کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو ناوەندی مافی مرۆیی: ڕێژیم لە یەک ساڵدا ٨١١ سزای لەسێداردانی جێبەجێ کردووە

19:35 - 18 رەزبەر 2724

لە بەرەبەری ١٠ی ئۆکتۆبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سزای لەسێدارەدان، کۆمەڵەی مافی مرۆڤ و ناوەندی عەبدولڕەحمان بروومەند بۆ مافی مرۆڤ لە ئێران، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.

ئەم دوو ناوەندە مافی مرۆییە لەم بەیاننامەیەدا، نیگەرانیی قوڵی خۆیان سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران دەربڕیوە و لەمبارەوە هۆشدارییان داوە.

ئەم دوو ناوەندە ڕایانگەیاندووە کە لە ئۆکتۆبری ساڵی ڕابردووەوە هەتا ئۆکتۆبری ئەمساڵ، لانیکەم ٨١١ حاڵەتی لەسێدارەدان لە ئێراندا تۆمار کراوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: ئێران ماوەیەکی دوورودرێژ، زۆرترین نرخی لەسێدارەدانی لە هەموو جیهاندا هەبووە و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، کەڵکوەرگرتن لە سزای لەسێدارەدان لەم وڵاتە بە شێوەیەک بەرز بووەتەوە کە جێگای نیگەرانییە. لە ساڵی ٢٠٢٣دا، ئێران ٧٥ لەسەدی هەموو سزاکانای لەسێدارەدانی لە جیهاندا بۆ خۆی تۆمار کردووە.

بە وتەی ئەم دوو ناوەندە مافی مرۆییە تەنیا لە مانگی ئاگۆستی ئەمساڵدا، لانیکەم ٩٧ سزای لەسێدارەدان جێبەجێ کراوە کە ٤٥ حاڵەتیان تایبەت بە تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان بووە.

لە بەیاننامەی ئەم دوو ناوەندەدا نووسراوە: لێکۆڵینەوەکان نیشانیان داوە کە سزای لەسێدارەدان هیچ کاریگەرییەکی بەرگێڕەوەی لەسەر نرخی تاوانەکان نییە. کەڵکوەرگرتنی بەربڵاو لە سزای لەسێدارەدان لە ئێران، نە تەنیا پێشێلکاریی توندی مافی مرۆڤە کە لە پەیمانە نێونەتەوەییەکانی مافی مەدەنی و سیاسی بەفەرمی ناسراوە، بەڵکوو نیشاندەری شکستی پێکهاتەیی و هەبوونی گەندەڵی لە دەزگای دادوەییە.

ناوەنی بروومەند و کۆمەڵەی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاندووە کە دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی، ناوەندێکی سەربەخۆ و بێ لایەن بۆ بەجێگەیاندنی دادپەروەری نییە و بووەتە ئامرازێک بۆ سەرکوتی دەوڵەتی و سزای لەسێدارەدان وەکوو ئامرازێک بۆ کپکردنی دەنگە جیاواز و دژبەرەکان و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو خەڵکدا بەکار دێنێت.