کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یوونیسێف: لە هەر ٨ کچ لە جیهاندا یەکێکیان پێش تەمەنی ١٨ ساڵی ئازاری ڕەگەزی دراوە

11:31 - 21 رەزبەر 2724

هاوکات لەگەڵ ڕۆژی  ١١ی ئۆکتۆبر کە وەکوو ڕۆژی جیهانیی کچان ناودێر کراوە، یوونیسێف  لە ڕاگەیەندراوێکدا بە بۆنەی ئەم ڕۆژەوە، ڕایگەیاند لە هەر ٨ کچ لە جیهاندا، یەکێکیان پێش ئەوەی بگاتە تەمەنی ١٨ ساڵ دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەر یان ئازاری ڕەگەزی دراوە.

یوونیسێف لە ڕاگەیەندراوەکەیدا نووسیویەتی لە ماوەی ١٢ ساڵدا ٣٧٠ میلیۆن کچ لە خوار تەمەنی یاساییەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی سێکسی بوونەتەوە.

هەر بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بە ئازاردانی زارەکی یان ئۆنلاینیشەوە ئەم ژمارەیە دەگاتە ٦٥٠ میلیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا.

ئەو ئامارانەی کە لەم ڕاپۆرتەدا خراونەتە ڕوو، بە پێی ڕاپرسییەکانی نوێنەرانی یوونیسێف لە ١٢٠ وڵاتی جیهان لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠٢٢ کۆ کراونەتەوە.

بەپێی ئامارەکانی یوونیسێف، توندوتیژی سێکسی دژی منداڵان بەربڵاوە و لە هەموو سنوور و کولتوورە جوغرافییەکان ڕوو دەدات.

سندووقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە کچان و ژنان زیاتر کاریگەری توندوتیژییان لەسەرە، بەڵام کوڕان و پیاوانیش دەبنە قوربانیی دەستدرێژی سێکسی.

بەپێی ئامارەکانی یوونیسێف، نزیکەی ٢٤٠ بۆ ٣١٠ ملیۆن کوڕ و پیاو لە جیهاندا لە منداڵیدا تووشی دەستدرێژی یان ئازاردان بوون.

لە ئێرانیشدا کۆماری ئیسلامی ئاماری تایبەت سەبارەت بە دەستدرێژی و ئازاردانی سێکسی بڵاو ناکاتەوە. بەڵام لە بەهار و هاوینی ئەمساڵدا لانیکەم ١٠ هەزار منداڵ لە نێوان تەمەنی ١٠ بۆ ١٤ ساڵیدا لە ئێراندا هاوسەرگیریان کردووە و ئەمە خۆی کارەساتە.

سابر جەباری، سەرۆکی ناوەندی جەوانیی کۆمەڵگا و وەزارەتی تەندروستی، ڕۆژی ١٧ی ڕەزبەر ڕایگەیاند، سنووردارکردنی دووگیانی لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵەوە هەڵوەشاوەتەوە و ئاساییە لە خوار ئەو تەمەنەشەوە دووگیان بن، ئەم بڕیارە لە جێگای خۆیدا پێشێلکاری و توندوتیژی بۆ سەر مافی منداڵان هەژمار دەکرێت

ڕۆژی ١١ی ئۆکتۆبر لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەکوو ڕۆژی جیهانیی کچ ناودێر کراوە و ئامانج لە دیاریکردنی ئەم ڕۆژە، هەوڵی گشتگیر بۆ ئاگایی بەخشین بە کچانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ سەبارەت بە نایەکسانی ڕەگەزی و هەروەها ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ کچانە.