کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات گەورەترین خەڵاتی لە کێبڕکێیەکی بۆکسدا بەدەست هێنا

12:33 - 19 رەزبەر 2724

ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی شۆڕش ڕەحمانی، لە کێبڕکێیەکی بۆکسدا لە نێوان سێ وڵاتی ئوتریش، کۆرواسی و ئێسلۆڤێنی، خەڵاتی باشترین یاریزانی وەرگرت.

لەم کێبڕکێیەدا کە ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی ڕەزبەر بەڕێوە چووە، ٢٠ یاریزان یارییان کردووە و شۆڕش ڕەحمانی لە کێشی ٧٥ کیلۆدا و لە ئاخرین یاریدا توانیویەتی سەرکەوتن بەدەست بێنێت و گەورەترین خەڵاتی یارییەکان بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

ئەمە دووهەمین کێبڕکێێ سەرکەوتووی شۆڕش ڕەحمانی لە حەفتەی ڕابردوودا بووە.

ناوبراو وەک ئەندامی تیمی میللیی ئوتریش لە یارییەکدا لەگەڵ تیمی میلیی سێربستان بەسەر ڕکابەرەکەیدا زاڵ بووە، لە یارییەکەی دیکەدا کە ڕۆژی یەکشەممە بووە لە کێبڕکێ لەگەڵ نەفەری یەکەمی وڵاتی ئێسلۆڤێنی، توانیویەتی بەسەر ڕکابەرەکەیدا زاڵ بێت و یارییەکە بباتەوە.

شۆڕش ڕەحمانی تەمەنی ٢٨ ساڵە و خەڵکی شاری شنۆ سەر بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و ماوەی ١٢ ساڵە وەرزشی بۆکس دەکات.

شۆڕش ڕەحمانی ماوەی چەند ساڵێکە لە وڵاتی ئوتریشە و ئەندامی حیزبی دێموکراتە. ئەو تا ئێستا لە چەندین کێبڕکێی بۆکسدا بەشداری کردووە و قارەمانی وڵاتی ئوتریشە.