کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسێدارەدرانی ٧٨١ کەس لە کوردستان لە ماوەی ١٣ ساڵدا

11:06 - 21 رەزبەر 2724

هاوکات لەگەڵ ١٠ی ئۆکتۆبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدان، ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا بە بڵاوکردنەوەی ئامارێک، باسی لە ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران و کوردستان، لە ماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا کردووە.

بەپێی ئەم ئامارە، ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ١٣ ساڵدا، بەگشتی ٦ هەزار و ٧٥٦ کەسی لە ئێراندا لە سێدارە داون کە لەم ڕێژەیە، ٧٨١ کەسیان کوردن.

بەپێی ئامارەکە، تاوانەکانی پێوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر بە ٤٨ لەسەد، کوشتنی بەئەنقەست بە زیاتر لە ٣٣ لەسەد و دەستدرێژی ڕەگەزی بە ٤ لەسەد، زیاترین ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە ١٣ ساڵی ڕابردوویان لەخۆ گرتووە.

لەم ١٣ ساڵەدا، ٢٨٧ کەس لە بەرچاوی خەڵکەوە و لە شوێنە گشتییەکاندا لە سێدارە دراون.

لەم ئامارەدا ئاماژە بەوە کراوە کە کە جگە لە ساڵەکانی ٢٠١٢ و ٢٠١٦، بەگشتی ٤٤ منداڵ لە سێدارە دراون و ئەم ڕێژەیە بۆ ژنان لە ١٣ ساڵی ڕابردوودا، ١٨٣ کەس بووە.

بەپێی ئاماری تۆمارکراوی کوردپا، ١٩٥ بەندکراوی سیاسی، عەقیدەتی و بەندکراوانی تۆمەتبار بە تاوانی ئەمنیەتی لە سێدارە دراون.

لەم ڕێژەیە و لە نێوان ٨٠ بەندکراوی سیاسیدا، ٣٥ کەسیان کورد و ١٩ کەسیان بەلووچ بوون.

کوردپا ڕایگەیاندووە کە ئەم ئامارە تەنیا تایبەت بەو حاڵەتانەیە کە لەلایەن ناوەندی ئاماری ئەم ڕێکخراوە، پشتڕاست کراونەتەوە و ڕەنگە ئاماری ڕاستەقینە لەمەش زیاتر بێت.