کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرەو کوێ؟

01:44 - 20 رەزبەر 2724

بەرەو کوێ؟

کەریم پەرویزی

چیرۆکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست چیرۆکی ستەمکاری و بێدادی لەلایەک و ئەمنییەت و گەشەکردن لەلایەکی دیکەیە. ستەمکاری و بێدادی لە هەر شوێنێک هەبێ، ئەمنییەت و گەشەکردنی کۆمەڵگە لەوێدا کز دەبن، بەڵام دەسەڵاتدارە ملهوڕەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێچەوانەی ئەوە بیر دەکەنەوە!

ملهوڕانی وەکوو دەسەڵاتی پاڵەوی یان ڕێژیمی ئەسەد و بەعسی عێراقی و لەم چوار دەیەشدا ڕێژیمی کۆلۆنیاڵیستیی ویلایەتی فەقیهی، پێیان وایە بە زۆرەملێ و بە سەرکوت دەتوانن ئەمنییەتی خۆیان دابین بکەن و ئابووریی حکومەتەکەشیان بەرەوپێش ببەن؛ خۆ گەر ستەم و بێدادیشیان کرد، ئەوە لە پێناو دابینکردنی ئەمنیەتی و ئاسایشدا بووە! پێیان وا نییە کە دابینکردنی ئەمنیەتی درێژخایەن بە بەشداریی خەڵک دەکرێ و گەشەی ئابوورییش بۆ گەشەی ژیانی خەڵکە نەک دابینکردنی بوودجە بۆ حکوومەت و هێزە سەرکوتکەرەکانی!

هەر لەو ڕوانگەیەوە ڕێژیمێکی ستەمکاری وەکوو ڕێژیمی خومەینی- خامنەیی، تێزی ئەمنییەت و مانەوەی خۆی بەوە بەستووەتەوە لە ناوچە و دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بەردەوام قەیران هەبێ تاکوو ئەمان وەکوو حاکمانی تاران، جەزیرەی ئەمنی ناوچەکە بن. هەم خەڵکی نێو سنووری ئێران لە ئاڵۆزیی ناوچە بترسن و بڵێن نامانەوێ ئەو ئاڵۆزییانە بێتە نێو ماڵەکەمانەوە و هەم وڵاتانی ڕۆژاوایی و ئورووپا و ئامریکا لەوە نیگەران بن لە ڕۆژهەڵاتی پڕ ئاڵۆزیدا ئێرانی ئەمن و ئارامگرتوو نەشێوێ و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست یەکسەر نەبێتە دەریای نائارامی! هەر بۆیە تاران بەردەوام دەستی لە قەیران خوڵقاندن لە دەەوروبەردا هەبووە و لە ترسی سەرهەڵدانی خەڵکی نێو ئێرانیش بووبێ، دەیەوێ لە دەرەوی سنوورەکانی دەستی لە تاواندا هەبێ تاکوو خەڵکی نێوخۆ چاوترسێن بێدەنگ بکا.

بڕگەیەکی دیکەی مێژووی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ هەڵدرایەوە و  ئەم وەرزە نوێیە نەزمی نوێش بەدوای خۆیدا دێنێ. لە کاتێکدا کە ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی ئیسراییل و وڵاتانی عەرەبی بەڕێوە دەچوون، ڕێژیمی ئێران بۆ تێکدانی ئەو ڕەوتی ئارامکردنەوە و ئاساییکردنەوە، حەماسی هان دا تاکوو بە قیمەتی تێداچوونی خۆی و غەزە، پێشی ئەو ڕەوتە بگرێ و ناوچە کەوتە شەڕێکی لەناکاوی دیکەوە.

ڕووداوی ٧ی ئۆکتۆبر و ئەو تاوانانەی لە ڕۆژەدا ڕوویان دا، ڕای گشتیی ئیسراییلی بەتەواوی شڵەژاند. بەدوای ئەودا ڕۆژی دواتری حیزبوڵڵا دەستی کرد بە کاتیۆشا و مووشەک پێوەنان کە گوایە پشتیوانیی غەزە و کارەکانی حەماس دەکا! حووسیەکانیش جار جار مووشەک و درۆنێکیان بە ئیسرائیلەوە دەنا و گرووپەکانی سەر بە تارانیش لە عێراقەوە ناوە بە ناوە خۆیان تێکەڵی ئاڵۆزیەکان دەکرد! ڕێژیمی ئیسلامیی تارانیش بەڕاشکاوی باسی لەوە دەکرد کە پشتیوانی ئەو کارانەیە و چەک و پارەشیان پێ دەدا! خەونی ئاڵۆز و ترسناک و کابووسی ئیسراییلیەکان وەڕاست گەڕابوو! شەڕی مان و نەمان دەستی پێ کردبوو.

کۆماری ئیسلامی پێی وابوو بە هێزە دەسکردەکانی دەوری ئیسرائیلی داوە و وردە وردە لە نێو شەڕدا دەیتوێنێتەوە و خۆیشی لە دوورەوە تەنیا بە هەڕەشە و گوڕەشە و ناردنی پارە و چەک ئەمنییەتی خۆی دابین دەکا! ئەفسانەی لەنێوبردنی ئیسرائیل خەریک بوو لای سەرانی ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهی وەراست دەگەڕا!

ئیسراییل لە بەرامبەردا هەنگاو بە هەنگاو دەیویست گرووپە دەسکردەکانی ڕژیم وەلا بنێ و ڕاستەوخۆ ڕووبەرووی ڕژیمی تاران ببێتەوە. جارێکیان سوپای پاسداران لە نومایشێکی تۆڵەسەندنەوەدا سەدان مووشەک و درۆنی بە ئیسرائیلەوە نا و ئیسرائیلیش وەڵامێکی زۆر کورتی دایەوە. بەڵام حیکایەتەکە تازە گەیشتبووە قۆناخی تێکهەڵچوونی ڕاستەوخۆی ڕێژیمی تاران لە کردەوەکانی! بەڵام ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهی لێی تێ نەگەیشتبوو و وایان دەزانی هەر وەک جارانە! ئەم جارە ئیسرائیل ڕاستەوخۆ لە تاران عەمەلیاتی کرد و سەرۆکی حەماسی کوشت، دواتریش سەرۆکی حیزبوڵڵای کوشت و هەندێ لە فەرماندەکانی سوپای پاسدارانیش لەگەڵی! ئیدی شەڕ گەیشتە قۆناخێکی نوێ: ئایا ڕێژیمی تاران خۆی تێوە دەگلێنێ یان خۆی لێ دوور دەگرێ و هێزە دەسکردەکانی بەتەنیا دێڵێتەوە؟

ئێوارەی یەکەم ڕۆژی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤، چەند ڕۆژ پێش لە ساڵوەگەرێ ٧ی ئۆکتۆبر و یەک شەو دوای دەسپێکی هێرشی زەوینیی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان، ڕژیمی تاران ئەمجارە بە فەرمانی شوڕای ئەمنییەتی ڕێژیم و بە قەولی خۆیان بە هاوبەشیی هەموو هێزە چەکدارەکانی وەکوو سوپا و ئەرتەش و وەزارەتی دیفاعیش! ٢٠٠ مووشەکی بالستیکیان بە ئیسرائیلەوە نا و دوای نزیک بە ١٢ دەقە، مووشەکەکانی گەیشتنە ئیسرائیل! ئەمە کرانەوەی درگایەکی نوێی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێران بوو!

ڕێژیمی ئێران هەرچەند ئەمجارەش پێش لە هێرشەکە ئامریکا و ڕووسیەی ئاگادار کردبوو و لەو سۆنگەیەوە ئیسرائیل خەسارەتی زۆری وێ نەکەوت، بەڵام سنوور بەزێندرابوو و مووشەکی بالستیک بە ئیسرائیلەوە نرابوو! تەواوی ناوچە و جیهانیش شایەتی ئەو کارە بوون!

ڕێژیمی خامنەیی دوای ئەو هێرشە مووشەکییە لەباتی بەقەولی خۆیان (بازدارندگی)ی خۆیان دابین کردبێ و ئەمنییەتی ڕێژیمەکەیان چووبێتە سەر، ڕێک بەپێچەوانەوە ئەمنییەتی ڕێژیمەکەیان دابەزیوە و بەشێکی زۆری خەڵکی ئێران سیمای نزیکی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیلیان هاتە بەرچاو و لایەنگرانی ڕێژیم لەباتی هەست بە ئەمنیەت، ترسی لەنێوچوونی ڕێژیمیان لێ نیشت. خامنەیی هاتە نوێژی هەینی تاکوو دڵی لایەنگرانی بداتەوە و بە حیزبوڵڵا  و حەماس و حوسیەکان و گرووپەکانی سەر بە تاران لە عێراق  و سووریە بڵێ کە سەری ئەژدیهای تیرۆر لە تاران، هەر زیندووە و پشتیان دەگرێ، بەڵام ئەویش وەک جاران قسەی بۆ نەدەهات و قڕخەی تێکەوتبوو! مەرگ و نەمانی ڕێژیمەکەی بەچاوی خۆی دەبینی گەر دۆخەکە توندتر بکاتەوە! هەر بۆیە وێڕای هەندێ دروشم هەوڵی دا شتەکان بخاتە خانەی لۆژیک و مەنتقەوە! بەپێی لۆژیک و مەنتقی ویلایەتی فەقیهیش پاراستنی نیزام لە واجبترین واجیبەکانە! بۆیە ئیدی بەڵێنی لەنێوبردنی ئیسرائیلی نەدا!

دوای ئەمە چ دەبێ؟ ناوچەکە بەرەو کوێ دەچێ؟ نەزمی نوێ چۆناوچون دەبێ؟ پرسیارێکی گرنگە کە ڕەنگە وەڵامی بەو ئاسانییە نەدۆزرێتەوە، بەڵام زۆریش درێژە ناکێشێ تاکوو بە چاوی خۆمانە وەڵامەکەی ببینین چوونکە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کوڵان تێپەڕیوە و پرژەی ئاگر بڵاو دەکاتەوە و هەر بۆیە دوێنێ حەسەن نەسروڵڵا دەیگوت پێکەنینی ئیسرائیل دەکەین بە گریان، ئەمڕۆ خۆی تێدا چووە و حیزبووڵاش کەوتۆتە گیانەڵڵا! ڕەوتی ڕووداوەکان لەسەر ئەوەی کە ئێمە بگەینە وەڵامی هەرە دروست ڕاناوەستێ!

ئەوەی دیار و ڕوونە، ئیسرائیل لەم بڕگەیەدا وەڵامێکی هێرشە مووشەکیەکەی تاران دەداتەوە، جا وەڵامێکی سنووردار بێ یان هەرچی، بەڵام وەڵامێک دەبێ کە جیهان دەرکەوتە و ئاگرەکەی ببینن! دوای ئەوە تەواوی فۆکۆسی ئیسرائیل لەسەر لوبنانە و ڕەنگە عێراقچیی وەزیری دەرەوەش چووبێتە لوبنان تاکوو بەشکوو لەگەڵ فەرانسە و ئامریکا ساتوسەودایەک بکات و بە ئاگربەسێک حیزبوڵڵا لە فەوتان بپارێزێ، بەڵام ئیسرائیل ئەمنییەتی درێژماوەی باکووری دەوێ و ئەوە تەنیا بە چەکداماڵینی حیزبووڵا دەکرێ!

پرسێکی گرنگ لەم بەینەدا ئەوە نییە کە ئایا کۆماری ئیسلامی بە ساتوسەودا و هێرشی نومایشیی هەماهەنگ‌کراو، خۆی دەپەڕێنێتەوە یان نا، پرسی گرنگ ئەوەیە بە ١٢ دەقە مووشەکی بالستیکی سوپای پاسداران گەیشتە نێو خاکی ئیسرائیل! جا گەر هێرشەکە وای دابنێی هەماهەنگ‌کراو نەبێ و لەباتی سەری جەنگی، کڵاوەی ناوکیی پێوە بێ، ئاکامی هێرشی مووشەکیی لەوبابەتە بۆ ئیسرائیل چ دەبێ؟ خۆ گومبەزی ئاسنین و قەڵماسکی داوود کە سیستمی پاراستنی ئیسرائیل لە هێرشی مووشەکین، گەر مووشەکی بالستیکیی بە کڵاوەی ناوکی لە ئاسمانی تێلاویڤ دەر بکەوێ، ناتوانن لێی بدەن چوونکە ئەو کات بە ئاسمانەوە بۆمبی ناوکی تەقێندراوەتەوە بەسەریاندا و تیشكی ڕادیۆئەکتیڤ ناوچەیەکی زۆرتر لەنێو دەبا! ئەو مەترسییە چی لێ دەکەن؟ وێدەچێ وەڵامی پرسیارەکەمان لە نێو دڵی ئەم تەسویرەدا حەشار دراوە.