کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆڕای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسا نوێیەکانی تاڵیبان لە دژی ژنانی کرد

12:38 - 18 خەرمانان 2724

شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ١٦ی خەرمانان لە ڕاگەیەندراوێکدا یاسای نوێی تاڵیبان بە ناوی "ئەخلاق"ـی شەرمەزار کرد کە زیاتر لە جاران ژنانی ئەفغانستانی دەکاتە ئامانج و داوای لە تاڵیبان کرد ئەو سیاسەتانە بگۆڕن کە مافەکانی ژنان سنووردار دەکات.

هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە، ڕێبەری تاڵیبان، یاسای نوێی بە ناوی "امر بە معروف و نهی از منکر"ی ڕاگەیاند کە دەبێ ژنان حیجابی زۆرەملێ بپارێزن و مافی ئەوەیان نییە هیچ جێگایەکی لەشیان دیار بێ، و دەنگی ژن ئەگەر قورئانیش بخوێنێتەوە دژی شەریعەتی ئیسلامییە و قەدەغەیە.

شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ١٦ی خەرمانان نیگەرانیی قووڵی خۆی لەم بارەیەوە و لەبارەی بەردەوامیی سنووردارکردنی خوێندن و دامەزراندن و ئازادیی هاتووچۆی ژنان لە ئەفغانستان دەربڕی و ڕایگەیاند کە تاڵیبان پێویستە گوێ لە دەنگی ژنان و کچانی بگرێت و وڵامیان بداتەوە، ڕێز لە مافەکانی ژنان و کچان لە خوێندن و کارکردن و هەروەها ئازادیی قسەکردن و جووڵە لە ئەفغانستان بگرێ.

لەمبارەوە ١٢ ئەندامی شۆرای ئەمنییەت کە پێکهاتبوون لە ئیکوادۆر، فەڕانسە، گویان، ژاپۆن، بریتانیا، و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەڵاواردنی ڕەگەزیی سیستماتیکی تاڵیبانیان شەرمەزار کرد و هۆشداریان دا کە یاسا نوێیەکەی تاڵیبان سنووردارکردنی ژنان و کچان بەرفراوانتر دەکات.

شایانی باسە تاڵیبان کە بە فەرمی لەلایەن هیچ وڵاتێکەوە دانی پێدا نەنراوە و نەناسراوە، ناڕەزایەتییە نێودەوڵەتییەکانی لەسەر یاساکانی دژە ژنی دەسەڵاتەکەی ڕەت کردەوە. تاڵیبان دەڵێت ئەم یاسایانە بەپێی بەها ئیسلامییەکان دامەزراون و ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەریان سووکایەتیکردنە بە شەریعەتی ئیسلامە.