوەندییەکانی ئێرانن و تەنیا یەک کەسیان هاووڵاتیی ئەفغانستانی بووە، و لە زیندانەکانی ڕێژیم لە شاری ئێسفەهان و شیراز لە سێدارە دراون.

لەم پێوەندییەدا ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاگەیەندراوی  ئەم دواییانەی خۆیدا ڕایگەیاند کە لە مانگی گەلاوێژدا لانیکەم ١٠٠ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون و کۆی گشتیی لەسێدارەدانەکان لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە ٤٠٢ کەس.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ١١ هاووڵاتیی ئەفغانستانی لە نێو ئەو کەسانەدا بوون کە لە مانگی گەلاوێژدا لە سێدارە دراون و ٥٠ کەسی تر بە تۆمەتی کوشتن و ٤٦ کەسی دیکە بە تۆمەتی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەرەکان لە سێدارە دراون.

هەروەها ۸ هاووڵاتیی بەلووچ و ۹ هاووڵاتیی کورد لەنێو ئەو ئێعدامانەی مانگی گەلاوێژدا بوون.

 لە کۆی گشتیی ئەو ١٠٠ ئێعدامانەی کە لە مانگی گەلاوێژدا تۆمار کراون، تەنیا شەش حاڵەتیان لەلایەن میدیاکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بە فەرمی ڕاگەیەندراون.

لەمبارەوە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئاماژەی بەوە دا کە دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لە ئێران، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەکان زیاتر بووە، و جارێکی دیکە داوای کاردانەوەی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کردووە کە بەرامبەر بە شەپۆلی لەسێدارەدانەکان لە ئێران هەڵوێست نیشان بدەن.

هەروەها مەحموود ئەمیرموقەدەم، بەرپرسی ئەم ڕێکخراوە ڕایگەیاند: لەسێدارەدانی لانیکەم ١٠٠ کەس لە ماوەی تەنها یەک مانگدا دەبێ کاردانەوەی توندی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لێ بکەوێتەوە و قوربانییانی ماشینی سێدارەی کۆماری ئیسلامی، لاوازترین چین و توێژەکانی کۆمەڵگان، کە بەبێ دادگاییکردنی دادپەروەرانە بە ئامانجی دروستکردنی ترس لە کۆمەڵگادا دەکوژرێن.

پێشتریش لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بڵاو کرایەوە، کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی خۆیان لە زیادبوونی ئێعدامەکان لە ئێران لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵ دەربڕی و داوایان لە حکوومەتی ئێران کرد دەستبەجێ لەسێدارەدانی ئەو کەسانە ڕابگرێت کە ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان بوونەتەوە.