کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمپەینی بەرگری لە شەریفە محەممەدی: داواکاری هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، نایەکی گەورە بەرانبەر کوشتنی حکوومەتییە

11:16 - 18 رەزبەر 2724

کەمپەینی بەرگریکردن لە شەریفە محەممەدی، چالاکی کرێکاری کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، ڕۆژی سێشەممە ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠٣ لە ڕاگەیەندراوێکدا بە بۆنەی ١٠ی ئۆکتۆبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدان ڕایگەیاند بەرفراوانترکردنی داواکارییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، نایەکی گەورەیە بەرانبەر بە کوشتنی بە ئەنقەست و حکوومەتی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە.

لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: داواکاری بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەممەدی و چالاکوانانی دیکە کە سزا دراون یان ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان بوونەتەوە، لە زاری چالاکانی مەدەنی، کۆمەڵایەتی، خانەنشینکراوان، کرێکاران و هونەرمەندانەوە هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی کردووەتە داواکارییەکی کۆمەڵایەتی و نـایەکی گەورە بەرانبەر کوشتنی بە ئەنقەست و حکوومەتی.

لەلایەکی دیکەوە کەمپەینی بەرگریکردن لە شەریفە محەممەدی لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەیدا نووسیویەتی: "ئێمە وەک کەمپەینی بەرگریکردن لە شەریفە محەممەدی خۆمان بە ئەندامی بزووتنەوەی نا بۆ لەسێدارەدان دەزانین، بزوتنەوەیەک کە ئەوەمان بیر دەخاتەوە کە هەر یەک لە ئێمە لە کۆتایی هێنان بەم سزا سەدەی ناوەڕاستی و کۆنەپەرستانەیە بەرپرسیارینو هەوڵ بۆ بەرگریکردن لە مافی ژیان، کە بنەڕەتیترین مافی مرۆڤە، دەدەین.

هەروەها کۆمەڵێک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکوانان ڕۆژی سێشەممە، ١٧ی ڕەزبەر، لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی سزای لە سێدارەدان و لە سی و حەوتەمین حەفتەی مانگرتن لە خواردنی زیندانییان لە کەمپەینی سێشەممەی نا بۆ لەسێدارەداندا کە لە ٢٢ زیندانی ڕێژیم بەڕێوە دەچێ، لە بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆی ٢٤ کاتژمێری بێ وەستان پشتیوانی ئەم هەڵمەتەیان کرد و لە هەمان کاتدا دژایەتیی خۆیان بەرانبەر بە دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیان لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە نیشان دا.

 

شەریفە محەممەدی لە سەرماوەزی ساڵی ١٤٠٢دا دەسبەسەر کرا و لە ١٤ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٣ دا لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمەوە لە شاری ڕەشت بە تۆمەتی "بەغی" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

ئەم سرایە بە پشتبەستن بە تۆمەتی وەپاڵدراو لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە دەرچووە کە تێێدا هاتووە شيریفە محەممەدی ئەندامی کۆمەلە بووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەم تۆمەتە لەلایەن شەریفە محەممەدی و سیروس فەتحی هاوسەری و تەنانەت حیزبی کۆمەڵەوە ڕەت کراوەتەوە.

لە پێوەندی لەگەڵ سزای لەسێدارەدان، ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەر ڕایگەیاند کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٣دا لانیکەم ٣٧٠ کەس لە زیندانە جیاوازەکانی کۆماری ئیسلامی لە سێدارە دراون.