کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆبواردنی پێنج ژنی بەندکراو لە چوون بوون دادسەرا پاش بانگکردنیان

10:54 - 19 خەرمانان 2724

ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خەرمانان پێنج بەندکراوی سیاسیی ژن پاش بانگکرانیان لەلایەن دادسەرای ئەمنییەتیی بەندیخانەی ئێڤینەوە، لەم دادسەرایە ئامادە نەبوون.

ماڵپەڕی ئینستاگرامی نەرگس محەممەدی چالاکی مافی مرۆڤ و بەندکراو لە بەندیخانەی ئێڤین بڵاوی کردووەتەوە کە ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانان نووسینگەی بەندی ژنانی ئەو بەندیخانە لە بانگێشتنامەیەکدا هاوکات لەگەڵ ناوبراو، پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی، پەریوەش موسلێمی و مەحبووبە ڕەزایی بەمەبەستی ڕوونکردنەوەی تۆمەتە وەپاڵدراوەکانیان بۆ دادسەرای ئەمنییەتی بەندیخانەکە بانگ کراون.

لەم نووسراوەدا هاتووە کە هەر پێنج بەندکراوەکە ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خەرمانان نەچوونەتە دادسەرا.

پاش لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی دەسبەسەرکراوی بزووتنەوەی ژینا لە ١٦ی گەلاوێژی ئەمساڵدا، ژنانی بەندکراوی بەندیخانەی ئێڤین ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد کە ئەم ناڕەزایەتییە بە هێرشی توندوتیژانەی هێزە ئەمنییەکانی بەندیخانەکە تێک درا و لە ئاکامیشدا نەرگس محەممەدی و ژمارەیەکی دیکە لە ژنانی بەندکراو بە هۆی لێدانەوە بریندار بوون.

پاش ئەم ڕووداوە نەرگس محەممەدی، وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی و ژمارەیەکی دیکە لە ژنانی بەندکراو لە پێوەندیگرتن و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کران.