ڕۆژی سێشەممە ١٧ی ڕەزبەر، لە سەروبەندی "ڕۆژی جیهانیی دژ بە لەسێدارەدان"، زیندانییانی بەشدار لە کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان لە ٢٢ بەندیخانەی جیاوازی ئێران مانیان لە خواردن گرت.
لە بەیاننامەی ئەم حەفتەی کەمپەینی سیشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەداندا هاتووە کە لە ڕۆژانی ١٠ و ١١ی ڕەزبەردا لانیکەم ٣٠ کەس لە زیندانە جۆراوجۆرەکانی ڕێژیم لە سێدارە دراون کە سێ کەسیان ژن بوون.
لەم بەیاننامەیەدا ئاماژە بە حوکمی لەسێدارەدان دژی "حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو" لە لایەن دادگای ئینقلابی ورمێ کراوە کە لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٢ دەسبەسەر کراوە و خراوەتە ژێر توندترین ئەشکەنجە و بە شێوەیەکی نایاسایی و بەبێ ڕێوشوێنی پێویست بە تۆمەتی بەغی سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.
ئەم کەمپەینە سەرەرای ڕاگەیاندنی لەسێدارەدانی نزیکەی ٤٥٠ کەس لە سەرەتای ئەمساڵەوە لەلایەن ڕێژیمەوە، بە توندی ڕەخنەی لە کۆماری ئیسلامی وەک گەورەترین پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە جیهاندا گرتووە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە گرنگییەکی جیددی بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بدات.
بەشداربووانی ئەم کەمپەینە داوایان لە دامودەزگا و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنی و مافی مرۆیی نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کرد کە بۆ ڕزگارکردنی گیانی ئەو کەسانەی کە لە ئێراندا سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە هەنگاو بنێن، هەروەها داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە لێپرسینەوە لە ڕێبەرانی ڕێژیمی ئێران لە بەرامبەر چوار دەیە تاوانی دژی مرۆڤایەتی و کوشتنی زیندانییەکان بکەن .
شایانی باسە تا ئێستا بەندکراوانی ٢٢ زیندان کە بریتین لە: زیندانی نەغەدە، ورمێ، سەڵماس، خۆی، سەقز، بانە، مەریوان، کامێران، ئێڤین، قزڵحەسار، زیندانی ناوەندیی کەرەج، تارانی گەورە، خوڕماوا، ئەراک، ئەسەدباد ئێسفەهان، شیراز، بەم، مەشهەد، لاکانی ڕەشت، قایمشار، ئەردەبێڵ و تەورێز پەیوەست بە کەمپەینی سێشەممەکانی نابۆ لەسێدارەدان بوونە.