ژمارەیەک لە ژنانی بەندکراو لە بەندیخانەی ئێڤین لە بەیاننامەیەکدا خوازیاری ڕاگرتنی ئازاردانی ڕەگەزی لەکاتی پشکنینی جەستەیی بەندکراوانی ئەم بەندیخانە بوون.
ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی ڕەزبەر ٢٢ ژنی بەندکراوی سیاسی و ئایینی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لە سەر هەژماری ئینستاگرامی نەرگس محەممەدی چالاکی سیاسی و مافی مرۆڤیی بەندکراو، سەبارەت بە پشکنینی جەستەیی و ئازاری ڕەگەزیی ژنانی بەندکراو ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و خوازیاری ڕاگرتنی ئەم دۆخە بوون.
بەیاننامەکە بە ئاماژەدان بە کارەساتی بەندیخانەی کەهریزەک لە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی زیادی کردووە "سەرەڕای ئەوەی کە ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەو کاتی کۆماری ئیسلامی دانیان بە ئازاردانی ڕەگەزیی ژنانی بەندکراو دانا، بەڵام هیچکات ئەنجامدەرانی ئەم کارەساتە مرۆییانە سزا نەدران و موحاکمە نەکران".
واژۆکەرانی بەیاننامەکە لە بەشێکی دیکەدا باسیان لە ئەشکەنجە و ئازاری جینسی دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" کردووە و هێناویانە کە خۆیان لە گرتنگە و بەندیخانەکانی ڕێژیمدا ئەم کارەساتەیان بەچاوی خۆیان بینیوە.
بەیاننامەکە بە مەحکوومکردنی دادگاییکردنی دووبارەی نەرگس محەممەدی بەهۆی دەربڕینی ناڕەزایەتی بە بابەتی ئازاری ڕەگەزیی ژنان لە بەندیخانەی ئێڤین و باسکردنی ئەم بابەتە ڕایگەیاندووە، توندوتیژیی ڕەگەزی بەشێوەی سیستماتیک، وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتی ناڕازییانی دەسبەسەرکراو بەکار دەبرێت.
بابەتی ئازاردانی ڕەگەزیی مەئموورانی کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی بۆ سەر ئەو کەسانەی کە لە خۆپیشاندانەکاندا دەسبەسەر دەکرێن، بابەتێکی نوێ نییە و بەدرێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی زۆرجار ئەم کردەوەیە لەلایەن مەئموورانی ڕیژیمەوە باسی لێ کراوە.
جێی ئاماژەیە کە ئازاری ڕەگەزی تەنیا بۆ سەر بەندکراوان و دەسبەسەرکراوان نییە و مەئموورانی بەندیخانەکانی ڕێژیم زۆرجار بەبیانووی پشکنینەوە، ئازیزانی بەندکراوان کە سەردانی بەندیخانەیان کردووە، خستووەتە ژێر ئازاری ڕەگەزییەوە.